Status             Fa   Ar   Tu   Ku   En   De   Sv   It   Fr   Sp  

ئایندەی چالاکیمان لە کوردستان


حزبی ئێمە پێویستی بە پێداچونەوەیەکی بنەڕەتی هەیە بە چالاکییەکانماندا لە کوردستان. نەک هەر بەو مانایەی کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق گۆڕانی حەتمی لە دۆخی ڕێکخراوە ئاشکراکان و ئۆردوگا سەربازییەکانماندا ڕوودەدات، بەڵکو لە بنەڕەتدا لەبەر ئەوەی بزووتنەوەکەمان جێبەجێکردنی ئەو ئاڕاستانەیە کە لە کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵەوە لە بەرنامەی کارماندا بووە و لە کۆنگرەی شەشەمیشدا وردبینی بۆکراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە جێگەی ڕەزامەندی نەبووە. کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق وەرچەرخانێکی گەورەیە لە هەلومەرجی چالاکییەکانماندا. بەڵام بزووتنەوەکەمان نەک لەو هەلومەرجەدا ، بەڵکو لەسەر چاوەڕوانییەکانمانە لە چالاکییەکانی حیزب لە قۆناغی داهاتوو و ئەو ئامانجانەی لە کوردستاندا پەیڕەوی لێدەکەین. لە ڕاستیدا ئەوە ڕێبازی ئێمە بۆ دۆخی ئێستا دیاری دەکات، ئەوە ئەو بیرۆکەیە کە ئێمە، هەریەکەمان، لەبارەی ڕۆڵ و ئەرک و دیدگاکەمانەوە هەمانە. بۆ ئەم مەبەستە پێش ئەوەی بچمە ناو باسی بارودۆخی تایبەتی ئێستا و پلانی چالاکییەکان بۆ قۆناغی داهاتووی کۆمەڵە، پێویستە وێناکردنی خۆم لەو شتەی کە کۆمەڵەیەو ئەو ئاسۆیەک کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە بەدەستەوە بدەم.

ڕاستییە حاشا هەڵنەگرەکان

لە کۆنگرەی دووهەمی حیزب و لە کۆنگرەی پێنجەم و شەشەمی تەشکیلاتی کوردستانی حیزبدا، چەندین جار ئاماژەمان بەو دۆخە لەبارە کردووە کە بۆ کۆمۆنیزم و کۆمەڵە لە کوردستان هاتۆتە ئاراوە. ڕەنگە بۆ هەندێک کەس ئەمە لە هاندان و بردنە سەری ڕۆحیەتی ڕێکخراوەیی زیاتر نەبووبێت. بەڵام من پێم وایە بینینی ئەم ڕاستیە سیاسی و چینایەتیانە مەرجێکی پێویستە بۆ ڕابەرایەتییەکی پرەنسیپی و بڕیاردانی شۆڕشگێڕانە و واقیع بینانەیە. ئەم ڕاستیانە کامانەن؟

١- گەشەی پەیوەندی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە کوردستان، فراوانبوونی شارنشینی، لەناوچونی پاشماوەی پەیوەندی و کولتووری پێش سەرمایەداری و دواکەوتوانە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا حاشا هەڵنەگرە. چینی مووچەخۆران بە خێرایی لە ڕووی چەندایەتییەوە فراوانتر بووە.

٢-جەمسەرگیری سیاسی قوڵتر بووەتەوە لەسەر بنەمای جیاوازی چینایەتی نێوان کرێکار و سەرمایەدار. بزووتنەوەی گشتی- گەلی دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی زۆر بە خێرایی بۆ دوو جەمسەری بۆرژوازی و ڕاست کە حیزبی دێموکرات نوێنەرایەتی دەکات و سۆسیالیزم و ڕادیکالیزم کە کۆمەڵە و تەنیا کۆمەڵە نوێنەرایەتی دەکات. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە، یەکەم: تا ئەو ڕادەیەی کە کۆمەڵە بە شەفافیەتێکی زیاترەوە جەختی لەسەر سروشتی کۆمۆنیستی و ئامانجەکانی خۆی کردووەتەوە و تا ئەو ڕادەیەی کە خۆی بەحزبی کرێکاران ناوبردووە، دەسەڵات و کاریگەرییەکەی زیاتر بووە. دووەم: لە ململانێی نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا کە بە ناچاری بووەتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندوتیژانە، ڕەوتی بۆرژوازی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و کۆمەڵەیش کاریگەری و دەسەڵاتی سیاسی خۆی زیاتر کردووە. کۆمۆنیزم لە کوردستاندا بووەتە هێزێکی کۆمەڵایەتی بەهێز و جەمسەرێکی متمانەپێکراو لە ململانێی دەسەڵاتی سیاسیدا. ڕەوتە بۆرژوازییە تەقلیدییەکان لە کوردستاندا جێگای پێشوویان لە گۆڕەپانی سیاسیدا لە بەرژەوەندی کۆمۆنیزمی گەشەسەندوودا لەدەستداوە. لە لایەکی دیکەوە کرێکاران هەنگاویان ناوە بۆ قۆناغی ناڕەزایەتی سیاسی. ناسنامەی چینایەتی بەرامبەر بە شوناسی نەتەوەیی بەهێزتر بووە، پرسی ئۆتۆنۆمی بووەتە بەشێک لە ناڕەزایەتییەکی فراوانتر لە دەوری داواکارییە ئابوورییە چینایەتییەکان و دیموکراسی سیاسی فراوان.

٣- ئەم دۆخە نە بەڕێکەوتە و نە تایبەتە بە کوردستان. لەبەین چوونی بزووتنەوە تەقلیدییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی کرێکاری و کومەڵە، بەشێکە لە ڕەوتێکی نێودەوڵەتی کە ڕەگ و ڕیشەی لە گەشەسەندنی سەرمایەداری لە دەیەکانی ڕابردوودا هەیە. کرێکار سەرچاوەی ماددی هەر جۆرە ڕادیکالیزمێکە لە قۆناغی هاوچەرخدا و هەر ڕەوتێک کە بتوانێت تەنانەت ئەگەر وەک ئێمە بەشێوەیەکی بەشەکی و ناتەواو خۆی بخاتە پێگەی نوێنەرایەتی سیاسی ئەم چینە، دەستی باڵای دەبێت بەرامبەر بە نەریتی هێزە سیاسییەکان. بۆیە پرۆسەی لاوازکردنی ڕەوتی تەقلیدی، پرۆسەیەکە ڕەگ و ڕیشەی قووڵ و بەردەوامە. (ئاماژە بە ڕاپۆرتی گشتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی سێهەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران). بەڵام داهاتوو هی ڕادیکالیزم و سۆسیالیزم نییە بە گشتی ، بەڵکو هی ئەو ڕەوتانەیە کە دەتوانن ببنە حزبی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و بەردەوامی ناڕەزایەتی چینایەتی کرێکاران، چ لە سیاسەت و چ لە بواری ئابووریدا، چ لە کایەی ئایدۆلۆژیا و کولتووردا. ئەو پارتانەی کە ڕێکخراوەکانی ناڕەزایەتی کرێکاری و ڕێکخراوە کرێکارییە ناڕەزایەتییەکان بەرجەستە دەکەن.

٤- لە کوردستاندا باشترین هەلومەرج بۆ پێشکەوتنی خێرای ئەم کۆمۆنیزمی کرێکارییە ڕەخساوە. کۆمەڵە گۆڕاوە بۆ حزبێکی خۆرسکی کرێکاری کورد. بۆرژوازی خۆی هەموو ناڕەزایەتییەکی کرێکاری و هەموو کرێکارێکی ناڕازی بۆ کۆمەڵە و کۆمۆنیزم دەگەڕێنێتەوە. بەپێچەوانەی بارودۆخی ئێمە لەسەر ئاستی سەراسەریدا، ئێستا کرێکارانی کورد لە ئاستی بەرفراواندا چاویان لە کۆمەڵەیە وەک حیزبی ڕێبەری خۆیان. پەیوەندی ڕێکخراوەیی و کردەیی ئەم کرێکارانە لەگەڵ کۆمەڵە زۆر لاوازە. بەڵام ناتوانرێت پەیوەندیی هۆشیارانەیان بەو پرۆسەیە و ئەوەی کە غول بوون بەشێکە لە شوناسی خۆبەخۆی کرێکاری ناڕازیی کورد نکۆڵی لێ بکرێت. جگە لەوەش ئەم کاریگەرییە هاوواتای کاریگەری کۆمۆنیزمە بە گشتی. کۆمەڵە ئەندامی ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی و مارکسییە کە لەلایەن کرێکارانەوە پشتیوانی دەکرێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە بەربەستە ئایدۆلۆژی و کولتوورییەکانی شۆڕشی کرێکاری شکێنراون و لە قۆناغەکانی داهاتووی خەباتی چینایەتی و شۆڕشگێڕانەدا، لە کۆمەڵگەدا توانای زۆر هەیە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوشوێنی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵدا. کاریگەری کۆمۆنیزم و کۆمەڵە لە کوردستاندا بە سازانێکی تاکتیکی لەگەڵ چین و توێژە خاوەنکارەکان و نە بە داشکاندنی ئایدیاڵە کرێکارییەکان، بەڵکو بەتەواوەتی بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک بەرامبەر بە تەواوی هەبوونی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی بۆرژوازی بەدیهاتووە. ئەمە بەردی بناغەی پێشکەوتنە گەورەکانی داهاتووە.

٥-


ئەم نووسینە بێ واژۆ و بێ بەروارە و بە ڕواڵەت ناتەواوە. چاوپێکەوتنی گشتی مەنسوور حیکمەت سەبارەت بەم بابەتە لە کۆمۆنیست ٥٩دا بڵاوکراوەتەوە.
- وەرگیڕانی کاوە عومەر


Kurdish translation: Kawa Omer
hekmat.public-archive.net #4053ku.html