Status             Fa   Ar   Tu   Ku   En   De   Sv   It   Fr   Sp  

وتووێژ بە بۆنەی دەهەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران
(بەشی یەکەم)

ئێمە ئەمڕۆ لە ئێراندا بووینەتە ئاڵاهەڵگری کۆمۆنیزم


فاتح بەهرامی: ٣٠ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ دەیەمین ساڵیادی پێکهێنانی حیزبە. دە ساڵ لەمەوبەر، لە دۆخێکدا کە کاتێکی زۆر بەسەر داڕمانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا تێنەپەڕیبوو و هێرشی تیۆری و سیاسیی سەرمایەداری جیهانی بۆ سەر بیری سۆسیالیستی و ئایدیاڵە مرۆییە ئازادیخوازەکان خەریکی داڕشتنەوەی شێوەی سیاسی جیهان بوو، لە کاتی ناکۆکییە ناوخۆییەکان لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و لە کاتی شەڕی کەنداودا ڕاتگەیاند کە لەو حیزبە جیا دەبیتەوە و حیزبێکی تر دروست دەکەیت، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران بەرهەمی ئەم بڕیارە بوو. ئەمڕۆ دوای دە ساڵ هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەم بڕیارە و هەڵوێستی حیزب چییە؟

مه‌نسوور حكمه‌ت: ده‌بێت له‌ ئێستادا دروستی ئه‌م بڕیاره‌ بۆ هه‌مووان ئاشكرا بێت. ڕاگەیاندنی جیابوونەوەم لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و پاشان پەیوەست بوونی زۆرینەی ڕابەرایەتی و کادر و چالاکوانەکانی بۆ حیزبی نوێ، وەک لە کاتی جیابوونەوەدا گوتم،بەبۆچونی من پاڵاوتنێکی ئەرێنی بوو. دروست کردنی حیزبی نوێ ڕێگایەکی سیاسی پرەنسیپی و واقیعی بوو بۆ پاککردنەوەی حیزبی کۆن. ئێمە لەبری ئەوەی ڕێکخراوەکان پاک بکەینەوە، خەڵکی هاوبیرمان کە زۆرینەی ئەو ڕێکخراوە بوون، بردە حیزبی نوێ. لەو ڕۆژانەدا هەندێک کەس ڕەخنەیان لێ دەگرتین دەیانوت ئێوە کە زۆرینەتان لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا هەیە، بۆچی لە هەمان حیزبدا سیاسەتی خۆتان پەیڕەو ناکەن. شیکاریی ئێمە ئەوە بوو کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هاوپەیمانییەک لە بزووتنەوە و مەیلە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانە، کە کۆمۆنیزمی کرێکاری تەنیا یەکێکە لەوانە. ناکرێ ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بە بڕیاری ڕێکخراوەیی و "بەڕێوەبردنی دروست" ناچار بکرێن سیاسەتگەلێک جێبەجێ بکەن کە دژی بەرژەوەندییەکانیانە. کاتێک جەمسەری سەرمایەداری لە یەکێتی سۆڤیەت دەستی بە داڕمان کرد، مارکسیزم لە ئاستی جیهانیدا کەوتە ژێر فشار و کاریگەری و ئیعتیباری خۆی لە نێو ناڕازیەکان و بزووتنەوە سیاسییە جۆراوجۆرەکاندا لەدەست دا. "سەردەمی بەسەرچوو". هاوکات لەگەڵ ئەم دیاردە جیهانییە مەیلە نامارکسیستەکانی ناو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوون بە پاسیڤ و بوون بە قورسایی لەسەر پێی حیزب. كاتێك ناسیۆنالیسته‌ كورده‌كان له‌ كاتی شه‌ڕی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عێراق "حكومه‌ت"یان له‌ سلێمانی و هه‌ولێر پێكهێنا، ناسیۆنالیزمی كوردی ناو حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش بیری له‌ "شۆڕشی دژی كۆمۆنیزم" له‌ حزبی کۆمۆنیستی ئێراندا كرده‌وه‌. بۆ ئێمە مانەوە لەو حیزبەدا و ڕاگرتنی هاوسەنگی و ئیدارەدانی نێوان ئەم مەیلانە، کە پێشتر گەیشتبونە خاڵی کۆتایی مێژووی خۆیان، کارێکی بێهودە بوو. ئێمە حیزبێکی کۆمۆنیستی کرێکاریمان دەویست کە لەو هەلومەرجە توند و دژە کۆمۆنیستیانەدا زیاتر ئاڵای کۆمۆنیزم بەرز بکاتەوە و بە شەوق و ئارەزوو حەماسەوە هەنگاو بنێتە ناو ڕووبەڕووبوونەوە نوێیەکانی دژی کۆمۆنیزمەوە. ئه‌مه‌ له‌و حیزبه‌ هاوپه‌یمانانه‌دا نه‌ده‌کرا. دەبوو جیابوونەوە ڕووبدات. شێوازی ئێمە پاڵاوتەکردنێکی ئەرێنی بوو. هێزەکانمان دەرهێنا و پارتێکی سیاسی نوێمان بە بەرنامەیەکی کۆمۆنیستی دیاریکراو دروستکرد بەبێ ئەوەی لایەنگرانی بانکی نێودەوڵەتی و فوکویاما و تاڵەبانی بێزار بکەین. وەبیرتان دەهێنمەوە کە زۆر بەڵگەنامە و بابەتی تایبەت بە جیابوونەوەی ئێمە دە ساڵ لەمەوبەر و پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوکراونەتەوە و پێشنیار دەکەم بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە ئارەزووی مێژووی کۆمۆنیزم لە ئێران دەکەن بیخوێننەوە.

ئێستا ڕێگایەکی دە ساڵە تێپەڕیوە. ئێستا هەمووان دەتوانن بزانن ئێمە و مەیلەکانی دیکەی ئەو حیزبە کۆنە چەندە جیاواز رۆیشتوون. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێستا خاوەنی دید و میتۆد و پێوەر و بنەمایەکی سیاسی و پراکتیکییە، کە لەسەر بنەمای گێڕانەوەیەکی جیاواز لە کۆمۆنیزم دامەزراوە. ئەو گێڕانەوەیەی کە لە شۆڕشی ١٩٧٩ و تەواوی مێژووی ژیانی سیاسی زۆرێک لە ئێمە لەم دوو دەیەیەدا خستوومانەتە پێشەوە، هەوڵێک بووە بۆ گۆڕینی ئەم مارکسیزمە بۆ هێزێکی سیاسی بەهێز و باوەڕپێکراو. لەم دە ساڵەدا وێنەی فکری و سیاسی و پراکتیکی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری زۆر پاڵاوتە بووە. لایەنگران و نەیارانی ئێمە دەتوانن بە ڕوونی پێگەی سیاسیمان لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا دیاری بکەن. ئێمە بووینەتە ئاڵاهەڵگری کۆمۆنیزم و بەدیلی کۆمۆنیستی لە ئێرانی ئەمڕۆدا. خەڵکی ئێران کۆمۆنیزم بە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییەوە دەبەستنەوە.

هەنگاوێکی گرینگ لەو ڕێگایەدا کە هەڵمانگرتووە، ئەو گفتوگۆیانە بووە کە تایبەتن بە "حزب ودەسەڵاتی سیاسی" و "حیزبی و کۆمەڵگا". چه‌په‌ کرێکار دۆستەکانی ئێران بەشێوەیەکی نەریتی، حیزبی کۆمۆنیستیان به‌ حیزبێک پێناسه‌ کردووه‌ که‌ بۆ کرێکاران و به‌رگری له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کرێکاران بنیات نراوه‌. لەم چەپە نەریتییەدا، بەزۆری کرێکاریزم پەیوەستە بە خۆشەویستی و بەسەرکردنەوەی گروپی لەگەڵ کرێکاران. بەڵام لە کۆمۆنیزمی ئێمەدا حیزبی کۆمۆنیستی حیزبێکە چینی کرێکار بۆ رزگارکردنی کۆمەڵگا ئامادە دەکات. حیزبێک کە دەیەوێت نوێنەرایەتی چینی کرێکار و چارەسەری چینی کرێکار بۆ مرۆڤایەتی بکات لە خەباتی دەسەڵاتی سیاسیدا، کە کلیلی گەیشتن بە بناغەی ئابووری کۆمەڵگایە. ململانێی سەرەکی لەسەر دەسەڵات و چارەنووسی کۆمەڵگایە، و حیزبێکە کە لە گۆڕەپانی ململانێی دەسەڵات و یەکڕیزی کۆمەڵایەتی لەبەردەم حیزبەکانی بزووتنەوە چینایەتییەکان ئامادە نەبێت، تەنانەت ئەگەر پێی وا نەبێت کە دەبێ وابێت ئێستا، نە کرێکارە و نە کۆمۆنیست. تێگەیشتن لەم ڕاستییە سەرەتاییە مارکسیستییە و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەو ئایدیا چەپە نەریتیانەی کە لە مێژووی هاوچەرخدا مریشکی شایی وشیوەن بوون لە پەراوێزدا بن و ئێستا شانازییان پێوە دەکەن، گەشەیەکی گرنگی لە کاری حیزبەکەماندا خوڵقاندووە. لاوازی زۆرمان هەیە و هەلێکی زۆر لەدەست دەدەین. بەڵام ئێستا ئێمە کێشەیەکی دیکەی بنەڕەتیمان چارەسەر کردووە و ئەویش تێگەیشتنە لە زەروورەتی ئیدیعاکردنی دەسەڵاتدارێتی حیزبی کۆمۆنیستە. تێگەیشتن لە پێویستی ئامادەیی کۆمەڵایەتی. ئێمە بەم تێڕوانینە بۆ ئەرک و پێگەی خۆمان لانیکەم لەسەر هێڵی ڕاستین بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی خەباتی کۆمۆنیستی.

بەردەوامە

لە هەفتەنامەی ئینتەرناسیۆناڵی - ژمارە ٨٢
٩ی ئازەری ١٣٨٠ - ٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٠١


وەگێڕانی بۆ کوردی:کاوي عومەر


Kurdish translation: Kawa Omer
hekmat.public-archive.net #1860ku.html