Status             Fa   Ar   Tu   Ku   En   De   Sv   It   Fr   Sp  

دیموکراسی: لێکدانه‌وه‌کان و واقیعه‌ت

چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئینته‌رناسیۆناڵ


ئینته‌رناسیۆناڵ: بە کۆتاییهاتنى جەنگى سارد و هەرەسهێنانى بلۆکى ڕۆژهەڵات، لە هەموو شوێنێک باس باسى سەرکەوتنى دیموکراسییە. دەڵێن بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا دیموکراسى لە ١٧٠ وڵاتدا بەرقەرار بووە. تێکڕووخانى یەک لەدواى یەکى دیکتاتۆرییە سه‌ربازییەکان لە وڵاتانى ئه‌مه‌ریکاى لاتین لەم چەند ساڵەى دواییدا، هاتنەسەرکارى هەندێ دەوڵەتى تازە لە ئەنجامى هەڵبژاردنى گشتى لە هەندێ لە وڵاتانى ئه‌ورووپاى ڕۆژهەڵاتدا، وە یان لەم دوایییە لە ئەفریقادا، دەکەنە بەڵگەى ئەم مەسەلەیە. ئێوە ئەم ڕووداوە چۆن لێک دەدەنەوە؟ ئایا ئەوەى ڕووى داوە بە ڕاستى کۆتاییهاتنى دیکتاتۆرییە سه‌ربازییەکان و حوکوومه‌تە سەرکوتگەر و تۆتالیتارەکانە؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: وا پێ دەچێ باسى سەرکەوتنى دیموکراسى لەم دوایییەدا خامۆش بووبێتەوه‌. لە دوو سێ ساڵى ڕابردوودا و لە گەرمەى ئەم باسەدا لێکدانەوەى خۆم خستە ڕوو. سەردەمى هەرەسهێنانى دیکتاتۆرییەکان (هەر ئەو کاتەش ده‌سته‌واژه‌یه‌کى خۆشباوەڕانە بوو کە بووبوە وێردى سەر زمانى سیاسەتمەداره‌ لیبراڵى و ڕۆشنبیرە ناڕازییەکانى وڵاتانى دواکەوتوو و بلۆکى ڕۆژهەڵات. ئەمە نیشانەى شادمانى ئەوان بوو لەوەى کە بە بۆنەى سەرکەوتنى بلۆکى ڕۆژئاوا بەسەر بلۆکى ڕۆژهەڵاتدا پاداشتێک وەردەگرن. زۆر زوو ئاشکرا بوو کە شتى لەم بابەتە لە ئارادا نییە. ئەگەر لە بیرتان بێت بۆ نموونە کۆماریخوازە ئێرانییەکان، تەنانەت خۆیان ئامادە کردبوو کە بەرەو تاران بڕۆن و جەژنى دەستپێکردنى ئەم سەردەمە لە هاوشانى پرێزیدێنت ڕەفسەنجانیدا بگێڕن. ئەمڕۆ خەریکن زەرەر و زیانیان دەژمێرن. بە هەر حاڵ بەم ده‌سته‌واژه‌یە ئەم توێژە کۆمەڵایەتییە و بە دواى ئەوانیشدا بەشێک لە خەڵکى بێبەش چ لە ڕۆژئاوا و چ لە ڕۆژهەڵات و چ وەک پێى دەڵێن لە باشووردا، کەوتنە دواى ئەڵتەرناتیڤەکانی ڕاستڕەوی نوێ و چاویان بڕییە ئاسۆى سیسته‌می نوێى جیهانى ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژئاوا. ئەم خۆشباوەڕییانە ئەمڕۆ زۆر لاواز بووە. ئاشکرابوو کە کۆتاییهاتنى جەنگى سارد بە ماناى پەرەسەندنى ئازادى و مافە مرۆیییەکان، وە یان ئاشتى و خۆشى کۆمەڵایەتى نییە. بە پێچەوانەوە هەموو دنیا باس لە ڕووداوە دڵتەزێنەکانى ئەم سێ ساڵەى دوایى و نائارامى سیاسى وکۆمەڵایەتى لە ئاستى دنیادا دەکات.

ئەوە ڕاستە کە ژمارەیەک لە ڕژێمە سه‌ربازییەکان، بە شێوەیەکى گشتى لە ئه‌مه‌ریکاى لاتین لەناوچوون و لە جێگەیاندا دەوڵەتى مەدەنى دامەزراوە. بەڵام ئەمە خۆى لە خۆیدا هێشتا شتێکى ئەوتۆ سەبارەت بە تووندوتیژى یان سستى سەرکوت و سته‌م لەم وڵاتانەدا دەرناخات. ڕژێمە سه‌ربازییەکان تەنها شێوە، یان تەنانەت باوترین شێوەى سەرکوتى سیاسى نەبوون. لە زۆربەى حاڵەتەکاندا جێگرتنەوەى حوکوومه‌تە سه‌ربازییەکان بە حوکوومه‌تە ناسه‌ربازییەکان ئاڵوگۆڕێکى بەرچاوى لە هەڵسوکەوتى دەوڵەت و تەنانەت لە پەیکەرى دەوڵەتدا پێک نەهێناوە. تا ئەو شوێنەى کە دەگەڕێتەوه‌ بۆ تۆتالیتاریزم، واتە چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنى هەموو جم و جووڵە سیاسى و ڕۆشنبیرییەکان لە لایەن دەزگا دەوڵەتییەکانەوە. بە سەرهەڵدانى حوکوومه‌تە ئیسلامییەکان و هەروەها بە پەرەسەندنى دەسەڵاتى فه‌رمیی کڵێساکان لە وڵاتە جیاجیاکاندا، ئەم لایەنە تەنانەت لە هەندێ لە ڕژێمەکاندا بە هێز بووە. ئەوەى کە لە هەندێ لە وڵاتە هەژارەکاندا حوکوومه‌تە ناسه‌ربازییەکان جێگاى حوکوومه‌تە سه‌ربازییەکانی گرتۆته‌وه‌، پێش ئەوەى لە ئەنجامى هێرشى ئازادیخوازیدا بێ، لە ئەنجامى کۆمەڵێک فاکتەرى ئابوورى بوو لەم وڵاتانەدا و هەروەها لە ئەنجامى بەرەو لەناوچوونی کارکردنى کۆمەڵایەتى ڕژێمە سه‌ربازییەکان بووە لەم وڵاتانەدا. گیروگرفتى لەمێژینەى ئەم وڵاتانە بە شێوەیەکى سەرەکى، گەشەى ئابوورییە. لایەنى ئیجابى ڕژێمە سه‌ربازییەکان بۆ بۆرژوازى ئەم وڵاتانە بڕیار بوو، بریتى بێت لەمانە، لە نێوبردنى پەرشوبڵاوى سیاسی لە ناوخۆی چینى دەسەڵاتداردا، بەرقەرارکردنى سته‌م و سەرکوتى توندوتیژى چینى کرێکار و سەرەنجام پێکهێنانى زەمینەى سیاسی و کۆمەڵایەتى بۆ زیادکردنى سوودى سەرمایە و تێکڕاى گەشەى ئابووری. ئەمڕۆ بە شێوەیەکى گشتى ستراتیژییەکانى گەشەى ئابوورى لەم وڵاتانەدا بە بنبەست گەیشتووە. ئێستا لە هەموو لایەک چاویان بڕیوەتە میکانیزمى بازاڕ و بێگومان ئازادیى کاری سەرمایەى تایبەتى. حوکوومه‌تى سه‌ربازى بووەتە مایەى ناڕەزایەتیى گشتى و نائارامى سیاسی، بێ ئەوەى بتوانێ بۆ ماوەیەکى کەمیش بێت ئیتر هیچ دەردێکى بۆرژوازى ئەم وڵاتانە دەرمان بکات. بە هەر حاڵ دیموکراسى، بەو مانایەى کە دەڵێن ئەمڕۆ سەرکەوتووە، دژایەتى لەگەڵ تێزى زوڵم و سەرکوت نییە، به‌ڵکوو تەنها بە ماناى بوونى جۆرێک لە ئەنجوومەنى سەرتاسەرى نوێنەرانە لەسەر بنچینەى هەڵبژاردنێکى گشتى (مەرجیش نییە هەڵبژاردنێکى ئازاد بێت). ئەمە بێگومان لە حوکوومه‌تى ئاشکراى سوپا و پۆلیس باشترە، چونکە بانگه‌شه‌ی بۆرژوازى بە ئازادبوونى کۆمەڵ چ لەڕووى سیاسی و چ لەڕووى فیکرییەوە تا ڕادەیەک ئازادى بۆ چینى کرێکار و توێژە ستەمدیدەکان و لایەنگرانى ئازادى فەراهەم دەکات. بەڵام ئەمە تا ئەو ڕادەیە نییە کە شایانى سەما و هەڵپەڕکێ بێت. تایبەتمەندییە سەرەکییەکانى حوکوومه‌تە بۆرژوازیییەکان لە وڵاتانى ئاسیا، ئەفریقیا و ئه‌مه‌ریکاى لاتیندا کە کۆڵەکە سەرەکییەکانى بریتییە لە قەدەغەکردن، وە یان تەنگەبەرکردنى جیددیى بزووتنەوە و ڕێکخراوە کرێکارى و سۆسیالیستییەکان، تەنگەبەرکردنى ئازادیى ڕادەربڕین، هه‌ڵسووڕانى سیاسی، ڕێکخرابوون و ناڕەزایەتیى دەربڕین، بوونى دەزگا سه‌ربازى و پۆلیسییە دەسەڵاتدار و سەرکوتگەر و سەروو قانوونییەکان، بوونى وەزارەتێکى دادى گوێ لە مشتى دەوڵەت، زامننەبوونى مافە سیاسی و مەدەنییەکان بۆ هاوڵاتیان، ئاساییبوونى ئەشکەنجە، بوونى حوکمى ئیعدام، وە لە یەک قسەدا بێمافى و ده‌ست به‌ستراویی هاوڵاتى لە بەرامبەر دەسەڵاتى دەوڵەتیدا، لە بنچینه‌دا لە جێگاى خۆى ماوەتەوە. دەتوانین هەر لە ئۆقیانووس و ئاسیای باشووری ڕۆژهەڵاتەوە تا باکوورى ئەفریقا و ئه‌مه‌ریکاى باشوور، یەکیەک وڵاتەکان بژمێرین و حوکم بدەین.

ڕاستییەکەى من ئامادەم ئەوە قه‌بووڵ بکەم که‌ دیموکراسى هەر ئێستا لەسەد و حەفتا وڵاتدا سەرکەوتووە، واتە لە هەموو ئەو وڵاتانەدا کە کەسانێک وه‌کوو نوێنەرى ئەنجوومەن، لە کیسەى خەڵکى مانگانە وەردەگرن بەرقەرارە. هەڵبەتە ئەمە لیتوانیا و ئیستوانیا کە نزیکەى نیوەى ژمارەى دانیشتووان بە تاوانى ئەوەى کە بە زمانى ڕووسی لایلایە بۆ منداڵەکانیان دەکەن، مافى دەنگەکانیان نییە، میسر، ئەردەن، ئێران کۆریاى باشوور، لەم دوایییانەدا کوێت، کینیا و وڵاتانى ترى لەم بابەتە دەگرێتەوە. کاسە لە چێشت گەرمتر نابێت. ئەگەر لە ڕوانگەى دیموکراتەکانەوە ئەو هەلومەرجەى کە لە دنیادا بەرقەرارە ناوى دیموکراسى بێت زۆر باشە، کەوایە ئاشکرایە کە کێشەى خەڵکى لەسەر ئەم دیموکراسییە نەبووە، به‌ڵکوو لەسەر ئازادى و به‌رابه‌ری بووە. ئامارى سەرکوتکردنە سیاسییەکان، ئیعدامەکان، ئه‌شکەنجەکان، ئەو یاسا و ڕێنوێنییانه‌ی کە مافى بەشە جیاجیاکانى خەڵک تەنگەبەر دەکەنەوە، یان هەر لێیان دەستێننەوە، تا بگات بە هەژارى و بێ خانە و لانەیی و ئاوارەیی و مەرگ و لەناوچوون لەبەر بێ خۆراکى و به‌دخۆراکى هەر لەم چەند ساڵەى سەرکەوتنى دیموکراسیدا، ئەمانە حوکمێکى ئیجابى لەبارەى دنیای ژێردەسەڵاتى دیموکراسییەوە نادەن بەدەستەوە.

ئینته‌رناسیۆناڵ: تێگەیشتن و لێکدانەوەى جۆراوجۆر لەسەر دیموکراسى هەیە، لە ڕوانگەى ئێوەوە دیموکراسى چییە؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: پێم وانییە مەبەستتان ئەوە بێت کە من لێکدانەوەیەک لەسەر دیموکراسى "واقیعى" و "ڕەسەن" بەدەستەوە بدەم. دیموکراسی لە سیسته‌مى فیکرى مندا وەک کەسێکى سۆسیالیست و مارکسیست، ده‌سته‌واژەیەکى بناغەیی نییە. ئێمە قسە لە ئازادى دەکەین. بۆ ئێمە ئەمە ده‌سته‌واژەیەکى بنەڕەتییە، وه‌لێ دیموکراسى، هەر وەک پێشووتریش باسم کردووە، لێکدانەوەیەکى چینایەتى تایبەت و تێگەیشتنێکى مێژوویی دیاریکراوە لە چه‌مکى فراوانترى ئازادى. دیموکراسى ده‌سته‌واژەیه‌کە کە بەشێکى دیاریکراوى کۆمەڵگاى مرۆڤایه‌تى لە سەردەمێکى دیاریکراوى مێژووییدا لە ڕێگاى ئەم دیموکراسییەوە چه‌مکى فراوانترى ئازادى لەقاڵب داوە. کەواتە تێگەیشتنى من لە دیموکراسى تەنها دەتوانێ تێگەیشتنێکى بابه‌تی و مێژوویی بێت. کەسێکى لیبراڵ یان دیموکرات، کەسێک کە دیموکراسى یەکێکە لە ئاوات و ئامانجەکانى، دەتوانێ لێکدانەوەیەکى "داخیلى" و زاتى لە بارەى ئەم ده‌سته‌واژەیه‌وە بە دەستەوە بدات، دەتوانێ ئەوە ڕوون بکاتەوە کە لە ڕوانگەى ئەوەوە دیموکراسى واقیعى چییە و چی نییە. بەڵام بە ڕاى من کەسێکى مارکسیست دەبێ ماناى مێژوویی و پراکتیکی دیموکراسى و کارکردە کۆمەڵایەتییەکەى باس بکات. دیموکراسى، نەک وه‌کوو زاراوه‌یه‌ک لەم یان لەو کتێبى کۆندا، بەڵکه‌ وه‌کوو ڕاستییەک کە خەڵکى کۆمەڵگاى هاوچەرخ لەگەڵیدا ڕووبەڕوو بوونەوە، بەرئەنجامى سەرهەڵدانى سەرمایەدارییە. دیموکراسى تێڕوانینى بۆرژوازییە بۆ مەسەلەى ئازادى. بە هیچ جۆرێک مەبەستم ئەوە نییە کە تەنها یەک جۆرە تێگەیشتن لە دیموکراسى هەیە و لەڕووى مێژوویییەوە تەنها بۆرژوازى خوازیارى دیموکراسى بووە، وە یان لێکى داوەتەوە. بە پێچەوانەوە، بە تایبەت بە درێژایی ژیانى دوو نەوەى ڕابردوو، دیموکراسى لە زۆر حاڵەتدا خواستى چین و توێژە ژێردەستەکان بووە و لە لایەن بیریاران و بزاڤەکانى ئەم چین و توێژانەوە بە شێوەى جۆراوجۆر لێک دراوەتەوە و ڕوون کراوەتەوە. بەڵام ئەمە ئەوە دەرناخات کە ئەم چه‌مکە بۆرژوایی نییە، به‌ڵکوو بە پێچەوانەوە دەسەڵاتدارێتى ئایدیۆلۆژی و ترمینۆلۆژیی بۆرژوایی بەسەر خەبات لە پێناوى ئازادى و ڕزگاریدا نیشان دەدات. کۆمەڵگاى بۆرژوایی توانیویه‌تى چه‌مکى دیموکراسى بخاتە جێگاى ئازادى و ئازادیخوازى و بەم جۆرە سنوورى کۆتایى هێرشى ئازادیخوازانەى چینە ژێردەستەکان و شێوەى کۆتایی سەرکەوتنى ئەوان لە پێشدا دیارى بکات. ئێوە بۆ ئازادى دەجەنگن و دواى "سەرکەوتن" پەرلەمان و "پلۆرالیزم" بەدەست دێنن.

بوونى تێڕوانینى جیاجیا بۆ دیموکراسى، تەنانەت تێڕوانینى چینایەتى جیاجیا، ئەم چه‌مکه‌ى کردۆتە یەکێک لە ئاڵۆزترین و ناڕۆشنترین چه‌مکه‌کان لە فەرهەنگى زاراوە سیاسییەکاندا. بزووتنەوە و سیاسەتمەدارە جیاجیاکان، بە ئامانج و بەرژەوەندیى جیاواز و جاروبار دژ بەیەکیشەوە قسەیان لە دیموکراسى کردووە و دەکەن و بێگومان مەبەستیشیان یەک شت نییە. هەلومەرجى سیاسیی جیاجیا لە لایەن ڕەوتە جیاجیاکانەوە به‌ دیموکراسى ناوبراوە. هەر لە ده‌ربڕینه‌ دژى کۆمۆنیستى و جەنگى ساردییەکانەوە، تا دەگات بە لێکدانەوە مرۆڤدۆستانه‌ و حەقخوازانەکان، وجوودیان بووە و هەیە. لە پشتى ئەم هەموو لێکدانەوانەوە دەکرێ ناوەڕۆکى هاوبەش و بابه‌تیى دیموکراسى و دیموکراسیخوازى کە ئەو بە هەموو شێوەکانییەوە، بۆ نموونە لە سۆسیالیزم و ئازادیخوازى سۆسیالیستى جیا دەکاتەوە، بناسین و پێناسە بکەین. بەڵام لە مەیدانى سیاسیدا خودى چه‌مکی دیموکراسى، هەر بەم شێوە گشتییەى، شتێکى ئەوتۆ ڕوون ناکاته‌وه‌ و هیچ کۆمەکێک بە جیاکردنەوەى بزووتنەوە و ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکان ناکات. لەبەر ئەوه‌ پاش ئەوه‌ی ئه‌و سیفەت و پاشگر و پێشگرانەى کە دەخرێنە پاڵ دیموکراسى، ئینجاکە ئەم وشەیە مانایەکى ڕۆشنتر پەیدا ئه‌کات. وەک دیموکراسى لیبراڵى، دیموکراسى خەڵک، دیموکراسى پەرلەمانى یان نوێنەرایەتى (representative)، دیموکراسى ڕاستەوخۆ، دیموکراسى ڕۆژئاوا و شتى تر. ئەم زاراوانە لەڕووى سیاسییەوە بە تەواوى زانراوه‌ و دەکرێ پێناسە بکرێن و جیاوازییەکانیان و لە زۆر حاڵەتدا دژایەتییەکانیان ڕوون بکرێنەوە. هەروەها ئەو بزووتنەوە و هێزانەش کە لایەنگرى هەر یەکێک لەمانەن دەکرێ دیارى بکرێن و لە زۆربەى حاڵەتەکاندا بە تەواوى دەکرێ لێک جیابکرێنەوە.

ئینته‌رناسیۆناڵ: دواتر دەگەڕێینەوە سەر ئەم جیاوازییانە. بە تایبەتى جێگاى خۆیەتى دەربارەى دیموکراسى ڕۆژئاوا و پەرلەمانى و لیبراڵى بدوێین. بەڵام لە سەرەتاوە چاکترە بچینە سەر ئەو "ناوەڕۆکە هاوبەش و بابه‌تییە"ى کە وتت بە هەر حاڵ لەپشتى هەموو تێڕوانینەکانەوە بۆ دیموکراسى له‌ ئارادایه‌. ئەمە چۆن پێناسە دەکەیت؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: لێرەدا دەتوانین ئاماژە بۆ چەند پێکنەرێک بکەین. بێگومان لێرەدا ناکرێ لەوە زیاتر قسەى لەسەر بکەین. دیموکراسی بە مانای حوکوومه‌تى خەڵکى تێڕوانینێک بوو کە لە سەدەى ١٨و١٩دا لە بەرامبەر حوکوومه‌تە پاشایەتییە ڕه‌هاکان و ئەو حوکوومه‌تانەدا هاتە مەیدان کە لەسەر بناغەى پاشایەتى و کڵێساى دیانه‌کاندا دامەزرابوون. لە بەرامبەر حوکوومه‌تەکانى ئەو کاتەدا کە لە ڕووى ئایدیۆلۆژییەوە شەرعییەت و دەسەڵاتیان لە سەرچاوەیەکى سەرووى خەڵک و کۆمەڵگاوە سەرچاوەى دەگرت، بۆرژوازى ڕوو لە گەشە، کۆمەڵانى خەڵک و خێرخوازە کۆمەڵایەتییەکان خوازیارى دەوڵەتێک بوون کە لە خەڵکەوە هەڵقوڵابێ. هەڵبەتە ئەم خواستە خۆى زۆر ناڕۆشنە، هەر وەک خەبات و تێکۆشانەکانى دوو سەدەى دواتر تا ئەمڕۆش بە ڕوونى نیشانى داوە. یەکەم، شێوەى عەمەلیی دەخاڵەتى خەڵکى لە دەسەڵاتى سیاسى و دەوڵەتدا دەبێ چۆن بێت، دووەم، چه‌مکى "خەڵک" چ کەسانێک دەگرێتەوە. تا ئەم سەردەمەى ئێمەش، بەشێکى زۆر و لە هەندێ شوێندا تەنانەت زۆربەى مرۆڤەکان، وەک ژنان، ڕەشپێستەکان، کۆچکردووان و کەسانى تر لەم یان لەو دەوڵەتى دیموکراسیدا بە بەشێک لە "خەڵک" نەژمێردراون. زۆر لەمێژ نییە کە مرۆڤى کرێگرتە (کرێکار) لە ڕوانگەى پرۆسەى دیموکراتیکەوە بە بەشێک لە خەڵک دانراوە. ئەم دوو مەیدانە هەردووکیان، واتە پێکهاته‌ى حوکوومه‌ت و پەیوەندیى عەمەلیى خەڵکى لەگەڵ دەسەڵاتى دەوڵەتیدا و ئەوەى کە تا چ ڕادەیەک ئەم دیموکراسییە توێژە جیا جیاکانى خەڵک دەگرێتەوە، مەیدانى سەرەکیى خەباتى سیاسی بوون و لە ئەنجامى ئەم خەباتەدا، سیماى عەمەلیى دیموکراسى لە خودى کۆمەڵگاى ئه‌ورووپا و ئه‌مه‌ریکادا تا ڕادەیەکى زۆر ئاڵوگۆڕى بەسەردا هات. بەڵام بە هەر حاڵ واقیعەتێکى بابه‌تى لە چه‌مکى دیموکراسیدا هەیە و ئەویش ڕەتکردنەوەى ئەو دەسەڵاتدارێتییەیە کە تیایدا سەرچاوەى دەسەڵات بگەڕێتەوە بۆ سەروو کۆمەڵگا، وە یان کەس نەزانێت لە کوێوە هاتبێت. لە ڕوانگەى دیموکراسى و بیرکردنەوەى دیموکراتیکەوە، نە تەنها زۆرى شمشێر و بە میراتگرتنى خانەدانى و پێغەمبەرایەتى و ئیمامه‌تى و شتى وا لە باب و باپیرانەوە وه‌کوو سەرچاوەى دەسەڵاتى سیاسی شتێکى ناڕەوایە، به‌ڵکوو دەسەڵاتێکش کە نەتوانرێ وەلا بنرێ بە شێوەیەکى گشتى تەنانەت ئەگەر خۆشى لە سەرەتاوە لە هەڵبژاردنەوە سەرچاوەى گرتبێت، بە نادیموکراتیک دەژمێردرێت. بە واتایەکى تر بیروباوەڕى دیموکراتیک و ڕژێمى دیموکراتیک، لە هەر شێوەیەکیدا بێت، دەسەڵاتى دەوڵەتی بەوە دادەنێ کە لە خەڵکەوە هەڵقوڵابێت، وەڵام بە خەڵکى بداتەوە و بە هەر شێوەیەک بێت لە توانادا بێت کە لە لایەن خەڵکەوە بگۆڕدرێت. جا ئەوەى کە ئەم بانگه‌شه‌یە لەم یان لەو ڕێبازى دیموکراسیدا و لەم یان لەو دەوڵەتدا چەندە پوچ وەیان واقیعییە مەسەلەیه‌کى ترە. هەر جۆرە لێکدانەوەیەکى دیموکراسى بە هەر حاڵ خوازیارى جۆرێک لە پرسپێکردنى ڕاى خەڵکە لە مەسەلەى دیاریکردنى دەوڵەتدا. دووەم و لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە دیموکراسى و دیموکراسیخوازى خۆى لە خۆیدا لەبەرامبەر پێکهاتى کۆمەڵایەتى و پەیوەندییە ئابوورییەکاندا کوێرە. بە واتایەکى تر، هەلومەرجى ئابووریى مەوجود، دەورى دەوڵەت، جێوشوێنى مرۆڤەکان لە بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانى موڵکایەتیدا، دابەشبوونى خەڵکى بۆ توێژ و چینە جیاجیاکان و شتى لەم بابەتە، دامودەزگا سیاسی و ئیدارییە مەوجوودەکان، لە ڕوانگەى دیموکراسى و دیموکراتیزمەوە هەر ئەوەیە کە لە ئارادایە. بۆ نموونە تێکۆشان بۆ هەڵوەشاندنەوەى مەرجى خاوەندارێتى لە هەڵبژاردنى پەرلەماندا، بزووتنەوەیەکى دیموکراتیکە، بەڵام خودى خاوەندارێتى و پەیوەندى بەشە جیاجیاکانى خەڵک لە پەیوەند بە خاوەندارێتییەوە جێگەى پرسیار نییە. لە ڕوانگەى دیموکراتیکەوە دەکرێ خوازیارى ئەوە بیت کە ژنانیش لەو سوپا سه‌ربازییەى ئه‌مه‌ریکادا کە بۆ کەنداو نێردرا بەشدارى بکەن و لە هەمان کاتدا هیچ هەقیشت بەسەر دەور و جێگاى ئەم سوپا و ئەم ئۆپه‌راسیۆنەوە نەبێت، وە یان له‌به‌رامبه‌ر ڕێکخراوى "سیا"دا ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕی، کە بۆچى بە ئەندازەى پێویست سوورپێستەکان لە ئۆرگانەکانى سەرەوەیدا نییە. دابەشکردنى خەڵکى بۆ شیعە و سوننى و دیان و پاشان بۆ نموونە، داواکردنى ئەوەى کە دەوڵەتێک لە لوبنان دامەزرێت کە ئەم "توێژانە" هەموویان تیایدا بەشدار بن، جا هەر چەندە مرۆڤەکان بکا بە گژى یەکتردا، بەڵام هەڵوێستێکى دیموکراتیکە. بۆ نموونە دیموکراسیى پیشه‌سازی، بەش بە حاڵى خۆى لەبەرامبەر ئەو ده‌سه‌ڵاتانەى کە بۆ یه‌کێتییە کرێکارییەکان داواى دەکات، دابەشبوونى خەڵکى بۆ کرێکار و خاوەنکار وەک پێشفەرزێک وەردەگرێت و لە سیسته‌مى خۆیدا وەک شتێکى ئەبەدى چاوى لێ دەکات.

بەم جۆرە ئەوە ئاشکرایە کە لەبەرچاونەگرتنى پەیوەندییە ئابوورییەکان و دابەشبوونى خەڵکى بۆ چینە جیاجیاکان لە کۆمەڵدا، بەو مانایە نییە کە دیموکراسى تەنها لە چوارچێوەى سیاسیدا دەمێنێتەوە و دیموکراسیخوازى تەنها مەسەلەیەکى سیاسییە. به‌ڵکوو بە پێچەوانەوە، بەو مانایەیە، کە گشت بنەما ئابوورییه‌کانی ئەم کۆمەڵگایەى ئێستا، واتە خاوەندارێتى بۆرژوایی و بەرهەمهێنانى سەرمایەدارى بە هەموو ڕه‌هه‌نده‌ کۆمەڵایەتی و چینایه‌تییه‌که‌یه‌وه‌، لە لایەن ئەم بیروباوەڕ و ئەم بزووتنەوانەوە وەرگیراوە و بووەتە بنەماى کۆمەڵایەتیى دیموکراسى. دیموکراسى ڕژێمێکى سیاسی، وە یان داواکردنى ڕژێمێکى سیاسییە، لەسەر بنەماى ئابوورى-کۆمەڵایەتیى سەرمایەدارى. چ لە ڕووى تیۆرییەوە و چ لەڕووى واقیعییەتى مێژوویییەوە، داواکردنى دیموکراسى بە ماناى داواکردنى "سەرمایەداریى دیموکراتیک".

بە کورتى، ناوەڕۆکى هاوبەش و بابه‌تیی دیموکراسى و دیموکراسیخوازى ئەوەیە کە لە هەر سەردەمێکدا، بە فەرزوەرگرتن و لەسەر بناغەى لە ئارادابوونى پەیوەندیى کۆمەڵایەتى سەرمایەدارى و باڵادەستیی ئابوورى، سیاسی و فیکرى چینى بۆرژوا، خوازیارى ئەوەیە کە پایەى فۆرماڵ و حوقووقیی دەسەڵاتى سیاسی بەشێکى هەرچى زیاتر لەو توێژ و بەشانە بگرێتەوە کە لەو کۆمەڵگایەدا هەیە. لەڕووى عەمەلییەوە دیموکراسى ئەو ده‌سته‌واژه‌یەیه‌ کە توێژێک وەختێ بیەوێ ناڕه‌زا‌یه‌تی درببڕێ بە مەحرومبوونى قانوونى، وە یان دوو لایەنەى خۆى لە مافی بەشداریکردن لە پرۆسەى بڕیارداندا، بزووتنەوەى خۆى پێ ناو دەبات. بە ڕاى من سیفەتى هاوبەش و گشتیى دیموکراسى لەمە زیاتر نییە.

دیموکراسى خۆی بۆ خۆی هەلومەرجێک یان ڕژێمێکى سیاسى و ده‌ستوورێکى دیاریکراو و سنووردار به‌ تاکه‌که‌سه‌وه‌ نییه‌، بەڵکه‌ بزووتنەوەیەکى هەمیشەیی توێژە پشتگوێخراوه‌کان بۆ بەدەستهێنانى ئەو مافانەى کە ئەوانى تر هەیانە لە بەرامبەر دەسەڵاتى سیاسیدا. هەروەها ناوەڕۆکى دیموکراسى و دیموکراتیزم سەرەنجام پەیوەندى بەوەوە هەیە کە لە چ توێژێکەوە لە چ کۆمەڵگایەک و لە چ هەلومەرجێکى سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆرژوازیى تایبه‌تی (خسووسی) لە کێشەى لەگەڵ بیرۆکراسیى ئیدارى و پیشه‌سازیی دەوڵەتی لە بلۆکى ڕۆژهەڵاتدا لە زمانى قسەکەرانییەوە لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا، خوازیارى ئەوەیە کە بوارى ئەوەى هەبێت کە لە دەسەڵاتى سیاسیدا بەشدارى بکات و ناوی بزووتنەوەکه‌ی خۆی چ لە ڕۆژئاوا و چ لە خودى ڕۆژهەڵاتدا ناو دەنێت دیموکراسیخوازى. ڕەشپێستى ئەفریقاى باشووریش خوازیارى مافى بەشداریکردنى یەکسانە لە هەڵبژاردندا، ئەویش دیموکراسى دەوێت. وه‌لێ ئاسۆ و ئامانجە کۆمەڵایەتییەکانى ئەم دوو بزووتنەوەیە لەگەڵ یەکتردا زۆر جیاوازن.

ئینته‌رناسیۆناڵ: ئێوە دەڵێن دیموکراسى ده‌سته‌واژه‌یه‌کە بۆ توێژێک کە دەیەوێ دەرگا داخراوەکانى دەسەڵات بە ڕووى خۆیدا بکاتەوە، یان بە دەربڕینێکى تر، فراوانکردنەوە و پەرەپێدانى پایەى حقوقیى دەسەڵات و بەشداریکردنى توێژگەلێکى هەرچى زیاترە لە دەسەڵاتدا. ئەمە هەر ئەو شتەیە کە وا ده‌کات، لە بیروڕاى گشتیدا ڕه‌وایی بە دیموکراسى بدات و داواکاری له‌سه‌ر بێت، واتە ئازادیى فەردى و ئازادیى تاکەکەس لە دەخاڵەتکردن لە کاروبارى کۆمەڵدا. بە ڕاى ئێوە ئەمە هیچ که‌مایه‌سییه‌کی تێدایه‌؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: به‌گشتیکردنی پایەى حوقووقی و فۆرماڵیی دەسەڵاتى سیاسی، یانى ئەوەى کە من وتم لەگەڵ "بەشداریکردنى توێژگەلێکى هەرچى زیاتر لە دەسەڵاتدا"، وە یان "ئازادیى فەردى و ئازادیى تاکەکەس لە دەخاڵەتکردن لە کاروبارى کۆمەڵدا" بە هیچ جۆرێک یەک شت نین. هەڵبەتە ئەوەى کە نە تەنها ڕه‌وایى بە دیموکراسى داوە، به‌ڵکوو کردوویەتى بە وشەیەکى پیرۆز لە فەرهەنگى سیاسیی خەڵکى و کۆمەڵگاى ئەمڕۆدا، هەر ئەوەیە کە فراوانکردنەوەى حوقووقی فۆرماڵیی ڕێگەدان بە توێژە جیاجیاکانى کۆمەڵ بۆ بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا، لەگەڵ ئازادیى تاکەکەس و لەگەڵ فه‌راهه‌مبوونی دەخاڵەتکردنى واقیعى هه‌ر که‌س لە کاروبارى کۆمەڵدا، بە یەک شت دادەنێن. ئەمانە یەک شت نین. سەبارەت بەوەى کە دیموکراسى بەو شێوەیەى کە ئێوە پێناسەتان کرد، کە لە ڕاستیدا پێناسەى دیموکراسیى لیبراڵى بوو "چ که‌مایه‌سییه‌کى هەیە" دواتر قسە دەکەم.

ئەو خاڵە سەرەکییەى کە من لە باسەکەمدا ئاماژه‌م پێ کرد، ئەوەبوو، کە دیموکراسى بە بێ پێشگر و پاشگر، شتێکى زیاتر لە فۆرموولاسیۆن و داواکارییەکى سیاسی لە چوارچێوەى سەرمایەداری، بۆ بەشداریکردنى توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە پرۆسەى حوقووقی پێکهاتنى دەوڵەت و دەسەڵاتى سیاسیدا نییە. دیموکراسى بەم مانایە تەنانەت هێشتا نیشاندەرى نیزام و پەیڕەوێکى سیاسیی تایبەت بۆ کۆمەڵ نییە. هاوتاى داواکردن یان دانى ئازادیى زیاتر بە تاکە کەس، یان بە "خەڵک" نییە. هەموو وڵاتانى دنیا، ژمارەیەکى کەمیان نەبێت، بەدەر لەوەى کە مەوداى ئازادییە مەدەنییەکان تیایاندا چەندە، خۆیان بە دیموکراتیک دەزانن، چونکە دەتوانن پرۆسەیەکى شکڵى و حوقووقی نیشان بدەن کە تیایدا "خەڵکى" لە دیاریکردنى دەوڵەتدا بەشدارى دەکەن. بە پێی لێکدانەوەى دیموکراسى لیبراڵى، ژمارەیەکى زۆر لەم وڵاتانە، بۆ نموونە حوکوومه‌تە مەدەنى و پەرلەمانییەکانى لایەنگرى ڕۆژئاوا لە ئه‌مه‌ریکاى لاتین و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، دیموکراتیک نین و نەبوون. بەپێى لێکدانەوەى دیموکراسیى خەڵکى، دیموکراسیى لیبراڵى خۆى دیموکراتیک نییە. بەڵام ئەمە جیاوازیى تێگەیشتنى لیبراڵى، جەنگى ساردیی، خەڵکى، ئانارشیستى، سۆسیال دیموکراتیک، تەکنۆکراتیک و ئەوانى تر لە دیموکراسى نیشان دەدات، نەک "واقیعى" نەبوونى دیموکراسى لەم یان لەو وڵاتدا.

وە سەرەنجام من جه‌ختم لەسەر ئەوە کرد، کە ئێمە وەک سۆسیالیست پێش ئەوەى ئەم پێشگر و پاشگرانە بخەینە نێو باسەکەمانەوە، ناکۆکییەکى تەواومان لەگەڵ ئەو ناوەڕۆکە هاوبەشەى که‌ لە پشت هەموو ئەم تێگەیشتنانەوە حەشاردراوە هەیە، واتە قه‌بووڵکردنى ئەم بناغە ئابوورییەى کە لە ئارادایە و هێنانەخوارەوەى مەسەلەى ڕزگاریى سیاسی بە بەشداریکردنى تاکەکەس یان "توێژەکان" لە پرۆسەى شکڵى و حوقووقیى پێکهێنانى دەوڵەتدا. دیموکراسى لە شێوە تێڕوانینە جیاجیاکانى تا ئێستایدا، میکانیزمێکە (هەر وه‌کوو لە شوێنێکى دیکه‌دا ئاماژەى پێ دەکات، مەبەست لە دیموکراسیى جەنگى ساردیی دیموکراسیی ڕۆژئاواییە/ وەرگێڕ) بۆ ئەوەى حوکوومه‌تى چینایەتى و لە ناوەڕۆکدا سەروخەڵکیى بۆرژوازى وەک حوکوومه‌تێکى خەڵکى نیشان بدات و مەشروعییەتى پێ بدات.

وە بیرتانى دێنمەوە یەکەم، سەرکەوتنى دیموکراسى بەسەر حوکوومه‌تە ملهوڕەکان لە ئه‌ورووپادا بە هیچ جۆرێک نەبووە هۆى ئەوەى کە تاکە کەس بتوانێ لە دیاریکردنى دەسەڵاتدا، بە هەمان ماناى شکڵى فۆرماڵیش بەشدارى بکات، تا دەیان ساڵ ئەو هاووڵاتییەى کە مافى هەڵبژاردنى هەبوو لە سیسته‌مە دیموکراسییەکانى ئه‌ورووپادا پیاوى سپیپێستى "ئازاد" و خاوەن زەوی یان سەرمایە بوو. مافى دەنگدانى کرێکاران، ژنان، سوورپێستەکان و کەسانى لەم بابەتە، بەشێکى سەرەکى پێناسەى دیموکراسى پێک ناهێنن و لەگەڵیدا له‌دایک نەبوون، به‌ڵکوو بەرەنجامى خەباتى حەقخوازانەى چین و توێژە جیاجیاکان بوو لەو کۆمەڵگا دیموکراتیکەدا کە لە ئارادا بووە. ئەو خەباتانەى کە لەژێر ئاڵاى فیکرى و سیاسیی بزووتنەوەکانى تردا، وەک بزووتنەوەى سۆسیالیستى، بزووتنەوەى یەکسانیخوازانەى ژنان، بزووتنەوەى دژى هەڵاواردنى نەژادى و میللى و شتى ترەوە، بە گشتى شێوەیەکى نادیموکراتیک و ناقانوونى چوونەتە پێشەوە. دووەم، ده‌سته‌واژەى دیموکراسى خۆى بە ماناى تایبەتى وشەکە ڕێک وه‌کوو سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی، مەرج نییە لەگەڵ پەرەسەندنى دادوه‌ریى کۆمەڵایەتى و یەکسانى، وە یان تەنانەت ئازادیى فەردى زیاتردا هاوتا بێت. دیموکراسى، سەربەخۆیی و شتى لەم بابەتە، ئەو قاڵبە سیاسی و ئیدارییە دیاریکراوانەن کە دەتوانن ناوەڕۆکى جیاجیا بگرنە خۆیان. ئەوە لە سەرەتاوە ئاشکرا نییە کە سەربەخۆیی بەنگلادیش یان لیتوانیا و تاژیکستان، وە یان باسک، هه‌ر بە ماناى پەرەپێدانى مافەکانى مرۆڤ و خۆشگوزەرانى و یەکسانیى کۆمەڵایەتى بووبێت، وە یان ببێت لەم وڵاتانەدا. ئەوە لە پێشدا ئاشکرا نییە کە کاتێک "خودى" کرواتەکان و سربەکان و بۆسنییەکان بە پێی ئەو نەخشانەى که‌ دیاریکراوە حوکوومه‌تى خۆیان دامەزرێنن، خه‌ڵکانی مامناوه‌ندی زینده‌گییه‌کی باشتر، یان خراپتریان لەو جوگرافیایەدا کە پێشووتر نێوى یۆگۆسڵاڤیا بوو دەبێت. ڕاستییەکەى ئەوەیە کە لە زۆر حاڵەتى مێژووى هاوچەرخدا، وە لەوانە هەر ئەم سەردەمەى خۆشمان، ئەو خەڵکەى کە پێشووتر نیمچەمانێکى هەبوو لەژێر ئاڵاى سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی و "حوکوومه‌تى خۆمان"دا لە دەستیان داوە. لە مه‌ڕ دیموکراسیشەوە بە ماناى تایبەتى وشەکە، واتە دیموکراسى بێ پێشگر و پاشگر، ئەم خاڵە هەر ڕاستە. ئه‌مڕۆ لە بەشى هەرە زۆرى وڵاتە ئیسلامییەکاندا، هەر پەرلەمانێک زۆربەى خەڵک هەڵی بژاردبێ و هەر ڕێفراندۆمێکى جەماوەری، بە ئه‌گه‌رێکى یەکجار زۆره‌وه‌، جێ و شوێنى ژن وەک هاوڵاتى پلە دوو، وە تەنانەت خراپتر له‌ویش، لە قانووندا جێگیر دەکات. ڕاى گشتى و ئەنجوومەنى نوێنەرایەتى ئه‌مه‌ریکا و بەریتانیا، وە لە ڕاستیدا هەموو ئه‌ورووپاى دیموکراتیک، دەنگى بۆ لە شکرکێشى و مرۆڤکوژی لە که‌نداو دا. نەوەت و چەند لە سەدى خەڵکى ئێران لە ڕیفراندۆمێکى گشتیدا، دەنگیان بۆ دامەزراندنى کۆمارى ئیسلامى لە ئێراندا دا و لە جەزائیریش خەریک بوو هەمان شت ڕوو بدات، کە لە کاتى خۆیدا پێشیان پێ گرت. پەرلەمانە ئازادەکان لە ئه‌ورووپا، وە هەر ڕێفراندۆمێکى جەماوەری لەم وڵاتانەدا، ئەمڕۆ بە ئاسایی دەنگ بە پێشێلکردنى مافى سەرەتایی خەڵکى جیهان لە گواستنەوەى شوێنیان و شوێنى نیشتەجێبوونیان لە هەر شوێنێک کە ئارەزوویان لێ بێت دەدات. ئەم جۆرە بڕیارانە لەگەڵ مرۆڤدۆستى و ئازادیخوازى و یەکسانیخوازى و حورمەتى مرۆییدا نایەتەوە، وه‌لێ لەگەڵ دیموکراسى و پرۆسەى دیموکراتیدا دێتەوە. دیموکراسى قاڵبێکى حوقووقییه‌ بۆ پرۆسەى بڕیاردان، نەک شێواز و و پێوه‌رێک بۆ ناوەڕۆکى خودى بڕیارەکان.

دیموکراسى خۆى لە خۆیدا بە ماناى حوکوومه‌تى خەڵکە و هەر وەک وتم، ئەم ده‌سته‌واژه‌یە لە بەرامبەر حوکوومه‌تە ئایینى و ئەرێستۆکراتی و پاشایه‌تی و دواکەوتووەکاندا سه‌ری هه‌ڵدا. ئەوەى کە کۆمەڵگایەک کە دیموکراسى تێیدا بەرقەرارە، چ تێڕوانینێکى بۆ ئازادیى تاکه‌کەس، دادوه‌ریى کۆمەڵایەتى، یەکسانى مرۆڤەکان، مافى مرۆڤ و شتى لەم بابەتە هەیە، ئەوە مەسەلەى خودى دیموکراسى نییە، بەڵکه‌ ئەم مەسەلەیە بە کێشمه‌کێشی نه‌ریته‌ فیکرى و سیاسییەکانى چینە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکانەوە لە کۆمەڵدا بەستراوەتەوە. بەشێکى زۆر لەو داواکارییانەى کە ئەمڕۆ دراونه‌تە پاڵ دیموکراسى، وه‌کوو سه‌روه‌ریی یاسا، لەبەرچاوگرتنى مافەکانى مرۆڤ، ئازادییە مەدەنى و فەردى و گشتییەکان و شتى لەم بابەتە، خۆیان لە خۆیاندا هیچ پەیوەندییەکیان بە دیموکراسییەوە نییە، به‌ڵکوو کاریگه‌ریی چەند مەیلێکى تایبەت و چەند نه‌ریتێکى فیکرى و سیاسیی تایبەت وەک، لیبراڵیزم یان سۆسیالیزمه‌.

ئینته‌رناسیۆناڵ: ئایا مەبەستتان ئەوەیە کە دیموکراسى خۆى چه‌مکێکى سەربەخۆى لە بوارى ماف و ئازادییە فەردى و مەدەنییەکان، وە یان حوکوومه‌تى خەڵکدا نییە؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: مەسەلە ئەوەیە کە بە بێ ئەو بزاوت و ڕێبازەى خەریکە قسە لە دیموکراسى دەکات، ئێمە بۆچوونێکمان لەسەر دیموکراسى نییە. بنه‌ما زێڕینەکانى دیموکراسى، سەربەخۆ لە ڕێبازە سیاسییەکان لە هیچ شوێنێکدا نەنووسراوە. لەسەر کاغەز، ڕوانگه‌ی ڕێبازى لیبراڵیزم بۆ دیموکراسى، ده‌ربڕینێکى باو و زاڵ بووە. دەڵێم لەسەر کاغەز، چونکە لە واقیعدا لە بەشى هەرە زۆرى سەدەى بیستەمدا، تا ئەم دوایییەش، ژیانى بەشى هەرە زۆرى خەڵکى گۆى زەوى بەکردەوە لەژێر کاریگەرى دوو تێگەیشتنى تر لە دیموکراسیدا بوو، یەکێکیان، تێگەیشتنى جەنگى ساردیی "دیموکراسى ڕۆژئاوایی"، کە سەرەڕاى خزمایەتى نزیکى لەگەڵ تێگەیشتنى لیبراڵیدا، بە هیچ جۆرێک نابێ بە هاوتاى یەکیان بزانین و دووەم، تیگەیشتنى خەڵکیى "دیموکراسى خەڵک"، واتە ئەو تێگەیشتنەى کە لێکدانەوەى جەماوەرى فراوانترى خەڵکى وڵاتانى ژێردەستە و دواکەوتووى لە چه‌مکى دیموکراسى پێک دەهێنا. چه‌مکگه‌لى ئەم ڕێبازانە لە بارەى دەسەڵاتى سیاسی و مافە مەدەنییەکان و ئازادیى فەردییەوە لەگەڵ یەکتردا زۆر جیاوازییان هەیە. لە بەشى هەرە زۆرى دەورانى دواى جەنگى دووەمی جیهانى، لە حاڵێکدا کە دیموکراسیى ڕۆژئاوایى و دیموکراسیى خەڵک لەوپەڕى دنیادا لەسەر ئەوەى کە ماناى عەمەلیى ئەم وشانە بۆ خەڵکى چییە، شمشێریان لە یەکدی ڕاست دەکردەوە، دیموکراسیى لیبراڵى لە ناوه‌نده‌ ڕۆشنبیرییه‌کان و ڕێکخراوە خێرخوازییه‌کان و ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤدا هەڵەکانى هەردوو لاى لە دەفتەرەکانى خۆیدا تۆمار دەکرد.

ئەوەى کە لە نێوان هەموویاندا هاوبەشە و هەر وەک وتم حوکمى سەربەخۆ و ناوەڕۆکى بابه‌تیی دیموکراسى پێک دەهێنێت، ئەوەیە کە پەیوەندییەکانى سەرمایەدارى و دامەزراندنى میکانیزمێکى حوقووقی بۆ بەشداریکردن (جا بە هەر پێناسەیەکەوە بێت) لە پرۆسەى دیاریکردن و ئاڵوگۆڕپێکردنى دەوڵەتدا بە بنچینەى خۆى دەزانێت. خودى دیموکراسییان بە حوکوومه‌تى زۆربە داناوە، نەک بە بەرقەرارکردنى کۆمەڵێ پێودانگ و بەها و مافى دیاریکراو. تێهەڵکێشانى ئەم پێودانگە تایبەتانە لەگەڵ چه‌مکى دیموکراسیدا، کارى ڕێباز و بزاڤە سیاسییە جیاجیاکان بووە. ئەم کارە لیبراڵیزم، سۆسیالیزم، کۆنسێرڤاتیزم، ئانارشیزم و ئەوانى تر هەموویان ئەنجامیان داوە. ئەوە گومانى تێدا نییە کە دیموکراسى، وەک نیزامێک کە تیایدا دەخاڵەتى فەرد و توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە کاروبارى دەوڵەتدا بە ڕەوا لە قەڵەم دراوە، هەلێکى زیاتر بۆ بزووتنەوە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان دەرەخسێنێ، لە چاو شێوەکانى ترى حوکوومه‌تە نادیموکراتییەکاندا، تاوه‌کوو مۆرى خۆیان بە کۆمەڵگاوە بنێن و بۆ ئه‌و ئاڵوگۆڕانە تێبکۆشن کە گه‌ره‌کیانه‌ بەدى بهێنن. وه‌لی ئەمە خۆى لە خۆیدا کاراکته‌ری کۆمەڵ پێناسە ناکات. مەرج نییە بەرەنجامى پرۆسەى دیموکراتیک بە ماناى ئازادیى فەردى یان گشتیى زیاتر، یەکسانى و دادوه‌ریى کۆمەڵایەتى، پێشێل نەکردنى مافەکانى مرۆڤ و شتى تر بێت. ئازادییە سیاسییەکان و دادوه‌ریى کۆمەڵایەتى، بەرەنجامى خودى پرۆسەى دیموکراتیک نییە، بەڵکه‌ بەرەنجامى ئەو بزووتنەوە و هێزە کۆمەڵایەتییە ئازادیخواز و عەدالەتخوازانەیەیه‌ کە بە درێژایی مێژوو توانیویانە، چ لە جەرگەى پرۆسەیەکى دیموکراتیکدا و چ لە دەرەوەى ئەم پرۆسەیەدا، سەنگ و سووکى هێزە کۆمەڵایەتییەکان بە قازانجى خۆیان و ئامانجەکانیان بگۆڕن و بەشێک لەم ئامانجانە بکەن بە قانوون و عادەت. لە زۆر حاڵەتدا، هەر وەک لە ساڵانى هەشتاکاندا بە پەرەسەندنى تاتشەریزم، بینیمان و ئەمڕۆش بە پەرەسەندنى هێزە فاشیستى و ڕاسیستییەکان لە مەیدانى سیاسەتى پەرلەمانی ئه‌ورووپادا دەیبینین. خودى پرۆسەى دیموکراتیک، وە یان لانیکەم چەند شێوه‌یه‌کی دیاریکراوى ئەم پرۆسەیە، دەتوانێ ببێتە مایەى گەشە و تەنانەت بەهێزبوونى هێزە دژى مرۆیى و کۆنەپەرست و ملهووڕەکانیش. ئەو تێڕوانینە زێڕینەى کە سەرمایەدارى لە ئایدیۆلۆژیی فه‌رمى و لە پڕۆپاگه‌نده‌ سیاسییەکەیدا لەبارەى دیموکراسى دەیدات بە دەستەوە، تێڕوانینێک کە تیایدا فەرد ئازاد و سەرفرازە و هەروەها جۆرێک لە مافە سەرەتایییەکانى مرۆڤ زامنه‌، لێکدانەوەیەکە لەسەر بنه‌ماى تێڕوانینى لیبراڵیزم (وە تا ڕادەیەک سۆسیال دیموکراتیش) بۆ دیموکراسى. بۆ کەسانێکى زۆر ئەم تێڕوانینە موجه‌ڕه‌د و تیۆرییە لە دیموکراسى، لەگەڵ تایبەتمەندییەکانى ژیانى چینى ناوەنجیی وڵاتانى ئه‌ورووپاى ڕۆژئاوا و ئه‌مه‌ریکا، وە لەگەڵ ئەو شتەدا کە لەم وڵاتانە، ده‌مارگیری و داسەپاندنى بیروباوەڕ کە لەبەر هۆى جۆراوجۆر کەمتر لە ئارادایە، تێهەڵکێش دەکرێن و تێڕوانینێکى خەیاڵى لە دیموکراسى پێک دەهێنن. بۆ نموونە وەختێک ڕۆشنبیرێکى ئێرانى یان ڕووسی وە یان میسرى و ... هتد. داواى دیموکراسى دەکات، ئەم وێنایه‌ى دەوێ. بەڵام ئەمە پڕۆپاگه‌نده‌ی سەر سنوقەکەیە. دیارە ئەگەر تەنانەت ناوەڕۆکەکەشى هەر ئەو شتە بێت کە خۆیان نیشانى دەدەن، دیسانەوە ئێمە وه‌کوو کرێکار و وه‌کوو مارکسیست ڕەخنەى بنەڕەتیمان لێى هەیە. ئێمە ڕەخنەمان لە لیبراڵیزم و تێڕوانینى لیبراڵى بۆ ئازادى هەیە. دیموکراسیى لیبراڵى ئەندێشەى ئازادیى مرۆ دەشێوێنێ، ده‌سته‌واژەیەکە بۆ هه‌ڵاواردنی مرۆڤەکان لە بەرامبەر سەرمایه‌ لە مەیدانى سیاسیدا و بۆ ڕه‌واییدان بە دیکتاتۆریى سەروو خەڵکیی چینى سەرمایەدار. ئەمە لایەنێکى سەرەکیی باسەکەى ئێمەیە لەسەر دیموکراسى کە دەبێ بە شێوەیەکى سیسته‌ماتیک بە کۆمەڵى ڕابگەیەنین. بەڵام ئەم تێڕوانینە لیبراڵییە نە تەنها لە نموونە هه‌نارده‌کراوەکانى دیموکراسیدا، به‌ڵکوو لە خودى وڵاتانى پێشکەوتووى ڕۆژئاواشدا ئەوەندە لە ڕاستییەوە نزیک نییە. دیموکراسیى عەمەلى، دیموکراسى بەو شێوەیەى کە هەیە، تەنانەت لەو تێڕوانینە لیبراڵییەى پوچتر و ڕیاکارانەترە. لە زۆر حاڵەتدا، بۆ نموونە لە بەکارهێنانى ئەم زاراوەیە لە جەنگى سارد لەگەڵ بلۆکى بۆرژوایی ڕه‌قیبدا، وە یان لە جەنگى تەبلیغاتی لە دژى سۆسیالیستەکان و مارکسیزم لە وڵاتانى ڕۆژئاوادا، دیموکراسى بە شێوەیەکى فه‌رمى بە ماناى پیرۆزیی خاوەندارێتى تایبەتى و بازاڕ بەکار دەهێنرێت. بۆ نموونە یەکێک لە کۆڵەکه‌کانى تاتشەریزم، وێناکردنى ئۆرگانە کرێکارییەکان بوو وەک هۆکارى بەرتەسککەرەوەى دیموکراسى و ئازادیى فەردى (بۆ قه‌بووڵکردنى هەموو ئیشێک و هەموو هەلومەرجێک). چەندین جار ڕاپۆرت لەسەر بەکارهێنانى دەزگاى ئەشکەنجە لە دامودەزگا پۆلیسییەکانى وڵاتانى ڕۆژئاوادا دراوە. بوونى کۆڕ و کۆمەڵى نافه‌رمى لە سەرووى دەوڵەت و لە سەرووى ئەنجوومەنەوە بۆ دیاریکردنى سیاسەتەکانى وڵات، دادگا نهێنییەکان و دادگا شکڵییەکان، دەزگا و دامەزراوە نهێنى و چەکدارەکانى کۆنترۆڵکردنى خەڵک، ئاژانسەکان و ئەو ژۆرنالیزمەى کە هونەرى تۆقاندن و وروژاندن و گێژکردنى لە ئەنجامى شۆڕش لە تەکنیک و فۆڕمدا بەوپەرى گەیاندووە، دەستە و تاقمى گۆپاڵبەدەست و ڕاستڕەو کە لە لایەن دەوڵەتەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت و پەیوەندییان بە پۆلیسەوە هەیە و کاریان ملکەچ پێکردنى توێژە مەحروومەکان و باڵى چەپە لە کۆمەڵدا، وە دەیان دەزگا و ڕێوڕەسمی تر ماف و ئازادیى فەردى و مافەکانى مرۆڤى لە خودى کۆمەڵگاى ڕۆژئاواییدا کردۆتە گاڵتەجاڕ. ئەو مرۆڤەى لەم وڵاتانەدا گوزەرانیان مام ناوەندییە، کە دیارە حاڵی لە خەڵکى باقیى وڵاتانى جیهان باشترە، بە شێوەیەکى دڵتەزێن بێماف، ترسێنراو و بێ دەخاڵەتە لە چارەنووسى خۆیدا.

ئەگەر بمانەوێ سەبارەت بە چه‌مک و ده‌سته‌واژەکانى دیموکراسى لە بارەى مافی فەردى و مەدەنى و شتى ترەوە قسە بکەین، یان دەبێ بە دیاریکراوى دەربارەى ڕێبازە جیاجیاکان و تێگەیشتنە تایبەتەکانى ئەم ڕێبازانە لە دیموکراسى بدوێین و ئەمە لە بنچینه‌دا ئێمە دەباتە ناو باسی دیموکراسیى لیبراڵى و سیسته‌مى پەرلەمانییەوە، وە یان دەبێ دیموکراسى لە کارکردە دیاریکراوەکەى لە مێژووى هاوچەرخدا هەڵبەسەنگێنین. لە هەردوو حاڵەتەکەدا کەسێکى مارکسیست خۆى لە سەنگەرى ڕەخنەگر لە دیموکراسى، چ وەک چه‌مکێک و چ وەک واقیعەتێک، دەبینێتەوە.

وەرگێڕانى: سه‌عید ئه‌حمه‌د


انترناسيونال شماره ٥

ئینته‌رناسیۆناڵ: لەڕووى تیۆرییەوە هەروەها بەپێى ئایدیاڵێک کە قسەکەرانى سەرمایەدارى پەیوەندییە سیاسییەکانى لەم نیزامەدا پێ وەسف دەکەن، دیموکراسیى لیبراڵى و سیسته‌مى پەرلەمانى جێگایەکى بنەڕەتییان هەیە. تایبەتمەندییەکانى دیموکراتى لیبراڵى لەم وێنا تەجرید و دەربڕینە فۆرماڵییەیدا کامانەن؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: دیموکراتى لیبراڵى چه‌مکێکى (بە واتایەکى تر مۆدێلێکى) ئاوێته‌ و پێکەوە پەیوەستکراوه‌، پشتی بە دووپایەى جیاواز بەستووە: دیموکراتى، وەک حوکوومه‌تى خەڵک، یان حوکوومه‌تى زۆربە و لیبراڵیزم وەک زنجیرەیەک بیروباوەڕ و پێودانگ و ئەحکامى تایبەتى سەبارەت بە پەیوەندیى سیاسی و حوقووقی تاک و کۆمەڵ، تێگەیشتنى گشتى و هاکەزایی زۆربەى خەڵک لەم ده‌سته‌واژانە ئەوەیە، دیموکراتى وەک ڕژێمێکى سیاسی و لیبراڵیزم وەک زنجیرەیەک لە بایەخ و پێوەرى سیاسی و مەدەنى، بەر و پشتى یەکترین، یەکەمیان فۆرم و دووەمیان ناوەڕۆکى نیزامێکى سیاسی پێشان دەدات، هەردووکیان لە یەکترەوە هەڵدەقوڵێن و لەم جۆرە شتانە. ڕاستییەکەى ئەوەیە کە لە نێوان ئەم دوو بەشەى دیموکراتی و لیبراڵیدا ناکۆکییەکى هەمیشەیی و لە دواشیکردنەوەدا ناسازگارییەکى تەواو هەیە، کە بەکردەوە سەرچاوەى زۆر کێشمەکێش و ناکۆکیى سیاسیی گرنگ لە کۆمەڵگاى بۆرژوازى بووە و لە گۆڕەپانى سیاسیی وڵاتانى ئه‌ورووپاى ڕۆژئاوادا.

دیموکراتى ماناى ڕەسەنبوونى بڕیارى خەڵک، یان زۆربەیە (لێردا ئێمه‌ هیچ کارێکمان بەسەر ڕاستیى ئەم مەسەلەیە لە جیهانى واقیعیدا نییە). هەر بڕیارێک کە زۆربەى خەڵک لە پرۆسەیەکى دیموکراتیکدا بۆ نموونە، لە ڕێگەى نوێنەره‌کانیانەوە لە پەرلەماندا، پێى دەگەن، لە تێڕوانینى چه‌مکى دیموکراتییەوە ڕه‌وایه‌تى هەیە. لە کاتێکدا لیبراڵیزم کۆمەڵە بایەخێکى سیاسی و مەدەنى لەپێشەوە هەبووى هەیە، کە وەک مافى سروشتى، یان مافى مەدەنى قابیلى دەستکارى نەکردنى مرۆڤەکان سەیریان دەکات. بە واتایەکى تر لە تێڕوانینى لیبراڵیزمەوە بوارى کارکردنى دیموکراتى و دەسەڵاتى خەڵک پێویستە کۆنترۆڵکراو و سنووردار بکرێتەوە. ئەو بڕیارە دیموکراتییەى کە مافە سروشتییەکانى جێمەبەستى لیبراڵیزم هەڵوەشێنێتەوە، یان لەکەدارى بکات، لە تێڕوانینى ئەم ڕێبازەوە مەشروعییەت و ڕەسەنایەتى نییە. لیبراڵیزم وەک مەرجێکى جڵەوکەر و سنووردارکەرى حوکوومه‌تى دیموکراتى کار دەکات، نەک وەک ناوەڕۆکى ئەو حوکوومه‌تە. بابه‌تى لیبراڵیزم، پێناسەکردنى مافە فەردییەکان و پاڕاستنیانە لە بەرامبەر دەسەڵاتدار، دەوڵەت وە یان بە واتایەک "کۆمەڵگە"دا. لیبراڵیزم تەنها کاتێک پێشوازى لە حوکوومه‌تى پەرلەمانى، وە یان هەر چۆنێک بێت حوکوومه‌تى هەڵبژێردراو دەکات، کە وەک جان ستیوارت میل دەڵێت: حوکوومه‌تى "خودى خەڵک" دەست نەبات بۆ مافە مەدەنییەکانى خەڵک. به‌ نیسبەت لیبراڵیزمى کلاسیکەوە، ئەم مافانە بنکارن و شێوازى حوکوومه‌ت شتێکى لاوەکییە. بەڵام ئەم بۆچوونەى لیبراڵیزم چ لەڕووى تیۆرى و چ لە دنیاى واقیعدا، زۆر پشتى پێ نابەسترێت و دووپایەبوونى سیسته‌مەکە و ناڕۆشنى و ناکۆکییەکى دەروونى لە خودى تیۆرى دیموکراتى لیبراڵدا دروست دەکات و لە ڕەوتى جووڵەى دیموکراتییە لیبراڵەکاندا کێشمەکێشى سیاسیی گرنگ دەنێتەوە. بێجگە لە به‌ریتانیا کە هیچ قانوونێکى بنەڕەتى (ده‌ستوور)، وە یان بەیاننامەى مافە فەردى و مەدەنییەکانى نییە.

ئەگەر ورد بنەوە، دەبینن کە باقیى نیزامە پەرلەمانییەکان بە گشتى پشتیان بە قانوونێکى بنەڕەتى بەستووە، کە لە قۆناغە سەرەتایییەکانى شکڵگیری ئه‌م نیزامه‌ له‌ هه‌ر وڵاتێکدا نووسراوه‌ته‌وه‌ و بڕیارى زۆرایه‌تیى ڕێژه‌یی نوێنەرانى پەرلەمان ناتوانێت دەسکارى بکات. هەر خودى هەبوونى قانوونى بنه‌ڕه‌تی، ڕێک بەرتەسکییەکە خراوەتە بەردەم پرۆسەى دیموکراتى. ئەمە یانى ئەوەى کە ڕاى ئەمڕۆى خەڵکى وڵاتێکى دەیان ملیۆنى بە بەراورد لەگەڵ بڕیارەکانى یەک سەدە پێش ئێستاى پەرلەماندا، بە دەیەکى دانیشتوانى ئەمڕۆوە و بە هەبوونى مافى دەنگدانێکى یەکجار بەرتەسکترەوە بۆ تاکەکان، بە لاوەکى سەیر دەکرێت. زۆربەى خەڵکى ئەم نەوەیە سەر بۆ بڕیارەکانى ژمارەیەکى چەند قات کەمترى خەڵکى چوار نەوە پێش ئێستا شۆڕ دەکەن. لە تێڕوانینى دیموکراتییەوە، ئەمە بە ڕێگرى و بەرتەسکییەک دادەنرێت، بەڵام لە تێڕوانینى لیبراڵیزمەوە، کە ئەحکام و ئایدیاڵەکانى خۆى لە دڵى خەبات و تێکۆشانێکى گەرمى کۆمەڵایەتى و سیاسیی سەدەکانى پێشوودا لە قانوونى بنه‌ڕه‌تیی نیزامە پەرلەمانییەکاندا چاندووە، ئەوە بە دەسکەوت و زامنى مانەوەى ئازادیى فەردى و مەدەنى لە دیموکراتییە پەرلەمانییەکاندا دادەنرێت. ئەم ناتەبایییە لەناو دیموکراتیى لیبراڵیدا دەبینرێت، چ وەک چه‌مکێک و چ وەک نیزامێکى کۆمەڵایەتى.

ئینته‌رناسیۆناڵ: بەم شێوەیە کام یەک لەم دوو پایەیە، لیبراڵیزم، یان بیرۆکەى حوکوومه‌تى زۆربە، به‌ سەرچاوە و زامنى بنەڕەتیی ئازادى لە دیموکراتى پەرلەمانیدا دادەنرێت؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: هەردووکیان و هیچ کامیشیان. بەپێى تیۆرى حوکوومه‌تى بۆرژوایی لە سەرمایەداریی نوێدا، هەردووکیان زامنى ئازادین. لەڕووى کارى سیاسیی چینى بۆرژوازى و دەوڵەتەکەشییەوە، هیچ کامیان. لەڕووى تیۆرییه‌وه‌ هەردوو پایەکە حەیاتین. دیکتاتۆرییەتێکى "خەڵکى و دڵسۆز" بە هەر ڕادەیەکیش پابەندى مافە فەردى و مەدەنییەکانى بێت، ناتوانێت بە ئازاد دابنرێت، چونکە ئەو مافە سەرەتاییەى کە بەپێى ئەو تاکەکەس بۆى هەیە لە مەسەلەى دەوڵەتدا بەشدار بێ. وە هەروەها پرانسیپی حوکوومه‌تى هەڵقوڵاوى ناخى خەڵک پێشێل دەکات. وە ئەمە یەکەمین لافى تێڕوانینى دیموکراتییانەیە لە بارەى ئازادیى سیاسییەوە، کە دەسەڵات لە ڕژێمى دیموکراتیدا لەدەست خەڵکدا دەبێت. لە لایەکى دیکه‌وە، هیچ شتێک ئەوە ده‌سته‌به‌ر ناکات کە زۆربەى خەڵک لە پرۆسەى دیموکراتیدا، کۆمەڵە بڕیارێک دەرناکەن دژى مافە سروشتى و سەرەتایییەکانى مرۆڤ بەو شێوەیەى کە لیبراڵیزم پێناسەیان دەکات. "ئیستیبدادى زۆرایه‌تی" چه‌مکێکە کە بانگبێژانى ڕێبازى لیبراڵى، وەک میل، لێى دەسڵەمێنەوە. هەر بۆیە لەڕووى تیۆرییه‌وه‌ هەردووک ئەم بەشانە بۆ دیموکراتیى لیبراڵى حەیاتین و هەر وەک وتیشم ئایدیۆلۆژیی فه‌رمى، پێکەوە وەک بنەماى فیکریی سیسته‌مى سیاسیى سەرمایەدارى ئەمڕۆ لە ئه‌ورووپا و ئه‌مه‌ریکا نیشانیان ئەدات. ئەو ڕاستییەى کە ئەمە ناکۆکییە، هەتا ئێستا لە تەبلیغاتى فه‌رمیى بۆرژوازیدا سەبارەت بە پایەکان و باشیییەکانى نیزامى سیاسیی دەسەڵاتدار لە ڕۆژئاوا هیچ گیروگرفتێکى پێک نەهێناوە. بەڵام لەڕووى عەمەلییەوە بە قسەى بۆرژوازى، هیچ کام لەمانە چاوەڕوانیى ئەوەى لێ ناکرێت، سەرچاوە و زامنى ئازادیى خەڵک بن. به‌ڵکوو بۆ ئەوەیە کە حوکوومه‌تى چینایەتیى بۆرژوازى، یانى دیکتاتۆریى کەمایەتییەک، بە نێوى خەڵک و بە نێوى ئازادییەوە شەرعییەت پێ بدات. ئەگەر بێت و خەڵک بانگه‌شه‌ی ئازادیخوازانەى هەریەکە لەم دوو بەشەیان لێ ببێت بە ڕاست، ئەو کاتە بۆرژوازى ماناى ڕاستەقینەى ئەم دووانە لە ڕێگەى دەست بەسەرا گرتنیانەوە نیشان دەدات. لەم حاڵەتەدایە کە دووپایەییبوونى دیموکراتیى لیبراڵى خەسڵەتی عەمەلیى خۆى دەخاتە ڕوو. لە هەر جێیەک مەترسى ئەوە هەبووبێت کە خەڵک، یان نەوەیەکى ڕادیکاڵ، بۆ نموونە هەر ئەم پەرلەمانە نیوەناچڵە بۆرژوایییە، سەنگەرێک بۆ بەدەستهێنانى بەشێک لە مافەکانى خۆى دروست بکات، بۆرژوازى سنوورداریی ده‌سه‌ڵاته‌کانى پەرلەمان و پیرۆزیى ئەو ئەحکامە لەپێشەوەیییانەى کە لەژێر ئاڵاى مافە فەردى و مەدەنییەکاندا ئیمتیازاتى چینایەتیى بۆرژوازى دەپارێزن، وەبیر هێناوەتەوە. لە هەر جێیەکیش جەوى ڕاستڕەوانەى کۆمەڵگا دەرفەتى ئەوەى ڕەخساندبێت کە پەرلەمان لە کۆنەپەرستانەترین باڵەکانى بۆرژوازى پڕ بێت، بچووکترین ئیمتییازیان بۆ ئازادییە مەدەنییەکان داناوە و لەژێر ناوى "ڕاى خەڵک" و "حوکوومه‌تى خەڵک"دا سەرەتاییترین مافە سەلمێنراوەکانى ملیۆنەها مرۆڤیان پێشێل کردووە. گرنگى و خەسڵەتى دیموکراتى و لیبراڵیزم لە کارکردنى عەمەلیى حوکوومه‌تى بۆرژوازیدا لە ناوەرۆکى ئازادیخوازانەى ئەم چه‌مکانەدا نییە، به‌ڵکوو بەپێچەوانەوە لە جوودایی ئه‌م چه‌مکانه‌ لە ئازادیی ڕاستەقینە و لە ڕێژه‌ییبوون و چینایەتیبوونى تێگەیشتنى هەردووکیاندایە سەبارەت بە ده‌سته‌واژه‌ى ئازادى.

ئینته‌رناسیۆناڵ: ئەحکامە پایەیییەکانى لیبراڵیزم و ئەو مافە "سروشتى"یانەى ئەم ڕێبازە مەبەستێتى بەگشتى کامانەن؟ بە چ شێوەیەک لیبراڵیزم لە پشت پێناسەکردنى ئەم مافانەوە پارێزگارى لە ئیعتیباری بۆرژوازى دەکات؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: بەشێک لەم ئەحکامانە هەر ئەوانەن کە ئەمڕۆ وەک مافە سەلمێنراوەکانى مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکان باس دەکرێن. ئازادیى بیروباوەڕ و ڕادەربڕین، ئازادیى کۆبوونەوە و ڕێکخراوبوون و لیستێک لە ئازادییە فەردییەکان، ئەو کۆمەڵە ئەحکامە بنچینه‌یییه‌ی لیبراڵیزمى کلاسیکن. پێویستە وەبیرى بێنینەوە کە من لێرەدا قسە لە لیبراڵیزمى کلاسیک وەک ڕێباز "قوتابخانه‌"یه‌ک دەکەم. لیبراڵەکان و حیزبە لیبراڵییەکان کە لەوانەیە بە قەدەر نووکە دەرزییەک بەرامبەر هیچ کامیان وەفدار نەبن.

لیبراڵیزم و ئەو داواکارى و مەسەلانەى کە دەدرێنە پاڵى، لە ڕیزى پێشەوەى خەباتى بۆرژوازیى ڕوو لە گەشەى ئەوسادا، دژى کۆت و بەندەکانى فیۆداڵى و پێودانگەکانى پاشایه‌تییه‌ ڕه‌هاکان بوون و هاتنەسەرکارى ئەم مافانە و تەنانەت لەسەرکاربوونى نیوەناچڵ و ڕووکەشانەشیان وەک مافە سروشتییەکان لە کۆمەڵگادا، بە پێشکەوتنێکى بنەڕەتى لەچاو بار و دۆخى کۆندا دادەنرێت.

بەڵام مەسەلەکە، نە هەر بەوەندە دەبڕێتەوە و نه‌ ئەم جۆرە مافانەش کرۆکی ئەسڵیى لیبراڵیزم پێک دێنن. ئەو ئازادییانەى کە ڕێبازى لیبراڵى لە مەیدانى سیاسەت و دەوڵەتدا مەبەستییەتى، لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوە و لێ وەرگیراوى کۆمەڵە بنەمایەکە، کە ئەم ڕێبازە لە زەمینەى ئابوورى و چینایەتیدا نیشانى دەدات. لیبراڵیزم وەک ئایدیۆلۆژیی سەرمایەدارى و ڕەسەنێتى بازاڕ لەبەرامبەر سیسته‌مى ئابووریى دەرەبەگایەتیدا هاتە مەیدان. بەپیرۆزڕاگرتنى خاوەندارێتیى تایبەتیى بۆرژوایی، ئازادیى تاک، وەک ڕەنگدانەوەى مرۆیییانەى خاوەندارێتیى تایبەتى و یەکەیەکى ئابوورى، لە گۆڕەپانى هەڵسوکەوتى ئابوورى لە بازاڕدا، بنەماى لیبراڵیزم پێک دێنێت. لایەنگرى لە ئازادییە فەردى و مەدەنییەکان لە تیۆرى سیاسیی لیبراڵیزمدا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بەرگریى ئەم ڕێبازەیە لە ئازادیى هه‌ڵسووڕانى ئابوورى و سیاسیی کەسى بۆرژوا لە جیهانى واقیعى بازاڕدا. ڕۆشنە کە ئەم بنەما بەئاشکرا چینایەتییە، کە بە ئاشکرا بەرگرى لە ئابووریی سیاسیی سەرمایەدارى دەکات، نەک تەنها هەر مەوداى لایەنگرى ئەم ڕەوتە لە ئازادى و مافە سیاسییەکان سنووردار و بەرتەسک دەکاتەوە، به‌ڵکوو مانا و لێکدانەوەیەکى تایبەتیش بە پێناسەیەک دەبەخشێت، کە لە بارەى ئازادییە سیاسییەکانەوە دەدرێت. ئەوەى کە لەنێو تەواوى ئەحکامەکانى لیبراڵیزمدا پیرۆزه‌ و دەستکاری نەکراوە، ئەوەى کە لێکدانەوە و باسکردن هەڵناگرێت، خاوەندارێتى تایبەتیى بۆرژوازییە. پیرۆزترین و "سروشتیترین" مافى تاک لاى لیبراڵیزم، مافى خاوەندارێتییە. کاتێک بیرى لێ بکەیتەوە، خاوەندارێتییەک کە بەم شێوەیە پیرۆز سەیر ده‌کرێت، لە لایەکەوە لەسەر ڕەخنەلێگرتن و ڕەتکردنەوەى شێوەیەکى ترى خاوەندارێتى، یانى خاوەندارێتیى خانەدانى و دەرەبەگایەتى دامەزراوە و لە ڕوویەکى ترەوە پەیوەندە بە هەبوونى چینێکى مەزن، که‌ خاوه‌ندارێتی لەو کۆمەڵگایەدا کە لیبراڵیزم مەبەستێتى له‌ده‌ست داوه، ‌ئەوسا ڕۆشن دەبێتەوە کە چۆن مەبەستى ئەم ڕێبازە لە ڕاستیدا بیانووهێنانه‌وه‌ و بەپیرۆز سەیرکردنى جێگا و دەسەڵاتى بۆرژوازى و بەدەستەوەدانى سەرخانێکى سیاسیی گونجاو بۆ سەرمایەدارییه‌. ڕۆشن دەبێتەوە که‌ چۆن ئه‌و "کۆمەڵگا مەدەنى"یه‌ی کە لیبراڵیزم بەرگرى لێ دەکات، جگە لە ڕەنگدانەوەى حوقووقییانەى بازاڕ و مافە "سروشتى"یەکانى جێمەبەستى لیبراڵیزم شتێکی دیکه‌ نییە. مافە بۆرژوایییەکانى تاک لە دواشیکردنەوەدا ئیمتییازاتى تاکی بۆرژوازییه‌. لیبراڵیزم لە ئەسڵە سەرەتایی و ئینگلیزییەکاندا، پشتى بە شتێک بەستووە کە به ‌زاراوە و بە لێکدانەوەیەکى میکانیکییانە، پێى دەوترێت "ئازادیى سیلمى"، یانى ئازادى لەو ڕێگر و کۆتە (لەوانە، قانوونه‌کان و بڕیارنامه‌کان) دەرەکییانەى کە دەتوانێت ڕێگە لە هەڵسوکەوتى ئازادانەى فەرد بگرێت. لیبراڵیزم خاڵى دەستپێکردنى خۆى بە پارێزگاریکردنى هەڵسوکەوت و ئازادیی هەڵسووڕانى فەردى لەبەرامبەر دەستدرێژى دەسەڵاتداران و دەوڵەت و "کۆمەڵگا"دا پێناسە دەکات. لەم ڕێرەوەدایە کە ئازادییە فەردى و مافە مەدەنییەکانى مانایەکى نوێ و سەیر و سەمەرە پەیدا دەکەن. ڕەسەنێتى فەرد و ئازادیى فەردى بۆ چینى بۆرژوا، بە نەبوونى کۆمەڵە قانوون و دامەزراوێک گوزارشتی لێ دەکرێت، کە ڕێگرى ئازادیی هەڵسووڕانى سەرمایە و فەردى سەرمایەدار لە بوارى ئابووریدا بن. لە لایەکى ترەوە، لەبەرامبەر چینى کرێکاردا، کە هیچ باسێک لە خاوەندارێتى و زاڵبوونى فەرد بەسەر هۆیەکانى بەرهەمهێناندا لە گۆڕێدا نییە، ڕەسەنێتیى فەردیی کرێکار بە شێوەی زەروورەتى تاکخستنەوە و بەتەنیاکەوتنەوەى فەردى کرێکار لەبەرامبەر سەرمایەدا پێناسە دەکرێت. لیبراڵیزمى کلاسیک لە پەیوەند بە سەرمایەوە، تایبه‌تیگەرا و دژى دەستتێوەردانى دەوڵەتە لە ئابووریدا. دژى وابەستەکردنى سەرمایەى تایبەتى و فەردیى بۆرژوازی بۆ جۆرە قانوون و بڕیار و مەدارێکى سەروو قانوونەکانى بازاڕه‌وه‌یه‌. لەڕوویەکى ترەوە لەبەرامبەر کرێکاراندا، لیبراڵیزم دژى دەرکەوتنى بەکۆمەڵیان و دژى وابەستەبوونى فەردى کرێکارە بۆ سیاسەتی سه‌ندیکا و ڕێکخراوەى کرێکارى. من و تۆ لەوانەیە پێمان وابێ، بوونى سه‌ندیکا ڕێگا بۆ بەدیهاتنى هەندێ لە مافە "سروشتى" و مەدەنییەکانى کرێکاران خۆش دەکات. بەڵام لیبراڵیزمى کلاسیک ئەمە بە ڕەتکردنەوەى ئازادیی فەردیی کرێکار لە شێوەى فرۆشتن و کەڵکوەرگرتن لە هێزى کارەکەى دەزانێت. ئەم ڕووە یەکجار کۆنەپەرستەى لیبراڵیزم و ئەم لێکدانەوە ڕاستڕەوانەیە لەمەڕ ئازادیی فەردییەوە، کە لەژێر ناوى نرخدانان بۆ ئیرادەى فەرد و هەوڵ و داهێنانى فەردیدا، تەبلیغ بۆ لێپرسراوێتی ڕه‌های هەر فەردە لەبەرامبەر بەش و چارەنووسى له‌ دنیادا و هەروەها بۆ ڕزگاربوونیشى بە هەوڵ و تەقەلاى فەردیى خۆى دەکات، لە ڕێبازى لیبرتاریانیزم، کە بەهۆى تاتشەریزم و تێکەڵکردنى ڕێبازى ئابوورى "مانتاریزم"ەوە بوو بە مەیلێکى زاڵ لە دەیەى هەشتاکاندا، دەگاتە ئەو پەڕی. لیبراڵە بەناو شارستانیتر و ئینسانترەکانى ئه‌ورووپا و ئەمه‌ریکا کە باڵى ناوەندى سیاسەتى ئەم وڵاتانە پێک دەهێنن، ئەوانەى کە بە ڕادەیەک لەژێر گوشارى سۆسیالیزم و سۆسیال دیموکراتیدان، کە کۆمەڵە نه‌ریتێکى بنەڕەتى ئه‌ورووپا لەبەرامبەر به‌ریتانیادا بوون، بەڵێ لەژێر ئەم گوشارەدا زۆر بە شێوەیەکى توندڕەوانە دواى ده‌سته‌واژه‌ی ئازادیی مەنفى ناکەون. لەم ڕێبازانەى تردا، ئازادى نەک تەنها ماناى نەبوونى ڕێگریى دەرەکى و بڕیاڕ و مەدارى دەستوپێگرن، به‌ڵکوو پەیوەندى بە هەبوونى هەلومەرجى ماددى و مەعنەوییەوە بۆ هەڵبژاردنى فەردیی هەیە. هەموومان لەم دنیایەدا مۆڵەتمان هەیە زۆر کار ئەنجام بدەین کە هەرگیز دەرفەتى ماددى، وە یان پێناسە و زانیارى تەواومان بۆ ئەنجامدانیان چنگ ناکەوێت. ئەم ڕووەى ده‌سته‌واژه‌ى ئازادى، کە به‌ "ئازادیى پۆزه‌تیڤ" ناو دەبرێت، یانى بەهرەمەندبوون لە پێداویستیى هەڵبژاردنى ئازادانەدا، بەشێک نییە لە سیسته‌مى فیکریى لیبراڵیزم و لەبنەڕەتدا میراتى نه‌ریتە سۆسیالیستى و کۆمەڵگەخوازەکانە. گەشە و سەرهەڵدانى سۆسیال دیموکراتى و دەوڵەتى خۆشگوزەرانى بە ڕادەیەک ئەم لایەنەیان لە فەرهەنگى سیاسیی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانى ڕۆژئاوادا بۆ ماوەیەک بەهێز کرد. ئەمە وا نیاز بوو ببێتە بنەماى سەرمایەدارییەکى "بەڕەنگ و بۆی مرۆیى". لەوانەیە بۆ زۆرێک لە خوێندەواران و ڕۆشنبیرانى کۆمەڵگە دواکەوتووەکان، ئەمە ئەو "ڕەنگ و بۆ"یە بێت کە نیزامى سیاسیی ئه‌ورووپاى ڕۆژئاوا و لێرەشەوە ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراتى کە خۆى پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆى بەم "ڕەنگ و بۆ مرۆیى"یەوە نییە، لە لایان ده‌بێتە شتێکى سەرنجڕاکێش. ڕێبازى لیبرتاریانیزم بە ڕابەرایەتیى ڕه‌وتی تاتشەر، لەسەر پایەى گیروگرفتە ئابوورییەکانى سەرمایەدارى ڕیفاە لە دەیەى هەشتاکاندا، ڕێک بە پشتبەستن بە ده‌سته‌واژه‌ی "حوکوومه‌تى خەڵک" و بە وەرگرتنى ڕاى خەڵک، پایەى ئەم سیسته‌مەى هێنایە لەرزە،

ئینته‌رناسیۆناڵ: ئایا بەم جۆرە ناتوانین بڵێین کە ده‌سته‌واژه‌ى ئازادیی پۆزه‌تیڤ، کە وا دێتە بەرچاو جێ بۆ دەرفەتى یەکسانی تاکه‌کان و لێپرسراوێتی کۆمەڵگا و هۆشیارى ده‌کاته‌وه‌، خاڵى دەستپێکردنێکى چاکترە بۆ پێناسەى ئازادیی سیاسی؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: هەر وەک پێشتر وتم، بەڕاى من خودى ئەم جیاکردنەوەیە وەک پێناسەیەکى پایەیی له‌ ناساندنى ده‌سته‌واژه‌ى ئازادیدا بایه‌خێکی ئەوتۆى نییە. لە دواقسەدا و هەر وەک لە هەڵسوکەوتى سیاسیی کۆمەڵگاى تا ئێستادا بینراوە، نه‌ریتی لیبراڵیزمى ئینگلیزى و نه‌ریتى سۆسیال دیموکراتیى ئه‌ورووپا هەردووکیان نیشانیان داوە کە بەقەدەر یەکتر دەتوانن ئازادیی واقیعیى مرۆڤەکان بە لاڕێدا بەرن، وەکیەک دەتوانن لەژێر ناوى دامەزراندنى نیزامێکى سیاسی ئازاددا ملکەچییەکى پایەییترى چینایەتى و بێمافییەکى سیاسیی ئاشکرا لە ئاستى گشتیدا ساز بکەن. ئازادیى پۆزه‌تیڤ و سیلمى هەردووکیان لە چوارچێوەى تێگەیشتنێکى بۆرژوایییانە بۆ مرۆڤ و ئازادیى مرۆڤ و لەسەر پایەى کۆمەڵگایەکى دابەشکراو بۆ چینەکان پێناسە دەکرێن. نەبوونى رێگرى سیاسی و حوقووقی لەبەردەم پیادەکردنى ئیرادەى ئازادانەى فەرددا، کاتێک کە ئابووریی سیاسیی کۆمەڵگە پێشتر مرۆڤەکانى بە دوو چینى دەسەڵاتدار و ژێردەست گۆڕیوە، هیچ مانایەکى نییە جگه‌ له‌ دەستئاوەڵابوونى چینى دەسەڵاتدار لە هەڵسوکەوت له‌ دژى چینى کرێکار و بەتاککەوتنەوە و دەستوپێگرتنى تەواوى تاکه‌کانی چینى ژێردەست لەبەرامبەر هەلومەرجێکى کۆمەڵایەتى و ئابووریدا نەبێت، کە گۆڕینیان وای پێ دەچێت، لە سنوورى تواناى ئەوان بەدەر بێت. هەر بۆیە ئازادیى سیلمیى لیبراڵیزم، هەر ڕۆڵێکیشى لەبەرامبەر ڕژێمە پاشایه‌تییه‌ ڕه‌هاکانی سەدەکانى پێشوودا گێڕا بێت، لە دنیای ئەمڕۆدا بە هەر پێودانگێکى ئازادیخوازانەى ڕاستەقینە سەیر بکرێ، ده‌سته‌واژه‌یه‌کى بێبایه‌خ و لەکەدارە. "ئازادى پۆزه‌تیڤ" لە ڕوویەکى ترەوە، وا پێویست دەکات کە دەزگا و دەسەڵاتێکى کۆمەڵایەتى هەبێت، ئەو پێداویستییە ماددى و مەعنەوییانە کە زەروورن دیارى بکات، تاوه‌کوو مرۆڤ شانسى هەڵبژاردنى ئازادانەى لە مەیدانى سیاسی و مەدەنیدا هەبێت. چ پلەیەک خوێندەوارى و چ جۆرە خوێندەوارییەک پێویستە، تا مرۆڤ بتوانێت لە هەڵبژاردنێکدا بڕیارێکى تەواو ئازادانەى خۆى بدات؟ چ ڕادەیەک زانیارى و چ جۆرە زانیارییەک پێویستە تا مرۆڤ بشێت، بڕیارى ئەوە بدات کە لەبەرامبەر فڵانە سیاسەتى دەوڵەتدا، هەر لە ڕاگەیاندنى جەنگەوە تا سیاسەته‌ ماڵییەکەى، کام هەڵوێست وەربگرێت؟ پانى و درێژى ئەو خانووەى کە بەکەڵکى ئەوە بێت، مرۆڤ تیایدا مافى "سروشتى" خۆى لە هەبوونى جێگایەکى تایبەتیى ئەمیندا پیادە بکات، چەند و چییە؟ مرۆڤ پێویستە لە ڕۆژێکدا چەند کار بکات، بێ ئەوەى مافى سروشتیی لە گەیشتن بە پێداویستییە مەعنەوى و عاتیفییەکانیدا لەکەدار بێت؟ ده‌سته‌واژه‌ی ئازادیی پۆزه‌تیڤ و سۆسیالیزمى بۆرژوایی عادەتەن دەوڵەتى وەک لێپرسراوى دابینکردنى ئەم لانیکەمانە و لێرەشەوە سەرچاوەى دیاریکردنى بڕ و ڕادەیان لەبەرچاو گرتووە. بەڵام لەبیرتان نەچێت کە کۆمەڵگا هەر ئێستا چینایەتییە و دەوڵەت بۆرژوایییە. لەبەر ئەوەى پوختەى مەسەلەکان ئەوەیە کە تەواوى ڕێگرییە بۆرژوایییەکانى سەر ڕێگەیی ماف و ئازادییەکانى خەڵک ئەم جارە لە لایەن دەزگاى دەوڵەتەوە پیادە دەکرێت، نەک لە لایەن قانوونە کوێرەکانى بازاڕەوە. لەژێر پەردەى پاڕاستنى تاک لەو بێمافییانەى کە کارکردى خۆبەخۆى سەرمایەدارى و بازاڕن، بە شێوەیه‌کی فه‌رمی جۆرى بیرکردنەوە و هەڵبژاردنى مرۆڤەکان لە لایەن دامەزراوە سیاسی و فەرهەنگییەکانى کۆمەڵگاى بۆرژوایییەوە لەقاڵب دەدرێن.

هەروەها ئەوەش وەبیر بێنمەوە کە چۆن، بەتایبەتى لەگەڵ ڕوودانى شۆڕشى ئینفۆرماتیک و ئەلیکترۆنی ئەم چەند دەیەى دوایی، دەزگا گشتییەکان و ژۆڕنالیزمی فه‌رمی ئەرکى گێژ و وڕکردنى جەماوەریان، که‌ پێشتر کاری کڵێسا و سوپا و پۆلیس بوو، بەشێوەى مۆدێرنتر و "بەبێ دەستتێوەردان" گرتۆتە ئەستۆ. لەژێر ناوى دەستڕاگەیشتن بە زانیارییه‌ پێویستەکانى بڕیاردانى ئازادانە و ڕاستەقینە کە مەرجێکى پێناسەکردنى ئازادیى پۆزه‌تیڤه‌، به ‌فه‌رمی زانیارییە درۆیینەکانیان کردۆتە بەشێکى جیانەبووەوەى ژیانى جەماوەر. شاشەى تەلەفیزیۆنەکانتان چەندە گەورەتر بێت، توانا و ئیرادەى سیاسیتان بە هەمان ڕادە بێناوەڕۆکتر و درۆیینەتر دەبێت. ئاکامى عەمەلیى ئەم ڕێبازانە لەبەرامبەر مەسەلەى ئازادیدا لە مۆدێلى لیبراڵى پوخت کەمترسناکتر نییه‌. لەو وڵاتانەدا کە سۆسیالیزم لە شێوەى جۆراوجۆردا دەستى باڵاى هەبووە، وەک سۆڤێتی پێشوو، یان ئه‌ورووپاى باکوور تاکەکەس تەئمینتر و ئاسوودەترە، بەڵام بە هەمان ڕادە بە دەوڵەتى بۆرژوایییەوە وابەستەترە و لە ژیانی خۆیدا زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگه‌رییەوە. دەستئاوەڵایی حوقووقییانەى دەوڵەتى بۆرژوایی لە دەستبردن بۆ هاوکێشە ئابوورى و سیاسی و فەرهەنگییەکانى ژیانى جەماوەر فراوانترە. دەوڵەت پەیوەندییەکى سەرپەرشتکەرانە لەگەڵ جەماوەرى کارگەرى کۆمەڵگادا دادەنێت، کە دەرفەتى ئەوەى دەداتێ بە ڕادەیەکى زۆر هەڵسوکەوتیان لە خەباتى چینایەتیدا بەرتەسک بکاتەوە. لەم کۆمەڵگایانەدا تاکەکەس بێ شەخسییەتتر و لەقاڵبدراوترە. لەبەرامبەر کۆمەڵە "ڕاستى"یەکدا کە لەسەرەوە دەردەچن، لەوانە جۆرى ژیانێک کە بەناوییەوە مۆر دەکرێت، ئەو سیناریۆ ئابوورى و سیاسییانەى کە بەسەریدا دەسەپێنرێت، بەتەواوەتى بێ دەسەڵات و بێ چارەیە. لەبەر ئەوەى کە کۆمەڵگا چینایەتییە، دەوڵەت و ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتدار بۆرژوازین و هۆکارى فەرمانڕەوایی ئەون، ڕێبازە بۆرژوایییەکان هەر پێناسەیەک سەبارەت بە ئازادى بەدەستەوە بدەن، بەشێکە لە میکانیزم و دامودەزگاى بەرتەسککردنەوەى ئازادیی جەماوەریی کرێکار لە کۆمەڵگادا. ناکرێت چینى دەسەڵاتدار هەبێت و ئازادیی سیاسى واقیعیش هەبێت. کۆمەڵگاى چینایەتى ناتوانێت کۆمەڵگایەکى ئازاد بێت. گومانى تێدا نییە کە لە ڕژێمە پەرلەمانییەکاندا تاکەکەس بەرەوڕووى کۆمەڵە هه‌ڵبژاردنێکی سیاسی دەبێتەوە و سەرپشکە بەم یان بەو شێوەیە لە ژیانى سیاسیی کۆمەڵگادا بەشدارى بکات. گومان لەوەشدا نییە کە تاکەکەس سەرپشکە لەوەى چوارچێوەى ئەو هه‌ڵبژاردنانه‌ی کە دەخرێنە بەردەمى، ئازادانە کامیانى لا پەسەنده‌ هەڵیژێرێت. گیروگرفتەکە لێرەدایە کە لە کۆمەڵگاى چینایەتیدا خودى ئەو کۆمەڵە هه‌ڵبژاردنه‌ سیاسییەى دەخرێتە بەردەم مرۆڤ و ئەو ڕێگایانەى نیشانى دەدرێت بۆ بەشداریى سیاسی، لەچاو ئازادیی واقیعى مرۆڤدا، ساختە و ئاوەژوون. سەرەتا من و تۆ وەک سرب و کروات، عەرەب و کورد، موسڵمان و دیان، سپى و ڕەشپێست، ژن و پیاو، لەسەرکار و بێکار و لەم جۆرە شتانە پێناسە دەکەن، سەرەتا هۆشیارى و ناسنامەى هەریەکەمان وەک ئەندامى تیرەیەک، نەژادێک، ئایین و وڵاتێکى دیاریکراو یان ئەندامى دەستەیەکى کۆمەڵایەتیى دیاریکراو پێناسە دەکەن، دواتر لەبەردەمماندا، واتە لەبەردەم ئەم مەخلوقاتە زمانبەستراوى ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتداردا، ئەو ڕێگا "ئازاد"انەیە دادەنێن کە ئایا وەک ژمارەیەک مرۆڤى مێشک وشک و ترسێندراو لەگەڵ میللەت و ڕەگەزى پەنادەستى خۆماندا خوێنەخۆرى یەکتر دەبین، یان تەنها ململانێى ئابوورى دەکەین؟ سەرەتا بەهۆى دەزگا بڵاوکەرەوە و ڕاگەیاندنە بیروباوەڕ دروستکەرەکانى چینى دەسەڵاتدارەوە، گۆڕەپانى سیاسیی کۆمەڵگا بەپێش پەرلەمانى حیزبە چەپ و ڕاستەکانى بۆرژوازى دەتەنن و دواتر داوامان لێ دەکەن، ئەویش زۆر بەپێداگرتنەوە نا، کە هەر چەند بەیانییەک دەنگ بۆ یەکێکیان بدەین. بێگومان ڕێفراندۆمى سەربەخۆیى لیتوانیا، ڕێفراندۆمى ڕەتکردنەوە و قه‌بووڵکردنى پەیمانى ماسترێخت، هەڵبژاردنەکانى جەزائیر و ... هتد. نیشانەى هەبوونى دیموکراسى و ئیرادەى فەردییە، بەڵام هەر خودى ئەو ڕێگایانەى کە دەیخەنە بەردەم جەماوەر کۆیلەیی هێنەره‌.

بە تێڕوانینى من، مەرجى پێویستى ئازادى، شۆڕشکردن له‌ دژى ڕامکردنی چینایەتى و چەوساندنەوەى چینایەتییه‌. کۆمەڵگاى نایەکسان، کۆمەڵگایەک کە نایەکسانیی وەک سیفەتێکى بنەڕەتى خۆى هەمیشە بەرهەم دێنێتەوە، ناتوانێت جێگەى ئازادى و ئیرادەى مرۆڤ بێت. دیموکراسیى لیبراڵى و ڕژێمى پەرلەمانى، به‌ هەر چه‌مکێکى ئازادیشەوە کە پاڵپشتى فیکرى بێت، نیزامێکى سیاسییه‌ و بۆ ڕێکخستنى ئەم کۆمەڵگایە و بۆ هەڵاواردنێکه‌ که‌ بنەماکه‌ی پێک ده‌هێنێت.

ئینته‌رناسیۆناڵ: پێشتر باسى ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراسیى ڕۆژئاوات کرد و وتت کە پێویستە جیاوازییەکانى ئەم چه‌مکە لەگەڵ دیموکراتیدا بناسین. دەکرێت لەم بارەیەوە ڕوونکردنەوەیه‌کی زیاتر بدەیت.

مه‌نسوور حیکمه‌ت: بەپێچەوانەوەى دیموکراتیى لیبراڵى یان لیبراڵیزم و پەرلەمانتاریزم و هتد. "دیموکراتیى ڕۆژئاوا" ده‌سته‌واژه‌یه‌که‌ هیچ سەرچاوەیەکى فەلسەفى و تیۆری نییە، ئەم چه‌مکه‌ لە مێژووى هاوچەرخدا بەرهەمى ململانێیەکى سیاسیی دیاریکراوە، یانى ململانێى بلۆکى ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و هەبوونى جەنگى سارد لە نێوانیاندا. چه‌مکى دیموکراتیى ڕۆژئاوا بە پله‌ی یەکەم مەبەست لە بلۆکێکى سیاسییە، نەک ڕژێمێکى سیاسی. ئەم ده‌سته‌واژه‌یه‌ زۆرتر مه‌کینەى ئایدیۆلۆژیی ڕۆژئاوا و زیاتر سیاسییەکان، لە ململانێ دژى ڕۆژهەڵات و سیسته‌مى ئابوورى و سیاسی دەسەڵاتدار لە بلۆکى ڕۆژهەڵاتدا بەکاریان دەهێنا. سەرەتا ئەوه‌ بڵێم کە لەم ساڵەى دواییدا بە چوونەسەرى پەتاى ناسنامەى ڕۆژئاوایی و ئەورووپى و بەتایبەتى بەداڕمانى ڕۆژهەڵات، ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراسیى ڕۆژئاوا بە ڕادەیەکى زۆر لەڕووى ناوەڕۆکەوە وردتر بۆتەوە. پێشتر وابەستەبوونى وڵاتێک بە ئۆردووگاى دیموکراتى ڕۆژئاواوە، کە پێى دەوترا جیهانى ئازاد، کە مەرج نەبوو ئەو وڵاتە هەر لە ئه‌ورووپا و ئەمه‌ریکاشدا بێت، یان هەر پەرلەمان و حوکوومه‌تى قانوونیشى هەبێت، به‌ڵکوو تەنها وابەستەبوون به‌ ئۆردووگاى ڕۆژئاوا بە شێوەیەکى لێڵ و ناڕۆشنیش بەس بوو بۆ ئەوەى ئەم ناوە لە وڵاتێک بنرێت. دیموکراسیى ڕۆژئاوا پراکتیکێکى سیاسی دیاریکراو نەبوو، به‌ڵکوو دەرخستنى لایەنگرى بوو بۆ زنجیرەیەک پێوەر و کۆمەڵێک بایەخى سەرەکیی سیاسی و فەرهەنگى، لەویش گرنگتر ئابوورى، کە ئه‌مه‌ریکا و ئه‌ورووپاى ڕۆژئاوا مەشخەڵ و بەرگریکەرى بنەڕەتییان بوون. هەر بۆیە ته‌وه‌ره‌ی بنەڕەتى ئەم چه‌مکە پیرۆزڕاگرتنى خاوەندارێتیى تایبەتى و وابەستەیی بە یەکێک لە پەیمانه‌ سەربازییەکانى سەربە ئەمه‌ریکاوە بوو. ڕۆشنە کە مۆدێلە سیاسییەکانى ئەمه‌ریکا و ئه‌ورووپاى ڕۆژئاوا، پەرلەمانى بوون و لەژێر کاریگه‌ری لیبراڵیزمدا بوون. بەڵام ناکرێت هەر وا بە ئاسانى هەمان شت سەبارەت بە ئیسرائیل، ئێرانى سەردەمى شا، فیلیپین، ژاپۆن، شیلى، یۆنان، تورکیا و ئەم جۆرە دەوڵەتانە، یانى ئەندامە فەخرى و یه‌ده‌کەکانى دنیاى دیموکراتیى ڕۆژئاوا بووبێت. بە کورتى قسەکەم ئەوەیە، کە ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراتیی ڕۆژئاوایی زیاتر هۆکارێک بوو لە ملاملانێى سیاسی و ئایدیۆلۆژیی نێوان دوو بلۆکەکەدا، نەک چه‌مکێک لە مەیدانى حوقووق و تیۆری سیاسیدا.

بەڵام وەک وتم، ئەم چه‌مکە خەریکە ئەمڕۆ ناوەڕۆکێکى بەڕادەیەک تیۆریتر پەیدا دەکات. بێگومان تا ئێستاش ئەم ده‌سته‌واژه‌یه‌ پێش ئەوەى کۆمەڵە شێواز و دامەزراوە و پێکهاتوویەکى سیاسی بگرێتەوە، مەبەستى جۆرێکى دیاریکراوە لە "مەدەنییەت" و ئاستى ژیان و "فەرهەنگ". دیموکراتى ڕۆژئاوا دەرخەرى جۆرێکى دیاریکراوە لە ژیان، نەک تەنها ڕژێمێکى سیاسیی تایبەتى. پێدەچێ ئەمڕۆ لێکۆڵه‌ره‌ سیاسییە ڕۆژئاوایییەکان بەگشتى ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراتیى ڕۆژئاوا بۆ سەرمایەدارییە پێشکەوتووە پیشه‌سازییەکان بەکار بێنن، کە ئاستى بەکارهێنان (الاستهلاک) تیایاندا بەرزە و نه‌ریتە دواکەوتووە قەومى و میللى و دینییەکان بوونەتە پاشکۆى فەرهەنگى فەردخوازانە و ململانێخوازانەى سەرمایەداریی پیشەسازى، بەتایبەتى ئایدیۆلۆژیی بۆرژوایی بووبێتە هێزێکى ماددیى ئەوتۆ کە بتوانێت پێکدادانە سیاسی و فەرهەنگییە توندوتیژەکان جڵەو بکات. هیندستان هەرچەندەش پەرلەمانەکەى پەرلەمان بێت و هەڵبژاردنەکەشى بێ دەستتێوەردان، بەم وەزعە و بەم خەڵکەیەوە، بەم ململانێ میللی و دینییانەوە کە سەرتاپاى داگرتووە، بە نموونەى "دیموکراتیى ڕۆژئاوا" دانانرێت. بەڵام ژاپۆن تەنانەت ئەگەر گشت سیاسییەکانیشى داردەستى کانگسترەکان و بەرتیلخۆرى کۆمپانیاکان بن، بە دورگەیەکى دیموکراسیى ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی دونیادا دادەندرێت. لەوانەیە تایوان و کۆریاى باشووریش هەر وا سەیر بکرێن. بە تێڕوانینى من ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراتی لەوێوە سەرنجراکێشە کە ئه‌وه‌مان بۆ دەردەخات "سەرەوە" لە دیموکراتییەت چى دەوێت و بەناوى دیموکراتییەوە چى دەکات. ئەم ده‌سته‌واژەیە زۆر جیددیتر و واقیعیتره‌ لەو ئه‌فسانه دیموکراتییەى کە ڕۆشنبیرە لیبراڵەکانى کۆمەڵگا چ لە دنیای سیاسەت و چ لە زانکۆکاندا دەرخواردى خەڵکى دەدەن.


انترناسيونال شماره ٦

ئینته‌رناسیۆناڵ: بنچینەى ڕەخنەى مارکسیستى لە دیموکراسیی لیبراڵى و پەرلەمانى وه‌کوو چوارچێوەیەک بۆ جێبەجێبوونى عەمەلیی ئازادیی سیاسى لە کۆمەڵگا چییە؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: دواتر کەمێک ئیسپاتیتر چەند قسەیەک سەبارەت بە ده‌سته‌واژه‌ی ئازادى دەکەم. بەڵام دەربارەى دیموکراسیی لیبراڵى یەکەم خاڵ کە دەبێ سەرنجى بدرێتێ ئەوەیە کە سەرەڕاى ئەوەى لیبراڵیزم و بیرکردنەوەى دیموکراسیى پەرلەمانى وه‌کوو هەموو شێوە ئایدیۆلۆژی و تیۆرییە کۆمەڵایەتییە بۆرژوایییەکان هەوڵ دەدات ڕیشەى چینایەتیى خۆى بشارێتەوە و وه‌کوو کۆمەڵە پرانسیپ و ڕاستییەکى گشتى و "مرۆیى" دەرکەوێت، بەڵام ناوەڕۆکى چینایەتى و جێگاوڕێگاى لە ڕێکخستنى دەسەڵاتدارێتى بۆرژواییدا بە ئاسانى دەبینرێ. هەر وه‌کوو وتم، لیبراڵیزم ئایدیۆلۆژییه‌که‌ له‌ خاوه‌ندارێتی بۆرژوازیییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ و داکۆکی له‌ خاوەندارێتیی بۆرژواییش دەکات. لیبراڵیزم وه‌رگێڕراوی میکانیزمى بازاڕ و پێداویستییەکانێتى بە زمانى تیۆریی سیاسی و حوقووقی. دیموکراسیی لیبراڵى بە پەرلەمان و هەڵبژاردن و شتەکانى دیکه‌یه‌وه‌، نیزام و سەرخانى سیاسیی کۆمەڵگایەکە کە تایبه‌تمه‌ندییه‌ بنچینه‌یییه‌کانی لە ئاستێکى بنەڕەتیتردا لەسەر بنەماى پەیوەندیى بەشە جیاجیاکانى کۆمەڵگا بە دەسەڵاتى سیاسییەوە دیارى کراوە. ئایدیۆلۆژیی زاڵ ماهییه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌ستنیشان ناکات، به‌ڵکوو له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و ئاراسته‌ی ده‌کات. بەم پێیە دیموکراسى لیبراڵى ڕێک پێچەوانەى ئەو شتەیە کە بانگه‌شه‌ی بۆ دەکرێت. دیموکراسیى لیبراڵى چوارچێوەیەک بۆ بەشداریکردنى جەماوەرى خەڵک لە کاروبارى دەوڵەت و دەسەڵاتى سیاسیدا نییە، به‌ڵکوو پاکانە و ڕووپۆشێکە بۆ پیادەکردنى دەسەڵاتى چینێک، کەمایەتییەک، بەسەر کۆمەڵگادا. لەبەرامبەر دەستدرێژى و ملهوڕییەکانى خاوەن دەسەڵاتەکاندا، پارێزراوبوونى مافە سەرەتایییەکانى مرۆڤ، چ گشتى و چ فەردى، زامن ناکات، به‌ڵکوو چەند بڕیار و پێوانەیەکە بۆ شێوەى شەرعییەتپێدانى حاشاکردن، وە یان زەوتکردنى ئەم مافانە. دیموکراسى چه‌مکێکە پەیوەندە بەشەرعییەتپێدانى دەوڵەتەوە، نەک بەجێگیربوون، وە یان دیاریکردنى که‌سایه‌تیی سیاسیی دەوڵەتەوە. دەوڵەتى دیموکراتیک دەوڵەتێکە، ڕه‌وابوون و قانوونیبوونی لە دەنگدانى خەڵکەوە وه‌ردەگرێت. بەڵام خودى وجوودى دەوڵەت، دەسەڵاتەکەى، ئەو بەرژەوەندییانەى کە بەشوێنیانەوەیە و ئەو چینەى کە دەوڵەتى لەدەستدایە لە ڕێگەى دەنگدان و پەرلەمانەوه‌ دیارى ناکرێن و لە ڕێگەى پەرلەمانەوە ناپارێزرێن. ئەمانە ئیتر لەدەرەوەى پرۆسەى دیموکراتیک و لەجەرگەى خەباتى چینایەتیى بەرینتر و بە هۆی جیاوازەوە ئەنجام دەدرێن.

دیموکراسیى لیبراڵى شێوازێکە بۆ ڕه‌واییبه‌خشین بە ده‌سه‌ڵاتدارێتی هەر ئێستا دامەزراوى بۆرژوازى و شاردنەوەى خەسڵەتە چینایەتییەکەى-بەڵام خودى ئەم ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌یه‌، ئازادى پێشێل دەکات و لەگەڵیدا ناکۆک و ناتەبایە. دیموکراسیى لیبراڵى، وە یان هەر مەکتەبێکى سیاسیی دیکە، کە چوارچێوەى فیکرى و ئیدارى ئەم حاکمییەته‌ بێت، هەر بەم چەشنە بە ئازادى بێگانەیە. تەنانەت لە کامڵترین دیموکراسیى ڕۆژئاواییشدا، پەرلەمان، دەستوورى وڵات، نه‌ریتەکان، یاسا لیبراڵییەکان و شتى دیکە، پایەکانى دەسەڵاتى سیاسی و جێوڕێى ئەسڵیى بەماددیکردنیشى نین. لەبنەڕەتدا حاکمییەتى بۆرژوازى لەسەر زۆرنواندن، یان هەڕەشەى زۆرنواندن لەدژى خەڵک ڕاگیراوە. سەرکوت، تۆقاندن و فریودان ته‌وه‌ری حوکوومه‌تى بۆرژوایییە. هێزى چەکدارى سەرکوتگەر، چ سوپا و پۆلیسی ئاشکرا و چ دەزگا نهێنییەکانى سەرکوت، دادگاکان و زیندانەکان و تەواوى سیسته‌مى دادوه‌ری و سزادان، ئەمانە هەموویان که‌ناڵه‌ ئەسڵییەکانى دەسەڵاتدارێتى و زامنى پاڕاستنى ئەم دەسەڵاتەن. بڕیارە سیاسییە بنەڕەتییەکان لەناو کۆڕ و کانوونە جۆراوجۆرەکانى چینى دەسەڵاتدار و لە ڕێگەى ئۆرگان و دەزگا نافه‌رمییه‌کانەوە دەدرێن و تەنانەت کارى نوێنەرایەتیى ئەنجوومەن خۆى لەخۆیدا بە ماناى ئاگاداربوونى نوێنەرانى ناوبراو لە کارکردەکانى نییە، نەخوازەڵا بەشداریکردن تیایاندا. تەنانەت لە نیزامە دیموکراتیکەکانیشدا ئەنجوومەن لە زۆر باردا، ئامرازی بنچینه‌یی نییە بۆ ئەوەى ئەم سیاسەتە پەسەندکراوانە دەرخواردى خەڵک بدات. ئەمە لە بنەرەتدا کارى ئاژانسەکان و دەزگاکانى ڕاگەیاندنى چینى دەسەڵاتدارە.

تا ئەو جێگایەى دەگەڕێتەوە سەرمافە سەرەتایییەکانى خەڵک، ئەوا درێژە و مانەوەیان پەیوەندى ڕاستەوخۆى بە دڵگەورەیی و تەحەموولى ئابوورى و سیاسیی بۆرژوازییەوە هەیە. هیچ دیموکراسییەک لە دنیادا نییە کە چه‌مکی "بار و دۆخى نائاسایی" و حوکوومەتى سەربازى و هەڵوەشاندنەوەى مافە مەدەنییەکان لە یاساکان و نه‌ریتە حوقووقییه‌کاندا تێهەڵکێش نەکرابێت. هیچ کەس نابێت بۆ ساتێکیش لەوە بەگومان بێت، کە تەنانەت لە کاتێکدا بۆ نموونە، لە هەڵبژاردنێکى ئاسایی لە وڵاتێکى وه‌کوو بەریتانیادا باڵى چەپى خودى حیزبى کار (کرێکار) بێتە سەرکار، ئەوا هەر لە هەمان ساتى تەواوبوونى هەڵبژاردنەکەوە ڕەوەندى دەخاڵەتى سوپا و پۆلیسى نهێنى بۆ سەرەوژێرکردنى به‌تۆپزی و سەرووقانوونى دەوڵەتى ناوبراو دەستپێ دەکات. خاسییەتى ئەم پاشا و شاژنانە کە لە کۆشکەکانى دیموکراسیى ڕۆژئاواییدا بە خەرجێکى بێشومار وه‌کوو سرکە هەڵگیراون ئەوەیە کە لە ڕۆژى تەنگانەدا وه‌کوو نیشانە بەرزەکانى وڵات و نیشتمان و سوپا دژى "خراپ کەڵک لێوەرگرتنەکانى چەپ" لە دیموکراسى بێنە مەیدان. مەبەستم ئەمەیە کە بازاڕى گەرمى دیموکراسیى لیبراڵى تەنانەت وه‌کوو چوارچێوەیەکى حوقووقیی شکڵى بۆ حاکمییەتى بۆرژوایى، یان زامنکەرى مافە فەردى و مەدەنییەکان، بەدەورانە ئاسایی و بێ قەیرانەکانەوە تەنگەبەر دەبێتەوە. لە دەورانى قەیرانگرتوودا، لە دەورەیەکدا کە ململانێى چینایەتى توندوتیژ دەبێتەوە، تەنانەت سەرکەوتنى سۆسیالیستییانەى چینى کرێکار وه‌کوو هەڕەشەیەکى بیلقووه‌ بۆ چینى دەسەڵاتدار دێتە ئاراوە، لە شەوێکدا ئەم بار و بنەیە دەپێچرێتەوە.

هەر چۆنێک بێت، نیزامى پەرلەمانى میکانیزمێکى ناڕاستەوخۆى بەشداریکردنى خەڵکە. نەک خەڵک، به‌ڵکوو بڕیارە کەسانێک بە نوێنەرایەتى ئەوان دەخاڵەت لە دەسەڵاتدارێتیدا بکەن. ئەم نوێنەرانە لە نیزامى پەرلەمانیدا "نوێنەرى پابەند" نین، واته‌، بەرپرسیار نین لەوەدا کە ویست و ئارەزووى ئەوانەی کە هەڵیان بژاردوون سەبارەت بە مەسەلە جۆراوجۆرەکان دەرببڕن، به‌ڵکوو لە پەرلەمانەکان و کۆڕ و کۆمەڵەکانى یاسادانان و شتى دیکه‌دا بۆچوون و ڕاى خۆیان ڕادەگەیەنن. بە واتایەکى تر، خەڵک نەک بۆ نوێنەرایەتى و قسەکردن لەجیاتى خۆیان، به‌ڵکوو وه‌کوو جێنشینى خۆیان لە مەسەلەى دەسەڵاتدارێتیدا هەڵیان دەبژێرن. بەم پێیە پرۆسەى هەڵبژاردن بە ماناى پرۆسەى مەشروعییەتپەیداکردنى دەوڵەتە، نەک دەخاڵەتى خەڵک لە سیاسەتدا. وە ئەمە، وه‌کوو پێشتریش وتم، مەسەلەى بنەرەتیی دیموکراسییە واتە، بەرقەرارى حوکوومه‌تێک کە به‌ڕواڵه‌ت لە خەڵکەوە هەڵقوڵاوە. هەڵبژاردن ئەمە بۆ چینى دەسەڵاتدار دەستەبەر دەکات. هەر چەند ساڵ جارێک لە لایەن خەڵکەوە ئەم مۆرى ته‌ئیدە وەردەگرن و دەچن بەسەرکارى خۆیانەوە. دەنگدەر هەر وه‌کوو پێشتر لە باسێکى تردا ڕوونم کردەوە، نەک وه‌کوو مرۆڤێکى دیاریکراو بە بۆچوونێکى دیاریکراوەوە، کە لە ماوەى نێوان دوو هەڵبژاردنیشدا هەروا زیندووە و قسەى هەیە، به‌ڵکوو وه‌کوو تاکێک کە دەژمێردرێت، لەم سەرژمێرییە ناوبەناودا ئامادە دەبێ. نە کەسێک لێى دەپرسێت و گوێى لێ دەگرێ، نە دەستى بە جێگایەک دەگات و نە تا چوار ساڵى دیکە، کە دووبارە دەنگى بێ بایەخى لە نۆبەیەکى تردا بخاتەوە سندوقەوە، سەبارەت بەو یاسایانە کارێکى لەدەست دێ، نوێنەرانى ناوبراو سەبارەت بە ژیانى ئەو په‌سەندیان دەکەن. دیارە دەتوانێ لەم ماوەیەدا ناڕەزایەتى دەربڕێ، بەڵام بە مەرجێک کە شار نەشێوێنێ و ناڕەزایەتییەکەى نەبێتە هۆى ڕوودانى پشێوى لە کاروبارى ئاسایی کۆمەڵگادا و زەحمەت و ناڕەحەتییەکى وا بۆ بۆرژوازیى سیاسەتمەدار و بۆرژوازیى کاسب دروست نەکات. ئەگەر وایش نەبێ، ئەوا وه‌کوو کرێکارى کانه‌کانى بەریتانیا، لەباربوونى خۆى بۆ بەهرەمەندبوون لە مافە مەدەنییەکانى لەدەست دەدات.

ئینته‌رناسیۆناڵ: لە ڕوانگەى خواستى پەیگیرانەترى دیموکراسییەوە، چەندین ڕەخنەى جۆراوجۆر لە مۆدێلى پەرلەمانى دەگیرێت وه‌کوو، ئەوەى کە ناتوانرێت نوێنەرەکانى لە لایەن ئەوانەوە کە هەڵیان بژاردبوون لاببرێن، مۆنۆپۆڵکردنی دەزگاکانى ڕاگەیاندن لە لایەن بۆرژوازییەوە، پڕخه‌رجیبوونى مەسەلەى بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا وه‌کوو، کاندید و تا ڕادەیەکیش وه‌کوو دەنگدەر، هەڵبژاردنى کۆمەڵە دەوڵەتێک کە بەکردەوە بەشێکى کەمى خەڵک دەنگى داونەتێ، چ بە هۆى کەمى ڕادەى بەشداربووان لە هەڵبژاردنەکان و چ بە هۆى شێوەى دیاریکراوی ده‌سنیشانکردنی کورسییەکانى پەرلەمانەوە لەسەر بنچینەى دەنگى حیزبەکان و شتى لەم بابەتە. ئەم جۆرە ڕەخنانە لە دیموکراسى لە باسەکەى ئێوەدا چ جۆرە جێگاوڕێگا و بایەخێکى هەیە؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: ئەمانە ڕەخنەگه‌لێکى بنەڕەتى نین لەم سیسته‌مە. بەشێکیان وه‌کوو ناڕەزایەتى لەو سیستەمانەى لە چەشنى بەریتانیا کە کورسییەکانى پەرلەمان بەپێى ڕێژەى سەدى ڕاستەوخۆى دەنگەکان دابەش ناکرێن، لە بنەڕەتەوە تەنانەت وه‌کوو ڕەخنەش ناژمێردرێن. هەر چۆنێک بێت، لە پێش هەموو کەسێکه‌وه‌، خودى بیرمه‌ندانی بۆرژوایی بە ڕوونى و ڕاشکاویی تەواوەوە ئەم کەموکووڕییانە باس دەکەن و بە گەڕانەوە بۆ پرانسیپه‌کانی دیموکراسى و لیبراڵیزم، باش و خراپیى ئەم خاڵانە بۆ هەموومان لێک دەدەنەوە. لاوازیی بنەڕەتى، خاڵێک کە بە بڕواى من کرۆکى ڕەخنەى مارکسیستییە لەم نیزامە، ئەوەیە کە مەسەلەى دەوڵەت و دەسەڵاتى سیاسی به‌ بەشێکى جیا لە ئابووریى سیاسی و خەباتى چینایەتی لە کۆمەڵگادا دەژمێردرێت و ڕاڤه‌یه‌کی حوقووقی و ئیداریى ڕووت بۆ دەوڵەتى بۆرژوایی دەخرێتە ڕوو. ئەو وێنایه‌ی کە لاى وایە ئەوە خەڵکن کە تا ئێستا لە پرۆسەیەکى کەم و زۆر ئازاد و دادپەروەرانەدا، بە دەنگى خۆیان دەوڵەت هەڵدەبژێرن، وێنایه‌کی ئاوه‌ژووه‌، لەسەر بنەماى دابەشکردنى دەسەڵاتى ئابوورى، لەسەر بنەماى دەسەڵاتى سەرمایە بەسەر ژیانى بەرهەمهێنان و کۆمەڵایەتیدا، لەسەر بنەماى هاوسەنگیى ئایدیۆلۆژیکى کۆمەڵگا و خۆ هۆشیاریی خەڵک، خاوەنى چینایەتیى دەوڵەت پێشتر دیارى کراوە. بەر لە هەڵبژاردن و پەرلەمان، هێزى چەکدارى سەرکوتگەرى بۆرژوایی بۆ پارێزگارى به‌تۆپزی لەم دەسەڵات و دەوڵەتە هەیە و ڕێکخراوە. یاسا و حوقووقه‌ جەزایییەکان، بە نووسراو و نەنووسراوەوە، بۆ پارێزگارى لە دەسەڵاتى بۆرژوازى و پیرۆزڕاگرتنى وێنای بۆرژوا لە کۆمەڵگادا، هەروەها دادگا و زیندانەکانیش بۆ دەستەبەرکردنى جێبەجێبوونیان لە ئارادان. هەڵبژاردن ئەوە دیارى دەکات، کە کام ڕه‌وت و پارت و کۆمەڵە ئەفراد، بە کام بەرچاوڕۆشنى بەرنامەیی و شێوەکانییەوە، بەڕێوەبردنى ئەم سیستەمە و دیاریکردنى کاره‌ له‌پێشینه‌ ته‌نفیزییەکانى بۆ دەوره‌یەک لە ئەستۆ دەگرێت. کۆمەڵە ڕەخنەیەکى لەو بابەتە، کە هەر چۆنێک بێت لەڕووى دڵسۆزییەوە بۆ حاڵى چەپ دەخرێتە ڕوو، هۆى بنەڕەتیى ئاکامى چەپى ڕادیکاڵ لە نیزامە پەرلەمانییەکاندا پەردەپۆش دەکات و مۆرى ڕاست و دروستى لە خۆشخه‌یاڵیی پەرلەمانیی چەپ بە تایبەتى لە وڵاتانى ئه‌ورووپاییدا دەدات. بە پێچەوانەى وێنای ڕەخنەگرانى دیموکرات لە دیموکراسیى پەرلەمانى، هۆى بنچینەیی ئەوەى کە چەپى ڕادیکاڵ لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر بە کەمى شتێک بەشتێک دەکات ئەوە نییە کە پارەیان نییە تەبلیغات بەڕێ بخەن، پرۆسەى هەڵبژاردن دیموکراتیک نییە، یان فۆرموولی ماتماتیکی دیاریکردنى کورسییەکان لە پەیوەند بە ژمارەى دەنگەکانەوە بە قازانجى حیزبە گەورەکان کار دەکات و شتى لەم بابەتانە. هۆیەکە ئەمەیە کە دەنگدەر و بەر لە هەموومان جەماوەرى فراوانى خودى چینى کرێکار، وێنایه‌کی واقیعیتر و خۆشخه‌یاڵی که‌متری سەبارەت بە جێگاوڕێگاى هەڵبژاردن و پەرلەمان لە ژیانى خۆیاندا هەیە. دەزانن کە هەڵبژاردن ئامرازی ئاڵوگۆڕى ڕیشەیی لە کۆمەڵگادا نییە. دەزانن کە خاوەنى چینایەتیى دەسەڵاتى سیاسی لە ڕێگەى هەڵبژاردنى پەرلەمانییەوە دیارى ناکرێت. دەزانن کە لانی زۆرى چاوەڕوانى لە پەرلەمان بریتییە لە کۆمەککردن بە مەسەلەى کۆمەڵە ڕێفۆرمێکى دیاریکراو. دەزانن کە هەڵبژاردن بۆ بوون و نەبوونى سەرمایە و سەرمایەدارى نییە، به‌ڵکوو بۆ ئەوەیە کە بەشى ئەوان لە ئیمکاناتى کۆمەڵگاى ئێستا لە ده‌ورەى داهاتوودا هەندێ کەم و زیاد بکات، دەزانن کە ئاکامى هەڵبژاردنى پەرلەمان تەنها ڕەنگدانەوەیەکى کەم تا زۆر وەفادارانەى هێزهاوسەنگییەک دەبێ کە ئێستا لەدەرەوەى پەرلەمان و دیموکراسیدا، لەناو چینەکاندا بەرقەرارە. ڕەنگە کرێکار هۆشیارانە دوژمنى سەرمایەدارى بێت، بەڵام لە هەڵبژاردنى پەرلەمانیدا بەگشتى، نەک دەنگ بەو حیزبانە دەدات کە خوازیارى شۆڕش لە دژى سەرمایە، به‌ڵکوو دەنگ بە باڵى چەپى بۆرژوازى خۆى دەدات. دەنگ بە حیزبێک دەدات کە بە حیسابى خۆى دەتوانێ جێگاوڕێگاى لە پەیوەند به‌و سه‌رمایه‌یه‌ی کە له‌کاردایه‌ چاک بکات. ئەگەر ئاڵوگۆڕى ڕیشەیی وەک شتێکى عەمەلى نەیاتە بەرچاو (کە خودى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن و ڕه‌سه‌نایه‌تیی پەرلەمان و له‌ئارادابوونی بار و دۆخى ناشۆڕشگێڕانە ئەمە لە خەڵک دەگەیەنێت)، ئەوا ئەو کاتە زۆر ئاسایییە کە توێژە بێبەشەکان کە ئیتر دەبێ بە ڕێفۆرم ڕازى بن، بەو که‌سایه‌تی و حیزبە ڕێفۆرمخوازانەى چینى دەسەڵاتدار دەنگ بدەن کە بەحیسابى خۆیان تواناى ماددیى عەمەلیکردنى ئەم ڕێفۆرمانه‌یان هەیە. گیروگرفتى چەپ ئەمە نییە کە بۆچى دیاریکردنى کورسییەکان بە ڕێژەى ڕاستەوخۆى دەنگەکان نییه‌ و بۆچى حیزبێکى ترۆتسکیستى لاکۆڵان لە تواناى ڕاگەیاندنى تەلەفیزیۆنیی یەکسان بەهرەمەند نییە، تا به‌ڵکوو لەناو ٤٠٠ نەفەردا ئەویش بۆ خۆى نوێنەرێکى هەبێت. گرفتەکە لە وێدایە کە لە بار و دۆخى ئاساییدا، کرێکار بەگشتى، ئەو کەسە بە نوێنەرێکى باش بۆ که‌وتنه‌دوای بەرژەوەندییە ڕۆژانەکانى خۆی لەم ڕێرەوە تایبەتەدا نازانێ، کە لە هەڵوێستى شۆڕش له‌ دژى سەرمایەوە دەیەوێ بۆ ماوەى چوار ساڵ ببێتە نوێنەرى ئەنجوومەن. خەڵک تەنها لە دەورانى قه‌یرانی شۆڕشگێڕانەدا نەبێت (کە لەو بارەدا ئیتر پەرلەمانیش وه‌کوو جاران لە کۆمەڵگایەکدا کە ئارامیی تێدا نییە، ناوەندى یاسادانان نییە، به‌ڵکوو بڵندگۆیەکە بۆ ئاژیتاسیۆن و مانۆرى سیاسی)، ئیتر به‌ تەواوى شارەزای بڕیاربازى پەرلەمانییەکانن و چاودێری دەکەن. یەکێک لە گرنگترین ئەو بڕیارانه‌ ئەوەیە، کە براوەى چینایەتیى یارییەکە لەپێشەوە دیارە، ئه‌گه‌ر نا، هەموو ئەم بار و بنەیە دەپێچرێتەوە.

ئینته‌رناسیۆناڵ: بەم پێیە بە بڕواى ئێوە، بەدیهێنانى ئەم جۆرە چاکسازییانه‌ لە نیزامى پەرلەمانیدا، ئەم نیزامە لە ته‌سویری مارکسیستى بۆ ئازادى نزیکتر ناکاتەوە؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: باسی ئازادى لە ڕوانگەى مارکسیستییەوە بە تەواوى لە لاپەڕەیەکى ترەوە دەستپێ دەکات. بابەتى دیموکراسى "دەوڵەتى شەرعى"یە. بەڵام ئازادى ده‌سته‌واژه‌یه‌ک نییە پەیوەندى بە شێوەى حوکوومەت و پەیوەندیى نێوان تاک و دەوڵەتەوە هەبێت، به‌ڵکوو پەیوەندی بە خودى حوکوومەت و بوون و نەبوونى دەوڵەتەوەیە. چه‌مکی بنەڕەتى لە باسى ئازادیدا، چین، وه‌به‌رهێنان و سەرکوتى چینایەتییە. ئەمە سەرچاوەى دەوڵەتە. مەرجى ئازادیی واقیعى مرۆڤ، سڕینەوەى دابەشبوونى چینایەتى، کۆتاییهاتنى وه‌به‌رهێنانی بەشێکى کۆمەڵگا لە لایەن بەشێکى ترەوه‌، لەنێوچوونى بنەماى سەرکوت و زەوتکردنى ئازادى و لە ئاکامدا ئاوابوون و نەمانى دەوڵەتە وه‌کوو ئامرازی داسەپاندنى بەرژەوەندییە چینایەتییەکان و پاڕاستنى باڵادەستیی چینایەتییه‌. نیزامى پەرلەمانى نەک هەر به‌ ئه‌ندازه‌ی نووکە دەرزییەک لەم چه‌مکانه‌ نزیک نابێتەوە، به‌ڵکوو خۆى یەکێکە لەو ڕێگرى و کۆسپانەى کە کۆمەڵگاى مرۆیى لە ڕێرەوى ئازادیی کامڵ و واقیعیدا دەبێ لەسەر ڕێگاى لابەرێت. چه‌مکی ئازادى لە مارکسیزمدا بۆ مەیدانى سیاسەت و ئابوورى، وە یان بۆ کۆمەڵگا و فیکر بەشبەش ناکرێت. ڕزگارى، ڕزگارییه‌کی تەواو کەماڵە. ناوخۆیی و دەرەکى. هەر ئەو پرۆسەیە ئەو ڕێگرییە ناوخۆیییانە لەناو دەبات کە ڕێگا لە ئیرادەى ئازادیى مرۆڤەکان دەگرێت، لەخۆ نامۆبوونى مرۆڤەکان و هەموو ئەو بەرژەوەندییە ماددی و‌ مەعنەوییە لنگەوقوچانەى کە مرۆڤەکان بۆ قه‌بووڵکردنى ئەخلاقییانەى نایەکسانى و کۆیلەیەتى و قه‌بووڵکردنى دەورى سەرکوتگەر و سەرکوتکردن و پاڵپێوە دەنێت، لەنێو دەبات. یاساکان و پێویستیی یاساکان هەردووکیان پێکەوە لەنێو دەچن. هەر ئەو پرۆسەیەى کە یەکسانى دێنێ، لەگەڵ خۆیدا مرۆڤدۆستى و ڕێزگرتنى قووڵ لە ئاسودەیی و ئازادیی یەکتریش دێنێ. ناکرێ لە لایەکەوە کەسێک هەبێ، کرێ بدات و به‌شوێن قازانجەوە بێت، لەولاشەوە کەسێک کرێ وەربگرێت و ناچار بە کارکردن بکرێت و کەچى لە مەیدانى سیاسیشدا ئازاد بێت. ناکرێ چینە باڵادەستەکان و چینە چەوساوەکان هەبن و دەمارگیرى و دواکەوتوویی و زوڵم و زۆردارى و تاوان لە ئارادا نەبن. ئازادیی واقیعى، تەنها بەرهەمى ئاڵوگۆڕى سۆسیالیستییانەى کۆمەڵگا و دەرچوونى مرۆڤە لە دەورانى وەحشیگەرییە چینایەتییەکەى. ئازادیی واقیعى، چه‌مکێکى کۆمەڵایەتى و هەمەلایەنەیە، نەک تەنها چه‌مکێکى حوقووقی و کارگێڕی. بەم پێیە ئازادیی واقیعى بابه‌تێکی دیموکراسى نییە، چونکە دیموکراسى و لیبراڵیزم دواى بەفەرزوەرگرتنى بنه‌مای کۆمەڵایەتى و ئابووریى بۆرژوایی و دواى بەفەرزوەرگرتنى بوونی سەرمایە و قازانج و کرێ و بازاڕ و خاوەندارێتیى تایبەتى، دەچێتە سەر تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی سەرخانى سیاسى و کارگێڕیی کۆمەڵگا.

ئینته‌رناسیۆناڵ: ئایا ڕەخنەى ئێوە لە دیموکراسی، هیچ مۆرکێکی دەورانى نییە؟ مەبەستم ئەوەیە، کە ئایا لەڕووى مێژوویییەوە، سەرهەڵدانى دیموکراسى وه‌ک ئامرازێک بۆ بەرینکردنەوەى ئازادیی واقیعیى مرۆڤەکان نەبووە، وه‌ یان ئێستا ناتوانێ لە هەندێ کۆمەڵگادا بەو شێوەیە بێت؟ ئایا ڕەخنەى مارکسیستێکى ئەم سەردەمە لەم بیرکردنەوە و نیزامە، ڕەخنەیەکە لە کۆنبوونى، وە یان لە ناتەبایی هەمیشەیی و بناغەیی ئەو لەگەڵ ئازادیی واقیعیدا؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: لە هەردووکیان. بە بڕواى من لەم ڕووەوە ڕەخنەى ئێمە لە لیبراڵیزم و دیموکراسى، وه‌کوو ڕەخنەی ئێمه‌ لە خودى شێوەى بەرهەمهێنانى سەرمایەدارییە. کاتێک که‌سی بەرهەمهێن لە وابەستەیی بە زەوى و لەژێر کۆنترۆڵی ئەربابى دەرەبەگ دەردەچێت و دەبێتە "کرێکارێکى ئازاد" کە دەتوانێ ئازادانە هێزى کارەکەى بفرۆشێت، پێشڕەوییەکى مێژوویییە. بەڵام هیچ کەس چه‌مکی "کرێکارى ئازاد"، کە لە واقیعدا بە ماناى مرۆڤێکى داماڵراوە لە هەموو جۆرە موڵکییەتێک، کە ناچارە هێزى کارى خۆى بفرۆشێت، لەگەڵ ئازادیى واقیعیى مرۆڤەکان لە مەیدانى ئابووریدا بەیەک شت دانانێت. پەیدابوونى دیموکراسى و بەرقەراریى کۆمەڵە مافێکى مەدەنى لەسەر بنچینەى پرانسیپه‌ لیبراڵییەکان و پەیدابوونى ده‌سته‌واژه‌ی تاک و هاوڵاتى وه‌کوو بنەماى ڕواڵه‌تیی بەدەستهێنانى مەشروعییەتى حوکوومه‌ت، پێشڕەوییەکى مێژوویی لە بەرامبەر حوکوومه‌تە ڕه‌هاکاندا بوو. بەڵام ئەمە بە بەراورد لەگەڵ ئازادیى واقیعیدا، لەگەڵ ئەو تیۆره‌ی کە بزووتنەوەى سۆسیالیستى بە هەموو تەوەهومات و ناڕۆشنییەکانییەوە و هەر ئەو کاتە بۆ ئازادیى واقیعی دەیخاتە ڕوو، دواکەوتووانەیە. سۆسیالیزم و دیموکراسى، دوو فیکرەن بەدرێژایی مێژووی سەرمایەدارى، شانبەشانى یەکتر وجودیان هەبووە و گەشەیان کردووە. دوو بزووتنەوە لە تەنیشت یەکدا و ناتەبا لەگەڵ یەکتر و بێگومان لە زۆر حاڵەتیشدا تێکەڵ بەیەک. بەم پێیە ڕەخنەى سۆسیالیستى لە دیموکراسى و بەدیلی سۆسیالیستى بۆ دیموکراسى بە ئەندازەى خودى دیموکراسى کۆنە. ڕەخنە جەوهەرییەکانى سۆسیالیزم لە دیموکراسى، کە لە واقیعدا ڕەخنەیە لە تێڕوانین و پێناسەى بۆرژوایی بۆ ئازادى و بۆ دەوڵەت و سەرخانى سیاسی لە سەرمایەداریدا، سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر بە هەمان ڕادەى ئەمڕۆ مەوزوعییەتى هەبووە. ئەو تیۆرەى کە پێى وایە، بەرقەرارى دیموکراسى، بەو تێگەیشتنەى کە من لەم باسەدا لەسەر دیموکراسى بەدەستەوەم دا، لە هەندێ کۆمەڵگاى ئەمڕۆدا، هێشتا دەتوانێت هۆیه‌ک بێت بۆ بەرینبوونەوەى ئازادیی مرۆڤەکان، بە بڕواى من تیۆرێکى ساویلکانەیە و دوورە لە هەر ڕوانگەیەکى ڕەخنەگرانە. بەو مانایە کە ئازادیخوازى لەم وڵاتانەدا دەداتە دەست خوا (واتە له‌کۆڵ خۆى دەکاتەوە/ و.). ئه‌مڕۆ ئیتر دیموکراسى کۆمەڵە حوکمێک سەبارەت بە ئازادیى چاپەمەنى و بیروباوەڕ و مامەڵەى باش لەگەڵ کەمایەتییەکان (تەنانەت ئەگەر ڕۆژێک ئەمانەش بووبێت) نییە، مۆدێلێک نییە کە بتوانرێ دڵخوازانە لە هەموو شوێنێک عەمەلى بکرێتەوە، به‌ڵکوو ناونیشانێکە بۆ ڕژێمێکى سیاسیی بۆرژوازیى ئەم سەردەمە. ناکرێت خوازیارى دیموکراسى بیت وه‌کوو ئۆرگانێک و سەرخانێکى سیاسیی پتەو و قایم، وه‌لێ حوکوومه‌تى بۆرژوازیت نه‌وێ. لەبەر ئەمە، ئەوە بۆرژوازى و بەرژەوەندییەکانى ئەوە کە ماناى عەمەلیى دیموکراسى و بەشى خەڵکیى کۆمەڵگایەک لە ئازادى لە هەر بارێک و لە هەر دەوره‌یەکدا دیارى دەکەن. ئەگەر لە جێگایەکدا بۆرژوازى ئیستیبدادى بێت و بایەخێک بۆ مافه‌ فەردى و مەدەنییەکان دانەنێت، کە ئەمە کەمکەم خەریکە لە کۆتایی سەدەى بیستەمدا هەموو دنیا دەگرێتەوە، ئەوکاتە چاوەڕوانیکردنى بەرینبوونەوەى ئازادى لە ڕێگاى دیموکراسییەوە خەڵک و خۆ هەڵخەڵەتاندنە. ئه‌مڕۆ ئیتر دیموکراسى خۆى وه‌کوو ئەنتیتێزى فیۆداڵیزم و پاشایەتیى ڕه‌ها و حوکوومه‌تى دینى ناناسێنێ، به‌ڵکوو ڕێک و ڕاست قەڵغانى بەرگریى بۆرژوازییە لەبەرامبەر ئازادیخوازیى کرێکار و ئەو کۆمەڵە چاوەڕوانییە ئازادیخوازانەیەى کە لە جیهانى ئەمڕۆدا ئیلهام لە سۆسیالیزمەوە وەردەگرن.

ئینته‌رناسیۆناڵ: بەم شێوەیە ئایا بە بڕواى ئێوە وشه‌ و چه‌مکی دیموکراسى، ناکرێ لە لایەن چینى کرێکار و بزووتنەوەى کۆمۆنیستیى کرێکارییەوە سوودى لێ وەربگیرێت؟ با پرسیارەکە ئاوا بخەمە ڕوو: بۆچى ناتوانرێ لەبەرامبەر گوزارشتی بۆرژوایی بۆ دیموکراسى، گوزارشتێکى پرۆلیتارى و سۆسیالیستانە بۆ دیموکراسى هەبێت، هەر بەو جۆرەى کە لە ئەدەبیاتى کۆمۆنیستى و لەوانەش لە بیرى خودى لێنیندا هه‌بووه‌ و لەناو کۆمۆنیستەکاندا ده‌سته‌واژه‌یه‌کی کۆن و مەقبووڵ بووە؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: من دژایه‌تییه‌کی فۆنەتیکیم لەگەڵ بەکارهێنانى وشه‌ى دیموکراسیدا نییە. لە زۆر باردا خەڵک لەجیاتى چه‌مکی ئازادى، بەرقەراریى مافە مەدەنییە ناسراوەکان، وە یان تەنانەت لەجیاتى بوونى تەحەمولى سیاسی و کۆمەڵایەتى لە بەرامبەر بیروڕا و عاده‌ت و نه‌ریته‌ جۆراوجۆرەکان و شتى لەم بابەتانەدا، لەم ده‌سته‌واژه‌یە کەڵک وەردەگرن. ئەوەى کە من دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە، ئەم چه‌مکه‌ لەو جێگایەدا کە وه‌کوو ئایدیاڵێکى سیاسی بەکار دەبرێت و بەتایبەتى لەو جێگایەدا کە چەپ دەچێتە سەر ناساندن و پیاهەڵدانى، چه‌مکێکی گومڕاکه‌ره‌ و لەڕووى سیاسییەوە زیان لە خەبات بۆ ئازادیى واقیعی دەدات. باسەکەى من ئەوەیە کە دیموکراسى هاوتاى ئازادى نییە. دیموکراسى شێوازێکی حوکوومەتى و زنجیرە ئایدیا و پراکتیکێکى سیاسییە لەگەڵ بوونی کۆمەڵایەتى سەرمایە و ئەو بێمافییە سیاسییانەدا دەگونجێت کە لێوەى سەرچاوە دەگرن، بە تایبەتى لە سەردەمى ئێمەدا هیچ پەیوەندییەکى بە بەرینبوونەوەى مافەکانى جەماوەرى خەڵکەوە نەماوە. دیموکراسى ناوێکى سیاسی و ئارمێکە بۆ بار و دۆخێکى سیاسی و ئابووریى کۆنەپەرستانە کە تیایدا پیرۆزیی بازاڕ ته‌وه‌ر‌ی بنچینه‌یییه‌تی.

ئەوە ڕاستە، کە تا ئێستا وشه‌ى دیموکراسى بە گشتى لە ئەدەبیاتى کۆمۆنیستیدا لایەنێکى پۆزه‌تیڤی هەبووە و وه‌کوو وشه‌یەکى بنچینەیی لە خەباتى سیاسیدا و لە مەسەلەى تاکتیکدا حیساب کراوە، بەڵام ئەمە ئیتر بە بڕواى من دەبێ ئاڵوگۆڕى بەسەردا بێت، چونکە بار و دۆخى بابه‌تی و ماناى عەمەلیى دیموکراسى و هەروەها تێڕوانینى کۆمەڵگاى ئەمڕۆ بۆ دیموکراسى ئاڵوگۆڕى بەسەردا هاتووە. ئەوەش بڵێم کە خودى مامەڵەى بیریارانی کۆمۆنیست لەگەڵ ده‌سته‌واژه‌ی دیموکراسیدا هەر لە نووسینە سەرەتایییەکانى مارکس و ئه‌نگڵس (١٨٤٣-١٨٤٧) سەبارەت بە ڕەوەندە فیکرییەکان و ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانى ئه‌ورووپاوە، تا دەگاتە شێوە مامەڵەى لێنین لەجەرگەى شۆڕشى ڕووسیا، لەگەڵ بزووتنەوە جەماوەرییەکانى سەرەتای ساڵانى بیستەکانی ئەم سەدەیەدا، ئاڵوگۆڕێکى واى بەسەردا هاتووە، کە خۆى لە لایەکەوە پێشاندەرى پلەیەک لە لێووردبوونەوەى تیۆرییە و لەوەش گرنگتر پێکهاتى کۆنکرێتى دیموکراسى و دیموکراتیزمە لە دنیاى واقیعیدا. لە نووسراوە مارکسیستییە کۆنەکاندا لە نێوان پرانسیپی دیموکراسى بە ماناى حوکوومه‌تی خەڵک، یان حوکوومه‌تی خەڵکى لەگەڵ لیبراڵیزم و پەرلەمانتاریزم وه‌کوو ناوەڕۆکى عەمەلیى دیموکراتیزمى بۆرژوایی، لێک جیاکردنەوەیەکى بەرجەستەتر له‌ ئارادایه‌ لەچاو ئەوەى ئەمڕۆ من دەیڵێم. لە کاتێکدا لیبراڵیزم و دیموکراسیی بۆرژوایی بە ڕۆشنى بە خاوەندارێتى تایبەتى و بازاڕ و سەرمایەوە گرێ دەدرێنەوە، دیموکراسى بە مانا گشتییەکەى بە ناونیشانى "کۆماریخوازى" و کۆتایی پاشایەتییە ڕه‌هاکان، بە ناونیشانى خواستى بوونى خەڵک بە سەرچاوەى دەسەڵات و دامەزراندى کۆمەڵگایەکى شارستانى پشتبەستوو بە یاسا و دڵسۆز بۆ ئاسودەیی و بەختەوەریی هاووڵاتیان و شتى لەم چەشنە تەماشا دەکرێت. لەم بارەدا دیموکراسى وشه‌ى ڕۆژە. لە مێشکى خەڵکدا هاوتاى هۆشیاربوونەوەى خەڵکە بە مافەکانیان و ویست و ئارەزوویانە بۆ بەدەستەوەگرتنى کاروبارى خۆیان. لەسەر ئەم بنەمایەوەیه‌ کە مارکس و ئه‌نگڵس چەندین جار لە "دیموکراسیى کۆمۆنیستى" لە "ئێمە دیموکراتەکان"، لە "دیموکراسیى واقیعی"، بۆ جیاکردنەوەى دیموکراسیى کرێکاران لە دیموکراسیى بۆرژواکان و خانه‌دانەکان و هەروەها لە ئاسوودەیى و خۆشگوزەرانى مرۆڤ وه‌کوو ئامانجى دیموکراسى و ئەم جۆرە شتانە دەدوێن. بە بڕواى من ئەمە ئاسایییە، چونکە جەنگى کۆمەڵایەتى بۆ مانادان بە وشه‌ى دیموکراسى لە ئارادایە و ئەم جۆرە فۆرموولبەندییانە خۆیان بەشێک لە تەقەلاى کۆمۆنیستەکان و کرێکارانى سۆسیالیستن بۆ دانانى سۆسیالیزم لە دەستوورى کارى کۆمەڵگایەکدا کە لەبەرامبەر ئیستیبداددا پێشکەوتنى کۆمەڵایەتى بە "دیموکراسى" ناو دەبات. دواتر بێگومان لە نووسراوەکانى مارکس و ئه‌نگڵسدا لێک جیاکردنەوەیەکى یەکجار ڕۆشنتر لە نێوان کۆمۆنیستەکان و سۆسیالیستەکان لەگەڵ دیموکراتەکان و دیموکراسیدا دەکرێت و دیموکراسى دەبێتە وشه‌یەک کە زۆرتر لەجەرگەى قسەکردن سەبارەت بە ڕادیکاڵیزمى بۆرژوایی و جم و جووڵى وردەبۆرژوازى دێتە ئاراوە. هەر چۆنێک بێت لە سەره‌تاى کاردا، مارکس و ئه‌نگڵس تا ڕادەیەک سۆسیالیزمیان تەنانەت وه‌کوو ئامانج و ناوەڕۆکى عەمەلیی سەرکەوتنى دیموکراسى، وه‌کوو بەدیهاتنى دیموکراسیى واقیعی باس کردووە. سەردەمى لێنین سەردەمێکى جیاوازە. دیموکراسى بەکردەوە بە لێکدانه‌وه‌ی بۆرژوا-لیبراڵییانەى خۆیەوە جێ کەوتووە و کەمتر ئەو مانا گشتى و بێ شکڵە "کۆماریخوازى"یه‌ی کۆنى هەیە. لێنین تەنانەت هەوڵى داوە، بنەماکانى مانەوەى ڕادەیەک لە تەحەمولى سیاسی و ئازادییە مەدەنییەکان لە وڵاتانى سەرمایەدارى پێشکەوتوودا، لەسەر بنەماى بوونى نیزامێکى جیهانى و ئیمپریالیستى و دابەشکردنێکى نێونەتەوەیی ئازادى و داپلۆسین ڕۆشن بکاتەوە. لێنین زۆر زیاتر لە ڕابەرانى پێشووى کۆمۆنیزم خۆى بە بەرپرسیار دەزانێت کە لەگەڵ ئەو دیموکراسییەى لە واقیعدا هەیە، لەگەڵ لیبراڵیزم و نیزامى پەرلەمانى و هەڵبژاردنەکەیدا، ڕووبەڕوو بێتەوە و وێنایه‌کى کۆنکرێتتر لە دیموکراسیى کرێکاریی پشتبەستوو بە دیکتاتۆریى پرۆلیتاریا و شووراکان بەدەستەوە بدات. بەڵام دەرکەوتنى سیماى حوکوومه‌تی کرێکارى وه‌کوو "دیموکراسى"ی کرێکارى بۆ لێنین، زیاتر لایەنێکى دیفاعى هەیە و لە بنەڕەتدا لە پلمیک لەگەڵ که‌سانێکدا دەهاتە ئاراوە، کە لە هەڵوێستى پێشداوەرییە لیبراڵییەکان و نیزامى پەرلەمانییەوە ئازادییه‌ سیاسییەکان لەژێر سایەى حوکوومه‌تی کرێکاریدا دەخستە ژێر پرسیارەوە. خودى چه‌مکى دیموکراسى بۆ لێنین ئیتر زیاتر لە جاران لەجەرگەى پراتیکى سیاسیی بۆرژوازیدا جێگا داگیر دەکات، "دیموکراسى شۆڕشگێر" ده‌سته‌واژه‌یه‌ک کە لێنین پێى باش بوو سەبارەت بە ڕادیکاڵیزمی دەستەنگانى غەیرە پرۆلیتێرى بەکارى بەرێت، لە نووسراوەکانى ئەودا لە سەروبەندى شۆڕشى ئۆکتۆبەر و بەتایبەتی له‌ دواى شۆڕشدا، ئیتر بە تەواوى وه‌کوو تەمایولات و بزووتنەوەیەکى ناپرۆلیتارى و جیاواز لە سۆسیالیزمى کرێکارى بەکار دەبرێت. ڕادیکاڵیزم و ئازادییخوازیی کرێکارى بە سۆسیالیزم و ڕادیکاڵیزمى ناکرێکارى بە "دیموکراسیى شۆڕشگێڕ" وەسف دەکرێن.

دوو خاڵ لە تێڕوانینى لێنیندا بۆ دیموکراسى، شایانى سەرنجدانە: یەکەم، دیموکراسى زیاتر لە جاران لە یەک ئایدیاڵى گشتى، لە یەک هاوتاى سیاسییەوە بۆ چه‌مکی ئازادى، دەبێتە بار و دۆخێکى سیاسیی موشەخەس و ته‌نانەت ڕاگوزەر کە بە وێستگەى سەر دووڕێیانێک و بە بەردەبازێک بۆ شۆڕشی سۆسیالیستى لە قەڵەم دەدرێت. ئەوە ڕادەگەیەنرێ کە سۆسیالیزم واتە زیاتر ڕۆیشتن لە دیموکراسى، واتە گەیشتن بە ئازادیی واقیعی. دووەم، بار و دۆخی دیموکراتیکى جێمەبەستى کرێکاران، وه‌کوو دەوره‌یەکى ڕاگوزەر، زیاتر لە جاران لەگەڵ شکڵ و چوارچێوەیەکى غەیرە لیبراڵى و شووراییدا وەسف دەکرێت. پراکتیکى ڕاستەوخۆ و لەخوارەوەى کرێکاران و توێژە ژێردەستەکان و هەروەها ئۆرگانە جەماوەرییەکانى ئەم پراکتیکە ڕاستەوخۆیە بەرجەستە دەبێتەوە. بە واتایەکى تر، دیموکراسى لە شێوە مامەڵەى لێنیندا ڕەسەنایەتى و حەقانییەتى خۆى لەو توێژە کۆمەڵایەتییانەوە بەدەست دێنێ، کە لە هەر دەوره‌یەکدا پایە و بناغەکەى پێک دەهێنن و ئەو بار و دۆخەش بە دیموکراتیک دەژمێردرێ کە ڕێگرییەکانى بەڕێوەچوونى ئیرادەى سیاسیی توێژە دەستتەنگەکان تیایدا لەنێو چووبێت. بۆ لێنین بوون و مانەوەى ئازادییە سیاسی و مەدەنى (تەنانەت بۆرژوایی)یەکان کە بە بڕواى ئەو بۆ پێشڕەوى چینى کرێکار حەیاتییە، خۆى بە بەڕێوەچوونى ئیرادەى ئەو چینانەوە کە بە پێچەوانەى بۆرژوازییەوە لەم مافانە کەڵک وەردەگرن به‌نده‌.

ته‌داعیبوونى دیموکراسیش لە پلەى یەکەمدا لەگەڵ بەرێوەچوونى ئیرادەى ڕاستەوخۆ و لە خوارەوەى جەماوەر و ئۆرگانە ڕاستەوخۆ و ناوچه‌یییەکانى ئەم حەرەکەتە، نەک بەوەى کە کۆمەڵێکى زانراو لە ماف و ئازادییە مەدەنییەکان و ئۆرگانە یاسادانەرە هەڵبژێردراوەکانى وەک پەرلەمان، بە نۆرەى خۆى بەڕەچاوکردنى هەلومەرجەکانى ئەو دەوره‌یە قابیلى دەرککردنە. لەو دەورەیەدا لە لایەکەوە لە ئه‌ورووپا دیموکراسیى پەرلەمانى بووه‌ به‌ شتێکى جێکەوتوو،‌ وه‌ پەیوەندیى لیبراڵیزم و پارلەمانتاریزمى بۆرژوایی لەگەڵ کۆنەپەرستیی کاپیتالیستى و ئیمپریالیستیدا دەتوانرێت زیاتر ڕۆشنتر ببینرێت. لە لایەکى ترەوە بەکردەوە خەریکە هەڵسانە سۆسیالیستییەکان لەپێناو بەدەستەوەگرتنى دەسەڵاتى سیاسیدا لە دەستوورى بزووتنەوەى چینى کرێکاردا جێ دەکەوێت. توانایییەکانى بزووتنەوەى چینى کرێکار بە شێوەیەکى بابه‌تى لە ڕێفۆرمی پەرلەمانى زیاتر تێپەڕى کردووە.

لە ڕێچکەى شێواندنی مارکسیزم لە سۆڤێت لە سەردەمى ستالیندا و دواتریش لە ئه‌زموونی چین و پەرەسەندنى ماویزمدا، پەیوەندیى ده‌سته‌واژه‌ی دیموکراسى لەگەڵ ماف و ئازادییە مەدەنییەکان لە لایەکەوە و لەگەڵ بە عەمەلیبوونى ئیرادەى لەخوارەوەى توێژە دەستەنگەکان لە لایەکى دیکەوە بەتەواوى وەلا دەنرێت. لە لایەکەوە دیموکراسی دەبێتە ناوى خوازراوى چەند توێژێکى کۆمەڵایەتیى تایبەتى کە سەربەخۆ لە سیاسەت و ئامانجە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکانیان تەنها بە ئیعتیباری جێگاى ئابوورییان بە "دیموکرات" لەقەڵەم دەدرێن، لەلایەکى دیکەشەوە خودى ئەم توێژانە چ لە تێڕوانینى سیاسیدا و چ لە دنیاى واقیعدا، بەو هێزە سیاسییانه‌ و بەو دەوڵەتانە جێگایان دەگیرێتەوە کە "نوێنەرى" چینایەتى ئەوانن. زۆر بە سادەیی، بار و دۆخێکى دیموکراتیک کە لەم مەکتەبانەدا بە دیموکراسیى خەڵکى، یان جەماوەرى ناو دەبرێن، بار و دۆخێکە کە حیزبە "خەڵکى"یەکان تیایدا دەسەڵاتیان لەدەستدایە. لەم جۆرە دیموکراسییانەدا کە فۆرمی بنه‌ڕه‌تیی حوکوومه‌تکردن لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانى بلۆکى سۆڤێت و چین و پەیڕەوە سیاسییە دوور و نزیکەکانیاندا بوو، ئەوەى کە پاکانەى دیموکرات لەقەڵەمدانى ڕژێم دەکات، خەڵکیبوونى دەوڵەت نەک له‌ئارادا‌بوونی ئازادییە فەردى و سیاسی و مەدەنییەکان، وە یان ئۆرگانە ناوچه‌یییەکانى بڕیاردانى جەماوەرى و شتى لەم چەشنە.

ئەم لێکدانه‌وه‌ دەوڵەتى-خەڵکییە بنچینەی ده‌رکیی چەپى دژى ئیمپریالیستیی جیهانیی سێیەمی لە دیموکراسى بوو. ڕەنگە لەبیرتان بێت، کاتێک لە سەرەتاى شۆڕشى ساڵى ٧٩دا، ئێمە قسەمان لە ئازادییە بێ قەید و شەرتە سیاسییەکان دەکرد لە بابەتى ئازادیى بڵاوکردنەوە و چاپەمەنى و شتى لەم بابەتە، تەنانەت ڕادیکاڵترین بەشى چەپی ئەوسا، خەتى٣ و دەوروبەرەکانى، تەزوو بە لەشیاندا دەهات. بەوەیان تاوانبار دەکردین کە دەمانەوێ بڵاوکراوەى میزان بپارێزین! لە مەکتەبى ئەواندا، یان هەر چۆنێک بێت لە ده‌ربڕینه‌ شێوە سۆسیالیستییەکانیاندا کە بیانەوێ و نەیانەوێ لە ستالین و ماوتسیتۆنگەوە بە میرات بۆیان بەجێ مابوو، دیموکراسیى خەڵکی بە ماناى بەدەسەڵاتگەیشتنى بەرەیەکى یەکگرتووى حیزبە خەڵکییەکان بوو. ئەمەى کە مافەکانى تاک لەم نیزامەدا چییە، ئازادیى بڵاوکردنەوە و مانگرتنى خەڵک لە ڕوانگەى ئەوانەوە چى بەسەر دێ، ئیتر ڕاستەوخۆ پەیوەندى بە مەیدانى لیبراڵیزمەوە هەبوو.

ئەم تێڕوانینە دەوڵەتگەرایی و خەڵکییانەش بۆ دیموکراسى، زەمینەى کۆمەڵایەتیى خۆى هەبوو. ئەمە شتێک نەبوو بێجگە لە ناسیۆناڵ ڕێفۆرمیزمى ئیمپریالیستیى وردەبۆرژوازى و ڕۆشنبیرانى ناڕازى لە دواکەوتوویى ئابوورى لەم جۆرە وڵاتانەدا. بڕیار بوو دیموکراسى خەڵک، ڕژێمێکى سیاسی بۆ گەشەى ئابوورى و پیشه‌سازی و کۆتاییهێنان بە وابەستەیی بە ڕۆژئاواوه‌ بێت و ڕژێمێکى سیاسی بۆ بەدەستهێنانى "سەربەخۆیی" ئابوورى و بەرزکردنەوەى ئیعتیبارى سیاسیی وڵات بێت. چونکە پەرەسەندنى ئابوورى و سەربەخۆیی سیاسی ئەو تەمایولاتانە بوون کە خەڵک و توێژە خەڵکییەکانى دیارى دەکرد. لەبەرامبەردا، ئازادیی فەردى، بەرینبوونەوەى ڕۆشنبیرى، جۆراوجۆربوون و بەرەوسەرچوونى ئاستى بەکاربردن (استهلاک)، هەموو وه‌کوو تەمایولاتى بۆرژوایی و ناتەبا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى خەڵکدا حیساب دەکران. لەپشتى هەموو ئەمانەوە، دەتوانرا هەوڵ و تەقەلاى بەشێک لە بۆرژوازیی جیهانیی سێیەم و وڵاتانى دواکەوتوو ببینرایە کە دەیویست بە ڕێکخستنى دەوڵەتێکى بەتوانا و نەتەوەیی، لەسەر بنەماى هەڵخڕاندنى ئایدیۆلۆژیکى جەماوەرى کرێکار و زەحمەتکێشى کۆمەڵ، بۆ ڕازیبوون بە هەلومەرجى سەختى ئابوورى و تەنگەبەریی سیاسی، قۆڵى پەرەپێدان و پیشه‌سازیکردنى ئابووریى نیشتمانیی لێ هەڵماڵێت. دیموکراسى و دیموکراسیى خەڵک، هۆی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکى دەوڵەتێکى بۆرژوایی لەو چەشنە بوو. بە بڕواى من لەگەڵ پەیدابوون و دواتر بەسەرچوونى ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراسیى خەڵکیدا، ئیتر دەورانى شانبەشان ڕۆیشتنى کرێکار و سۆسیالیزم لەگەڵ ده‌سته‌واژه‌ی دیموکراسیدا بەفه‌رمى تەواو دەبێ، چونکە لە دیموکراسیى خەڵکیدا، ڕێک وه‌کوو دیموکراسیى لیبراڵى، ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراسى جارێکى دیکە دەبێت بە ئامرازی شەرعییەتپێدانى دەوڵەتى چینایەتى-بۆرژوازیى دەسەڵاتدار.

ئەم واقیعییەتەى کە دەورەی نوێى خۆشەویستبوونى دیموکراسى کە لەم ساڵانەدا بینیومانە بە فه‌رمى لەجەرگەى بەپیرۆزدانانى بازاڕ و بە نەمر ناساندنى کاپیتاڵیزمدا شکڵ دەگرێت، خۆى شایەدى ئەوەیە کە ئیتر دەورانى ڕادیکاڵیزەکردن و "به‌ڕەسەن"کردن و کرێکاریکردنى ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراسى لە لایەن سۆسیالیستەکانەوە بەسەر چووە. دیموکراسى لە هەر دەورەیەکدا بەرهەمێکى دیاریکراوى مێژوویییە و ناگاتە هەر شوێنێک کە لێکۆڵه‌رەوەکانى دەیانەوێ. ئێمە ئیتر نە لە سەردەمى مارکس و چاوکرانەوەى کرێکار سەبارەت بە مافە سیاسی و مەدەنییەکانداین و نە لە سەردەمى لێنین و یەکەمین شۆڕشە کرێکارییەکان بۆ بەدەستەوەگرتنى دەسەڵاتداین. ئەمە سەردەمێکى تازەیە. بۆگەنیى کردەوەکانى سەرمایەدارى و ئابوورى و سیاسەتەکەى بڵاو بۆتەوە. هەر کەس سەرپشکە لەوەى هەر وشه‌یەک بەکار بێنێ کە مەبەستەکەى ڕوون دەکاتەوە. بەڵام بە بڕواى من، چه‌مک و ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراسى بۆ کۆمۆنیزمى کرێکارى هیچ ڕێگایەک ڕۆشن ناکاتەوە. زیاتر لەوەى ببێتە مایەى هۆشیارى، ناڕۆشنى دروست دەکات، زیاتر لەوەى ڕیزى ئازادیخوازیى دنیاى ئەمڕۆ پێناسە بکات، بە خێڵێکى گەورە لە خراپترین دوژمنانى ئازادیى مرۆڤ لە کەدارى دەکات، زیاتر لەوەى نیزامى کۆمەڵایەتیى شایستەى ژیانى مرۆڤ پێناسە بکات، مۆرى پشتیوانی لە نیزامە گەندەڵ و سەرکوتگەرەکانى ئێستا دەدات. بە بڕواى من دەبێ ئەم وشه‌یە وەلا بنێین و هەر چەنده‌ نابەدڵیش بێت، لەم شانۆگەرییە منداڵانەیەى دوادوایی سەدەى بیستەمدا بەشدارى نەکەین. ئێمە دیموکرات نین، ئێمە ئازادیخوازین، سۆسیالیستین بەرگرى لە مرۆڤ و حورمەت و مافە فەردى و گشتییەکانى لەبەرامبەر نیزامى چینایەتیى حاکمدا دەکەین. ئامانجى مێژوویی ئێمە دیموکراتیزەکردنى دەوڵەت نییە، به‌ڵکوو لەنێوبردنى کۆڵەکەکانى وجودیەتى. ئێمە لێبڕاوانە داکۆکی لە ئازادییە فەردى و مەدەنییەکانى مرۆڤەکان دەکەین لەبەرامبەر دەسدرێژییەکانى دەوڵەت و حیزبەکاندا بە دیموکراتیک و نادیموکراتیکەوە، بە پەرلەمانى و ناپەرلەمانییەوە، وە پێمان وایە کە تەنها شۆڕشى سۆسیالیستیی کرێکار و ئەو مرۆڤانەى کە بەدەورى ئاڵاى ئەم شۆڕشەدا گرد و کۆ دەبنەوە، دەتوانن کۆمەلگایەکى ئازاد بە ماناى واقیعی وشه‌کە دابمەزرێنن.

ئینته‌رناسیۆناڵ: یەکێک لە ڕیشەکانى بە خۆداچوونەوە لەناو سۆسیالیستەکاندا لە ڕووخانى بلۆکى ڕۆژهەڵاتەوە، ڕەخنەیە لەوەى کە پێى دەووترێ کەمڕەنگبوونی ئایدیاڵى دیموکراسى لە کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمى تا ئێستادا و هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەى هێنانەناوەوە و تێکردنى سۆسیالیزم بە چه‌مکی دیموکراسى ئەم بەناو کەموکووڕییە پڕ بکرێتەوە. هەروەها چەندین مەیلى جیاجیا وای لێک ئه‌ده‌نه‌وه‌، کە نەبوونى دیموکراسى لە سۆڤێت و وڵاتانى بلۆکى ڕۆژهەڵات، هۆکارێکى سەرەکیی تێکشکانى ئەم نیزامانە بووه‌. ڕاى ئێوە سەبارەت بەم جۆرە ڕەخنە دیموکراتیکانە چییە، چ لە مارکسیزم و چ لە ڕەوتى پەرەسەندن و پێکهاتن و سەرەنجام ڕووخانى سۆڤیەت وه‌کوو بلۆکێک کە لافى سۆسیالیزمى لێ دەدا؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: بە بڕواى من، ئەم جۆرە ڕەخنەگرانە دوو دەستەن، یەکێکیان مەبەستى لە دیموکراسى هەمان مانا موشەخەسە بۆرژوا-لیبراڵییەکەیەتى و باسە واقیعییەکەشیان ئەمەیە کە نەک تەنها تیۆریى سیاسیی مارکسیزم، به‌ڵکوو بنەما ئابوورییەکانیشى دەبێت پێداچوونەوەى تێدا بکرێت و دەبێ هەم بازاڕ و هەم دیموکراسی بە ماناى پراکتیکە پەرلەمانى و ڕۆژئاوایییەکەى بۆ ئەم تێڕوانینە زیاد بکرێت و لەگەڵیدا ئاوێزان بێت. پووچى و بۆرژواییبوونى ئەم جۆرە هەڵانە لە ڕوانگەى کۆمۆنیستییەوە کە لە بنەڕەتدا ڕەخنەگرى ئابووریى بۆرژوایی و سەرخانى سیاسیی کۆمەڵگاى بۆرژوایییە و مارکسیزمى لەم بار و دۆخەدا ناسیووە و قه‌بووڵى کردووە، پێویستى بە ڕوونکردنەوە نییە. ناتوانرێ به‌ر بە کەسێک بگیرێ، کە دەیەوێ بە تێکەڵکردنى مارکسیزم و بازاڕ و مارکسیزم و لیبراڵیزم مەکتەبێکى سێیەم دروست بکات. بەڵام هەر چۆنێک بێت ئەم جۆرە مەکتەبە تێکەڵ و پێکەڵە، نە پەیوەندییەکى بە ڕزگاریی لە سەرمایەدارى دەبێت و نە بە ئازادیى مرۆڤەوە و لە کۆتاییشدا نە لە لایەن بزووتنەوەى سۆسیالیستیى کرێکارییەوە بەدەستەوە دەگیرێت. بەڵام قسەوباسى ئەوانەى کە پێیان وایە ده‌سته‌واژه‌ى تاک و ئازادیى تاکه‌که‌سی بە مانایەکى گشتیتر لە کۆمۆنیزم و مارکسیزمدا که‌مڕەنگ بووە، دەبێ بە شێوەیەکى کۆنکرێتتر وەڵام وەربگرێتەوە. دیارە لێرەدا بواری باسى دوورودرێژ لەم بارەیەوە نییه‌. من تەنها بە باسکردنى ئەم خاڵە ئیکتیفا دەکەم، کە بیانەوێ و نەیانەوێ ئەم ڕەخنانە لەژێر کاریگەرى پراکتیکى جه‌مسه‌ری فه‌رمیی کۆمۆنیزم لە سۆڤێت و چین و پەیڕەوانیاندان و بیانەوێ و نەیانەوێ ئەم پراکتیکە بە گشتى، یان بەشێکى لەسەر مارکسیزم دەنووسن. جگه‌ لەم حاڵەتە بە بڕواى من ئەوە زۆر سادەیە کە مرۆڤ بە گەڕانەوە بۆ ئامانجەکان و لێکدانەوە مارکسیستییەکان، بە گەڕانەوە بۆ مێژووی کۆمۆنیزم پێش ئه‌وه‌ی خەتى سۆڤێت ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بێت، ئەوە نیشان بدات کە چۆن مارکسیزم نەک تەنها هیچ پێویستییەکى بە ڕێفۆرمی ئازادیخوازانە نییە، به‌ڵکوو چ لەڕووى شیکاری و چ لە مێژووى واقیعیی جیهاندا، به‌ هۆى ئازادیخوازیی لەڕادەبەدەر و پێداگرتنى شێلگیرانە لەسەرى، هەمیشە ئەم ڕەوتە کەوتۆتە بەر هێرشى بیریاران و سیاسەتمەدارانى بۆرژوایی. ئەگەر ته‌فسیری کۆمەڵگا لە ده‌سته‌واژه‌ى ئازادى و نرخ و حورمەتى مرۆڤ بەدرێژایی دوو سەدەى دوایی قووڵتر بووبێتەوە، ئەوە لە بنەڕەتدا قەرزارى مارکسیزم و کۆمۆنیزم بووە. مارکسیزم تەفسیرێکى ئەوەندە ماکزیمالیستی لە ئازادیی مرۆڤ هەیە و ڕواڵەتەکانى زنجیری دیلێتى مرۆڤەکان ئەوەندە هۆشیارانە نیشان دەدات، کە بە بڕواى من مایەى گاڵتەجارییە ئەگەر کەسێک بە ئیلهاموەرگرتن لە ئه‌زموونی دیموکراسیى ڕۆژئاوا، بیەوێ ئازادئەندێشانەترى بکات. کەسێک کە مرۆڤەکان هەر تەنها بە وابەستەنەبوونیان بە زەوییەوە و بوونى مافى مامەڵەکردن بە پارەوە لە بازاڕدا و خاوەن دەنگبوونیان لە هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەندا بە ئازاد لەقەڵەم بدات، زەحمەتە بتوانێ شتێکى بەکەڵک بۆ ئەو تێڕوانینە زیاد بکات کە تەنانەت لە ئازادترین دیموکراسییەکاندا زەبوونى ئینسانەکان لەبەرامبەر دەسەڵاتى هەمەلایەنەى سەرمایەدا دەخاتە ڕوو. هەر چۆنێک بێت بە بڕواى من گومانی تێدا نییە، کە تەفسیرى مارکسیستییانەى ئازادى، مەیدانێکە کە دەبێ بەجیاواز بچینە سەرى، ئەگەر بە ڕاستى ئێمە دەمانەوێ لە بەرامبەر فریوکارییە دژى سۆسیالیستییەکانى ئێستادا ڕابوەستین.

سەبارەت بە سۆڤێت دیارە کە باسەکە شتێکى ترە. دیارە کە لە سۆڤێتدا دیموکراسیى لیبراڵى حاکم نەبوو. ئەمە هەرگیز مەرج نییە بەو مانایە بێت کە هاوڵاتیى یەکێتیى سۆڤێت تەنانەت لە مەیدانى سیاسیدا بە ناچارى مافێکى کەمترى لە هاوڵاتییەکى وڵاتە ڕۆژئاوایییەکان هەبووبێ. لە زۆر باردا، بۆ نموونە لە مەیدانى ئەو یاسایانەى پەیوەندییان بە یەکسانى ژن و پیاو، مافى هاووڵاتى، یان لە مەیدانى خوێندن و تەندروستیدا، مافى بەشداریکردن لە بڕیارەکان و پێوانەکانى شوێنى کار و ژیانەوە هەبووە، ئەوە بلۆکى ڕۆژهەڵات بوو کە بە ئازادییەکى زیاتر بۆ فەرد قایل بوو. بەڵام جیاوازی نێوانیان سەرەنجام بریتى بوو لە میکانیزمەکانى بێمافکردنى عەمەلیی خەڵک لە هەردوو جه‌مسه‌ره‌کەدا. ئەم مەسەلەیە لە نیزامى پەرلەمانیدا بە نەرم و ناسکییەکى زیاتر و بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ ئەنجام دەدرێت. بەڵام بە هەر جۆرێک بێت ڕووخانى بلۆکى ڕۆژهەڵات بە هۆى نەبوونى دیموکراسیى لیبراڵییەوە نەبوو. هەر وه‌کوو پێشتر باسمان کرد، بنچینه‌ی مەسەلەکە لە مایه‌پووچیی ئابووریی مۆدێلى سۆڤێت و بێتوانایییەکه‌ی لە بوارى بەدیهێنانى گۆڕانکارییە تەکنیکییەکانى دوو دەیەى دوایی و وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانى کۆمەڵگایەکى پیشه‌سازیی پێشکەوتوودا بوو. لە کۆتایی دەیەى پەنجاکاندا سۆڤێت بە هەمان ئەندازە غەیرە لیبراڵى بوو. لە هەمان کاتیشدا گەشەیەکى ئابووریى بەرزى هەبوو، وە نیشانەیەکیش لە داچوون و ئاوابوونى لە ئارادا نەبوو. لە چینى ئەمڕۆدا ئیستیبداد حاکمە، کەچى ئاستى گەشەى، مایەى سەرسووڕمانى ڕۆژئاوایە. ئەگەر بکرێ شتێک سەبارەت بە پەیوەندیى دیموکراسى لەگەڵ پاشەکشەى سۆڤێتدا بووترێ ئەوەیە، کە نەخوازەڵلا بەو جۆرەى کە کادرى کۆنى حیزبى کۆمۆنیستى سۆڤێتى پێشوو، ئێستا پێى وایە، ئەگەر تەسلیمبوون بە بازاڕ بەبێ هەڵکردنى چراى سەوز بۆ مافە لیبراڵییەکان ئەنجام بدرایە (کارێک کە چین خەریکە دەی کات)، واتە "پێرێسترۆیکاى بێ گلاسنۆست"، ئەوا پاشەکشە و ئاوابوونى سۆڤێت ئا بەم شێوە کامڵ و دراماتیکییە ڕووى نەدەدا.

وە سەرەنجام بە بڕواى من ڕەخنە لە نەبوونى ئازادیی سۆسیالیستى لە کۆمەڵگاى سۆڤێتى پێشوودا ئەم لاوازییەى هەیە کە بەفه‌رمى، یان بە ناڕاستەوخۆ مۆرى ته‌ئید لە ئابووریى سۆڤێت و بلۆکى ڕۆژهەڵات دەدات. ئازادیی سۆسیالیستى تەنها دەتوانێ لەسەر بنەماى گۆڕانکارییەک لە بنچینەی ئابووریی کۆمەڵگادا، لە پەیوەندییەکانى بەرهەمهێناندا شکڵ بگرێت. ئازادییەکى لەم جۆرە لە سۆڤێتدا وجوودى نەبوو، چونکە هەرگیز ئاڵوگۆڕێکى لەم چەشنە لە بنچینەى ئابووریى کۆمەڵگادا ڕووى نەدا. چاوەڕوانکردنى ئازادییەکى لەو بابەتە لە بلۆکى ڕۆژهەڵات مانایەکى ترى نییە جگە لەوەى کە وێنای خودى ڕەخنەگر لە پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنانى سۆسیالیستى، جیاوازییەکى ئەوتۆى لەگەڵ هەمان نیزامى دەسەڵاتدار لەم بلۆکەدا نییە. ئەمە هەڵوێستى ڕەوتە ترۆتسکییە ڕەسەنەکان و زۆربه‌ی چەپى نوێ بووه‌ و بە بڕواى من سەراپا پڕە لە ناڕۆشنى و ناڕۆشنیش پەرە پێ دەدات. تەنانەت نەبوونى ئازادى بە ده‌ربڕینه‌ کرێکارى و مارکسیستییەکەیشی لە هه‌نگاوه‌کانی یه‌که‌مدا، هۆى ئاوابوون و پاشەکشەى بلۆکى ڕۆژهەڵات نەبوو. بە بڕواى من دەبێ ماناى کۆمەڵایەتى و مێژوویی پشت ئەم مەیلە، واتە شەیدابوون و سەرقاڵبوون بە دیموکراتیزەکردنى سۆسیالیزم لەم سەردەمەدا تێبگەین. بۆچوونى مارکسیزم سەبارەت بە ئازادى و جێگاوڕێگاى ده‌سته‌واژه‌ی ئازادى لە بزووتنەوەى کۆمۆنیستیدا لە ماوەى سەدە و نیوێکدا لەوە ناسراوتر بووە کە کەسێک بێ ئاگا ئەمڕۆ بیەوێ لە بۆتەى تاقیکردنەوە و ڕاستکردنەوەى بدات. ئەوەى کە ئەم جۆرە سەرقاڵییە دەکاتە مۆدێلى ئێستا، باڵادەستیى فیکریی و هاتوهاوارى تەبلیغاتی باڵى ڕاست سەبارەت بە دیموکراسییه‌. بەشێکى چەپ لە ڕەوتى پاشەکشەکردندا خەریکه‌ فەرمانى داگیرکەران جێبەجێ دەکات. خەریکه‌ مێژووى تا ئێستاى سۆسیالیزم و بناغەکانى بیروباوەڕى سۆسیالیستى بەپێى ڕیوایەتى ڕه‌وتی سەرکەوتوو دەنووسێتەوە و دووبارە بیرى لێ دەکاته‌وە. ئەمە کڕنۆشبردنێکى سیاسییە، نەک چاوکرانەوە له‌به‌رامبه‌ر ڕاستییە زانستییە نوێکان. بەم پێیە تەواوى ئەم کێشە و سەرقاڵییانە بە بڕواى من بێ بەهان. بێ به‌هان بەڵام بێ بایەخ نین. لەبەر ئەوەى بزووتنەوەى سۆسیالیستیى چینى کرێکار لە مەنگەنە دەدەن و دەیخەنە کەنارەوە. دەبێ له‌بەرامبەریدا بوەستییەوە، بەڵام نەک بەجیددیگرتنى حاڵەته‌ زانستییەکەى، به‌ڵکوو بە ئاشکراکردنى حەقیقەتە سیاسییەکەى.


انترناسيونال شماره ٧

ئینته‌رناسیۆناڵ: یەکێک لەو قسەوباسە گرنگانەى کە لە کاتى شۆڕشى ١٩٧٩ لەنێو چەپى ئێراندا لە ئارادا بوو، چۆنێتى و پێداویستییەکانى دامەزراندنى دیموکراتى بوو لە ئێراندا. لەو سەردەمەدا ئێوە و یەکێتیی تێکۆشەرانى کۆمۆنیست لە کۆمەڵە نووسینێکدا وەک " ئەفسانەى بۆرژوازیی میللى و پێشکەوتنخواز" و باقى ئەو نووسینانەدا کە دواتر بنەماى بەرنامەى حیزبى کۆمۆنیستى ئێرانیان پێک هێنا، بە تەواوەتى زەمینەى بابەتیی دامەزراندنى دیموکراسیى لیبراڵیتان لە ئێراندا، بە لێکدانەوەى تایبەتمەندییە ئابوورى-سیاسییەکانى وڵاتێکى لەم چەشنە بردە ژێر پرسیارەوە. ئەمڕۆ لەبەر ڕۆشنایی ئاڵوگۆڕە جیهانییە گرنگەکانى ئەم ساڵانەى دوایی و هەروەها ئەو کۆمەڵە باسانەدا کە سەبارەت بە دیموکراتى لە دنیاى ئەمڕۆدا خستتانە ڕوو، لەبەرامبەر ئەم مەسەلەیەدا دەڵێن چى؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: باسەکەى ئێمە لە شۆڕشى ٧٩دا و لەوانەش لەو نووسینانەدا کە باستان کرد، چوارچێوەیەکى ڕۆشن و سادەى هەبوو. خەڵک دژى ڕژێمى ئیستیبدادیى پاشایەتى شۆڕشیان کرد و ئازادییان دەویست و بەشى زۆرى چەپ بەکردەوە، بە تەئکیدکردنى حیزبە سەرەکییە بۆرژوایی و وردەبۆرژوایییەکان، ئەو خۆشخەیاڵییەى خەڵکیان پەرەپێ دەدا کە پێى وابوو، گوایە هاتنەسەرکارى ڕژێمێکى سیاسی غەیرە سەرکوتگەر، وە بە واتایەکى گشتیى دیموکراتیانە، بەبێ دەستکۆتاکردنى یەکجاریی بۆرژوازى، بەبێ هەڵکەندنى ڕەگ و ڕیشەى سەرمایەدارى لە ئێران مومکینە. لە کاتێکدا یەکێکیان حوکوومه‌تی دیموکراسى بە حوکوومه‌تی کۆمەڵە مەخلوقاتێکى ئەفسانەیی وەک بۆرژوازیى میللی، وە یان وردەبۆرژوازیى دژى ئیمپرپالیست دادەنا و یەکێکى تر خۆى، وه‌ یان چینى کرێکارى بە هۆکارى جێبەجێکردنى ئەم ئاڵوگۆڕە دیموکراتییە دەزانی. یەکێکیان ڕەنگە مۆدێلەکەى خۆى لە ئه‌ورووپا و ڕۆژئاواوە وەرگرتبێت و ئەوەى تر لە شۆڕشە گه‌لیییەکانى جیهانى سێیەمەوە. یەکێکیان لیبراڵ بوو و ئەوى تر دەوڵەتگەرا و خه‌ڵکی. بەشێک لەم ڕەوتانە بێ ئەملا و ئەولا نکۆڵیی له‌ دەسەڵاتى سەرمایەداری لە ئێراندا کرد و لەو بڕوایەدا بوو کە ئەرکى شۆڕش تازەبەتازە بەدیهێنانى دەسەڵاتى سەرمایەدارییە، بێگومان لە جۆرە "خۆیی و چاک و سەربەخۆ"کەى، ئەویش لەبەرامبەر فیۆدالیزمێکى کۆڵۆنیالیدا، کە بەقسەى ئەوان بەسەر وڵاتدا زاڵ بوو، وه‌ سەرچاوەى ئیستیبدادى سیاسی پێک دەهێنا. هەر چۆنێک بێت، ڕووى هاوبەشى هەموویان، ئەوە بوو کە سەرمایەدارى غەیرە سەرکوتگەرانەیان نەک هەر بە ئه‌گه‌رێکی واقیعی دادەنا، به‌ڵکوو وەک ئامانجى خەباتى شۆڕشگێڕانەى ڕۆژیشیان لەقەڵەم دەدا. هەر یەکەیان بە شێوەیەک ئیستیبدادیان لە دەسەڵاتى سەرمایە لە ئێران جیا دەکردەوە و سەرچاوەکەیان بۆ شتێک لەدەرەوەى ئەو ئەگەڕانەوە. بۆ یەکێکیان سەرچاوەى ئیستیبداد فیۆدالیزم و کۆڵۆنیالیزم بوو، بۆ یەکێکى تریان ئیمپریالیزم و "وابەستەیی" و بۆ یەکێکى تریان ناپیشه‌سازیبوون و ناکامیبوونى گەشەى سەرمایەدارى لە ئێران، یان گەشەنەکردنى فەرهەنگى پێشکەوتووى بۆرژوایی. لەبەرامبەر ئەمانەدا ئێمە ڕامان گەیاند، کە بێمافى سیاسیی خەڵک و دڕندەیی دەوڵەت و سەرکوت لە ئێرانى هاوچەرخدا، نە لەخۆوەیە و نە پیلانگێڕى بێگانەیە و نە ئاکامى دواکەوتوویی فەرهەنگ و ڕۆشنبیرى خەڵک و نە بەهۆى کەمى کارگە و سەرمایەداریى خۆوڵاتییەوەیە. ڕەگ و ڕیشەى ئەم سەرکوتە لە ئێران لە پێداویستییەکانى گشت سەرمایەداریدایه‌. ئێمە ڕامان گەیاند کە هەبوونى ئەو ئازادییە مەدەنییانەى کە بە دیموکراتى ناو دەبرێن، وەک ئازادیی ڕادەربرین، ڕێکخراوبوون و مانگرتن تەنانەت بە شێوە ڕۆژئاوایییەکەیشى، لەگەڵ کارى هەرزان و کرێکارى خامۆش کە پێداویستییەکى بنەڕەتیى سەرمایەیە لە ئێران (وەک توێژێکى فراوانی وڵاتانى جیهان) ناکۆکى هەیە. سەرکوت لە ئێراندا نە ئامرازێکە بۆ داپڵۆسینى بۆرژواکان لە لایەن دەرەبەگەکانەوە و نە لێدانى بۆرژوا "نیشتمانى"یەکان لەلایەن بۆرژوا "وابەستە" کانەوە. ئەمە ڕژێمێکە کە گشت بۆرژوازى لەبەرامبەر چینى کرێکارى ئێراندا ڕاى گرتووە و لە سایەیدا سەرمایە کەڵەکە دەکات. هەر کەسێک و بە هەر نیازێکەوە و بە هەر ڕەنگى ئاڵایەکەوە و بە هەر مۆدێلێکى ئابوورییەوە بیەوێت لە دنیاى ئەمڕۆدا سەرمایەداریى ئێران بەڕێوە بەرێت، بە ناچارى پێش هەموو شتێک بنەماکانى ئەم سەرکوتە قایم دەکات.

ئێمە کاتێک ئەم قسانەمان دەکرد کە نەک هەر هێرشەکانى ٣٠ خورداد (مەبەستى لە هێرشی دڕندانه‌ی ڕژێمى ئیسلامییە بۆسه‌ر هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و بزووتنەوەى کرێکارى و چه‌پ و کۆمۆنیستى لە مانگی حوزه‌یرانی ١٩٨٠دا/ و.) ڕوویان نەدابوو، به‌ڵکه‌ هێشتا ئیسلامییەکان نەهاتبوونە سەرکاریش. سەردەمێک کە تیایدا لانیکەمى چاوەڕوانیی چەپى ڕادیکاڵى باو لە بۆرژوا و وردەبۆرژوا "پێشکەوتنخواز و دژەئیمپریالیستییەکان"یان، کە خەریک بوو دەگەیشتن به‌ دەسەڵات، ئەوە بوو کە ئازادى و دیموکراتى بێننەگۆڕ. ١٥ ساڵ و دەیان هەزار قوربانى بەسەر ئەو سەردەمەدا تێدەپەڕێت. پێم وایە ڕاستى و دروستى ئەو باس و وریاکردنەوانەى ئێمە بۆ هەر کەسێک کە ئازادیى سیاسی، تەنانەت بە بۆچونێکى لیبراڵى و دیموکراتییانەش خەمێکى ڕاستەقینەى بێت، شتێکى بەرچاو و ئاشکرایە. ئەگەر ئێستاش لەوە ئەچێ پاشماوەکانى چەپى ڕادیکاڵ دیسانەوە خەریکن جارێکى تر، ئەمجارە تەنانەت بە شێوەیەکى ساویلکانەتریش، په‌یمانی ئێرانێکى بۆرژوا-دیموکراتیک بە خەڵک دەدەن، لەوێوەیە کە تەنانەت دیموکراسى خەمى واقیعییان نییە، به‌ڵکوو ناسیۆنالیزم و ئامانجى گەشەى پیشه‌سازی پێکهێنەرى سەرەکییە لە پێناسەى ناسنامه‌ی سیاسییاندا. دیموکراسى لاى ئەمان ماناى "دەوڵەتێکە کە دەکرێت تەحەمولى بکەیت" و دامەزراندنیشى بە قسەى زۆربەیان، لە هەندێک باڵى حوکوومه‌تی ئێستا، وە یان لە چەند لایەنێکى ئۆیۆزیسیۆنى بۆرژوایی دەوەشێتەوە. بە بۆچوونى من ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان لە جیهاندا، چ وەک گەشەى تاتشەریزم لە هەشتاکاندا و چ ئەو گۆڕانکارییە مێژوویی و چەند قات گرنگترانەى ساڵەکانى دوایی واتە، داڕمانى بلۆکى ڕۆژهەڵات و کۆتاییهاتنى شەڕى سارد و ئاکامە فراوانەکانى، ڕاستى و دروستى تێڕوانینى ئێمە سەبارەت بە پەیوەندى ڕاستەوخۆى دیموکراسى بە جێگاوڕێگاى ئابووریی بۆرژوازییەوە لەبەرامبەر چینى کرێکاردا سەلماند. بەریتانیا لانکى لیبراڵیزم و دیموکراسى بووە، بەڵام کاتێ چینى بۆرژوا مەیدانى ئابوورى لە خۆى بەرتەسک دەبینێ و گوشارى بۆ دێت، تاتشەریزم دەکاتە ئایدیۆلۆژیی فه‌رمى خۆى و سەرەتاییترین مافە سەندیکایییەکانى کرێکاران و مافە مەدەنییەکانى جەماوەرى خەڵک پێشێل دەکات. لە ڕەوتى گۆڕانکارییەکانى بلۆکى ڕۆژهەڵاتدا، نەک هەر ڕۆشن بووەوە کە دیموکراسى نازناوى بازاڕ و ململانێ و فره‌سەرمایەکانه‌، به‌ڵکوو ئەوەش کەوتە ڕوو کە گەشەی سەرمایەداریى تایبەتى و کەڵەکەى سەرمایە لەو وڵاتانەدا کە بنەمایەکى تەکنه‌لۆژیى لاوازیان هەیە، تەنها لە ڕێگەی هێنانەخوارەوەى ئاستى ژیانى کرێکاران و بەشى ئەوان لە بەرهەمى کۆمەڵایەتیدا دێتە دى و هیچى تر. ئەم مەسەلەیە دەستبەجێ دەربڕینى گونجاوى خۆى لە ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراتى هێنایە گۆڕ. دەربڕینێک کە ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و ژۆڕنالیزمه‌‌ بێشەرمەکانى دەیەى نەوەته‌کان ڕۆژانە دەرخواردى خەڵکى دەدەن. لێرەدا دیموکراسى ئیتر تەنانەت لە ئاستێکى ڕوواڵه‌تیشدا مانایەکى پێچەوانە بەدەستەوە دەدات. لێرەدا "دیموکرات" بەو هێزە جێمتمانانەى ڕۆژئاوا دەڵێن کە ئامادەن نرخەکان بەرەڵا بکەن و ئاستى گوزەرانى خەڵک بە تەواوەتى بێننە خوارەوە و لەبەرامبەر شەپۆلى ناڕه‌زایه‌تیى خەڵکدا، بار و دۆخى نائاسایی ڕابگەیەنن، مافە مەدەنییەکان بخه‌نه‌ ژێرپێوه‌ و ئیستیبدادى تاکەکەسى دامەزرێنن و مانگرتن و حیزبایەتى قەدەغە بکەن. دیموکراتى نازناوى دۆستە ڕاستڕەو و دیکتاتۆرڕەفتارەکانى بانکى جیهانییە لەم وڵاتانەدا. به‌ هه‌ر حاڵ، ڕۆشن بووەوە کە ئەو نیزامە پەرلەمانییەى بۆرژوازیى ڕۆژئاوا که‌ لە جامخانەدا هەڵیواسیبوو، لەگەڵ جێگەوڕێگەى ئابووریى بۆرژوازیى وڵاتانى ڕۆژهەڵات و لەگەڵ پێویستییەکانى ئەم چینە لە سەرکوتکردنى بێڕەحمانەى هەر جووڵە و وەگەڕکەوتنێکى کرێکار لەم وڵاتانەدا نایەته‌وە.

ئینته‌رناسیۆناڵ: بەم جۆرە بە ڕاى ئێوە دامەزراندنى دیموکراتیى لیبراڵى لە ئێران و هاتنەسەرکارى کۆمارێکی پەرلەمانى کەم تا زۆر و بە هەمان پلە ئازادیی فەردى و مەدەنییەوە کە ئەمڕۆ لە وڵاتانى ئه‌ورووپاى ڕۆژئاوادا دەیبینین، لە توانادا نییە؟ بەڕاى ئێوە تا چ ڕادەیەک ئاسۆیەکى لەم چەشنە، کە بە تایبەتى جێى سەرنجى ئۆپۆزیسیۆنى لیبراڵ و توێژاڵێکى فراوان لە ڕێکخراوە چەپەکانى دەورەى پێشووە، دەکرێ بەدى بێت؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: مەسەلە لەسەر ئیمکانبوون و نەبوونى "هاتنه‌کایه‌وه‌"ى دۆخێکی لەم چەشنە نییە، به‌ڵکوو لەسەر ئیمکانى دووبارە بەرهەمهاتنەوەیەتى وەک سەرخانێکى سیاسی لە کۆمەڵگادا. دیموکراتیى لیبراڵى لە ئێراندا لە حوکوومه‌تی مەلاکان دوورتر و نامومکین تر نییە. ئەو پرسیارەى کە بە هەمان شێوە لە بارەى خودى ڕژێمى ئیسلامیشەوە دێتەگۆڕ، ئەوەیە کە تا چ ڕادەیەک ڕژێمێکى سیاسی ئاوا دەتوانێت سەرخانێکى دووبارە بەرهەمهاتووی کۆمەڵگا و هەلومەرج و بنەمایەکى پایەداری هەڵچوون و داچوونە سیاسییەکانى وڵات بێت. ڕژێمى ئیسلامى لە فرسەتێکدا بەپێى هەلومەرجێکى سیاسیی دیاریکراو و لە وەڵام بە کۆمەڵە زەروورەتێکى مێژوویی دیاریکراو پەیدا بووە. بەڵام هەرگیز، تەنانەت دواى نزیک بە دەیە و نیوێک هێشتا نەبۆتە بنەمایەکى سیاسیی مه‌قبووڵ و ئاسایی سەرمایەدارى لە ئێراندا. کۆماری ئیسلامى بۆ درێژەدان بە هەر ڕۆژێکى ژیانى پێویستە سەرلەنوێ خوێن بڕێژێ، سەرکوت بکات و بەرنامە داڕێژێ. پەرلەمان و ده‌ستوورى لیبراڵییانەش لەوانەیە لە سایەى هەلومەرجێکى مێژوویی دیکەدا وەک ڕووداوێک و وەک ڕێکەوتێکى سیاسی لە ئێران خۆى نیشان بدات. لەوانەیە زەخت و زۆرى نەوەیەکى دیاریکراو لە پەرلەمانتاریستەکان، بێ ئاڵتێرناتیڤی ئۆپۆزیسیۆنەکان و ده‌خاڵه‌تی سەربازیى لایەنگرە جیهانییەکانى دەسەڵاتدارانى ئەو کاتە و دەیان فاکتەرى پێشبینی نەکراوى دیکە تەنانەت ڕێگە خۆش کەن کە ئەم پەرلەمان و پێودانگە لیبراڵییانه‌ چەند ڕۆژێکش بمێننەوە. بەڵام ڕاستییەک کە لەم نێوەدا نابێت لەبیر بکرێت ئەوەیە، ئەم ڕژێمە پەرلەمانییە ڕیشەی لە ئابووریى سیاسی کۆمەڵگە و بە دیاریکراوى لە شێوازى دەرکەوتنى سیاسیی بۆرژوازى ئێران و جۆرى ڕووبەڕووبوونەوەى سیاسیی چینى دەسەڵاتدار لەبەرامبەر کرێکاردا بەوه‌ پایەدار نییە که‌ جارێکى دیکه‌ لێیەوە سەر دەرناهێنێتەوە و دروست نابێتەوە. ئەم پەرلەمانەش پێویستە لە لایەن کۆمەڵە کەسێکەوە بە زەبروزەنگ و بە پێچەوانەى مەیلى بەشى سەرەکیى چینى بۆرژواوە، کە لە مەیدانى ئابووریدا چالاکە لەسەر پێ ڕاگیرێت، ئەگینا باڵى چەپ، یان ڕاست شتێکى دیکە دەخەنە جێگاى.

بەڵام گیروگرفتێکی تر هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هەر خودى دروستبوونى نیزامێکى پەرلەمانى و لیبراڵى، تەنانەت ئەگەر وەک یەک ڕێکەوتى مێژووییش بێت، هەر چۆنێک بێت پێویستى بە هەبوونى پارتگه‌لی لیبراڵى و نه‌ریتى خەباتى لیبراڵى هەیە، کە ئەمەش لە کۆمەڵگاى ئێراندا نییە. نیزامى لیبراڵى هەر چۆنێک بێت، پێویستى بە چەند کەسێکى لیبراڵ هەیە! کەسانێک کە ئەمڕۆ بە هەڵە لە ئۆپۆزیسیۆندا بە لیبراڵ ناو دەبرێن، لە ڕاستیدا بریتین لە کەسانێکى کۆماریخواز و ناسیۆنالیست کە تەنها مێزه‌ریان لەسەر نییە (تەنانەت مەرج نییە عه‌لمانی و غەیرە دینیش بن)، کە تا ئەمڕۆ بچووکترین پابەندبوونى خۆیان بە پێودانگ و بنەماکانى لیبراڵیزمەوە، جا ئەم لیبراڵیزمە هەر چى نرخێکى هەبێت نیشان نەداوە. ئەمانە کاتێک باس لە پەرلەمان و پلۆرالیزم دەکەن، مەبەستیان لە شتێکى وەک کۆریاى باشوور، یان تورکیایە. بەم پێیە پوختەى قسەکانى من لە وەڵامى ئەم پرسیارەدا ئەوەیە کە دیموکراتى و سیسته‌مى پەرلەمانى لیبراڵ، نە لەگەڵ پێویستییە ئابوورییەکانى سەرمایە و بۆرژوازیى ئێراندا دێتەوە و نە هەرگیز بە شێوەیەکى جیددى لە لایەن بەشێکى ئەم چینەوە داوا دەکرێت. هەموو ئەمانە ئەوە دەگەیەنن کە ئه‌گه‌ری دروستبوونى کەمە و ئه‌گه‌ری مانەوەشى وەکوو واقیعەتێکى ڕاوەستاو و دووبارە بەرهەمهاتوو لە ژیانى سیاسیی کۆمەڵگادا سفرە.

ئینته‌رناسیۆناڵ: بەدرێژایی ئەم باسە ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراتیتان لە لایەک بە بەراورد لەگەل ئازادیدا بە تێڕوانینى سۆسیالیستییانە و لە لایەکى تریشەوە لە پەیوەند بە ڕاستییە عەمەلییەکانى ڕژێم و کۆمەڵگە دیموکراتییەکان دایە بەر ڕەخنە و خستتانە لاوە. لە پەیوەند بە ئێرانەوە ئەگەرى هاتنەسەرکارى ڕژێمێکى دیموکراتیتان کەمێک هەڵسەنگاند. بە گوێرەى ئەم قسانە، ئایا بەڕاى ئێوە قۆناغێک لە نێوان ئیستیبدادى بێپەردەى بۆرژوازى و ئازادیی سۆسیالیستى لە ئێراندا ته‌سه‌ور ناکرێت؟ ئایا خودى بەدیهاتنى مافە فەردى و مەدەنییەکان دەبێتە یەکێک لە ئەرکەکانى شۆڕشى کرێکارى؟ ئایا بەدیهاتنى ئەم مافانە خۆى پێشمەرجێکى سەرکەوتنى شۆڕشى کرێکارى نییە؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: لە وەڵامى بەشى یەکەمى پرسیارەکەتدا دەڵێم، کە قۆناغى لەو جۆرە نەک هەر قابیلى ته‌سه‌وره‌، به‌ڵکوو لە ڕەوتى مێژووى دیاریکراوى ئێراندا چەندین جار ڕوویان داوە و ڕووش دەدەن. مەسەلەکە ئەوە نییە کە ئایا ڕه‌تکردنەوەى ئیستیبدادى بێ پەردەى بۆرژوازى لە وڵاتێکى وەک ئێراندا شتێکى عەمەلییە یان نا، به‌ڵکوو ئەوەیە کە تا چ ڕادەیەک بار و دۆخێکى ئاوا دەتوانێت فۆرمێکى حوکوومه‌تیی ئۆرگانیک و پایەدارى سەرمایەدارى و دەسەڵاتى بۆرژوازى لە وڵاتدا بێت. سەبارەت بەم مەسەلەیە لە ماوەى ١٤-١٥ ساڵى پێشوودا زۆرمان نووسیوە. جیاوازى هەیە لە نێوان ئازادییەکى سیاسیی دوولایەنە و سەپێنراو کە بەرهەمى هاوسەنگیى هێز و قوناغێکى مێژوویی دیاریکراوە و بۆ ماوەیەکى دیاریکراو لە وڵاتێکدا بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەو سەرخانە سیاسییە بۆرژوا-دیموکراتیکەى کە لەگەڵ کارکردى ئاسایی سەرمایەداریى ئێراندا هاویەک و گونجاو بێت. یەکەمیان واقیعییە هەر ڕوو دەدات و دووەمیشیان خۆشخەیاڵى و فریودانى ئەنقەستانەیە. ئەمە مەسەلەیەکى ئەکادیمییانە نییە و ڕاستەوخۆ پەیوەندى بە ژیان و گیانى ژمارەیەکى زۆر لە مرۆڤەکانەوە هەیە. بێگومان لەم قۆناغە "دیموکراتى"یانە لە ژیانى هەر ئەم نەوەیەى چینى کرێکارى ئێران دێتە پێشەوە. لە قۆناغێکى ئاوادا دیاریکردنى ئەم ڕاستییە بۆ چینى کرێکار مەسەلەیەکى چارەنووسسازە. ئەو چینى کرێکارەى کە ئاوەڵایییەکان و مافە بەدەستهاتووەکان بە بەرهەمى ململانێ و هاوسەنگیی هێزى سیاسیی کاتى نێو کۆمەڵگا سەیر بکات و سیفەتى کاتیبوون و بەردەوامنەبوونى بار و دۆخەکە بناسێت، لە میکانیزمى پاڕاستنى ئەوەى کە بەدەست هاتووە و هەروەها پەرەپێدان و واوەتر ڕۆیشتن لێى و دینامیزمى وەرچەرخانى شۆڕشگێرانە و کۆنەپەرستانەى ئەم بار و دۆخەش تێ دەگات، لەو هەڵسوکەوتە سیاسیی بۆرژوایییانە و ئەو کودەتا و پیلانگێڕى و شەڕە ناوخۆیییانەى کە بۆرژوازى لەم بار و دۆخەدا خۆى بۆ ئامادە دەکات تێ دەگات، نرخى هەر ساتێک لە بەردەوامیی هەلومەرجى ئازادیی ڕێژه‌یی بۆ بەدەستهێنانى ئامادەیی پێویست بۆ شەڕە سیاسییە جیددیترەکان لە داهاتوودا دەزانێت و لە مەیدانى خەباتى سیاسیدا دەمێنێتەوە. لەبەرامبەردا چینى کرێکار لەو ڕۆژەوە کە پێى وابێت بەڵێ دیموکراسى هاتۆتە دى و ئێران چۆتە ڕیزى وڵاتە "شارستانى"یە سەرمایەدارییەکانەوە، پێویستە خۆى بۆ یەک دوو ساڵ زێدەکارى و سکهەڵگوشین لە پێناوى شانازى بە دیموکراتییەوە و هەر لە ساڵى سێیەمیشەوە خۆى بۆ ژمارەیەکى زۆر زیندانى و ئیعدام ئامادە بکات.

بەڵام سەبارەت بە بەشى دووەم و سێیەمى پرسیارەکەت، بەدیهاتنى مافە کۆمەڵایەتى و فەردییەکانى مرۆڤ و بە ماناى ڕاستەقینە و قووڵى وشه‌کە و پاڕاستنیان، بێگومان تەنها بە شۆڕشێکى کۆمۆنیستیى کرێکارى دەکرێت. مرۆڤى سەدەى بیستەم ئەوپەڕى سنوورى پەرەسەندنى ئازادى لە سایەى نیزامى سەرمایەداریدا تاقى کردۆتەوە. هەرچى هەیە هەر ئەمەیە کە دەیبینین. بڕیار نییە موعجیزەیەکى تازە ڕوو بدات. ئەگەر لەم بارەیەوە قسەیەک هەبێت کە شایانى وتن بێت ئەوەیە، کە بە ڕاستى ماوەیەکە ڕەوتى گەڕانەدواوەى تێڕوانینى گشتیى خەڵک لە ئازادى و پێودانگە حوقووقییه‌کانى کۆمەڵگاى بۆرژوایی دەستی پێ کردووە. بەڵام هەر وەک وتم، نەفى ئیستیبدادى بۆرژوایی لەڕووى عەمەلییەوە، گۆجکردنى تواناى سەرکوتگەرانەى دەوڵەتەکان و حیزبە بۆرژوایییەکان بۆ ماوەیەکى دیاریکراو و سەپاندنى هەلومەرجێک کە تیایدا زەوتکردنى ئازادیى دوولایەنەى خەڵک بە نیسبەت چینى دەسەڵاتدارەوە بۆ ماوەیەک یەکجار قورس بێت، نەک هەر شتێکى عەمەلییە به‌ڵکوو ته‌وه‌رێکى تاکتیکەکانیشمانە. ڕووخاندنى کۆماری ئیسلامى، چەکدارکردنى جەماوەرى کرێکاران و زەحمەتێکش و پاڕاستنى مافە سیاسی و مەدەنییەکانى خەڵک نەک هەر لە توانادایە، به‌ڵکوو چارەنووسسازیشە. بەڵام هێنانەسەرکارى نیزامێکى پەرلەمانى لە تاراندا، کە لەوە بەدواوە هەموو بۆرژواکان بەپێى بڕیارنامه‌کانی یارى بکەن و قسەى خۆیانى تێدا بکەن و بیرى بەدەستەوەگرتنى ملهوڕانەى دەسەڵات و قەدەغەکردنى حیزب و دامەزراوە کرێکارییەکان و سەربڕینى ئازادییە بەدەستهاتووەکانى خەڵک لە مێشکیاندا دەربکەن، تەنها خۆشخەیاڵییه‌. هەڵپێچانى ئیستیبداد و بەرقەرارکردنى ئازادییە مەدەنییەکان پێشمەرجێکى سیاسییە بۆ کۆکردنەوەى هێز و توانایییه‌کى ئەوتۆ کە لێدانی دوایین گورزى چینى کرێکار لە نیزامى سەرمایەدارى ئاسان بکات. بەڵام گشت باسەکەى ئێمە لەم ساڵانەدا ئەوە بوو کە پێویستە چینى کرێکار بەهێزى خۆى و لە ڕووبەڕووبوونەوەدا و لەگەڵ بەرهەڵستیى توندى بۆرژواییدا ئەم پێشمەرجە دابین بکات.

ئینته‌رناسیۆناڵ: ئایا کۆمەڵە ڕەخنەیەک کە بەدرێژایی ئەم باسە لە پەرلەمان و پەرلەمانتاریزم گیرا، لەڕووى مەبدەئییەوە ئێوە دەگەیەنێتە هەڵوێستى بایکۆتی یەکجاریی پەرلەمان و خەباتى پەرلەمانی؟ ئایا بەڕاى ئێوە حیزبى کۆمۆنیستى کرێکارى دەبێت هەر لەپێشەوە مەسەلەى بەشدارى لە هەر جۆرە پەرلەمان و هەڵبژاردنێکى پەرلەمانى لە ئێراندا بە تەواوەتى ڕەت بکاتەوە؟ ئایا دەکرێت هەلومەرجێک بهێنرێتە بەرچاو، حیزب لە هەڵبژاردن و تەنانەت لە دەوڵەتێکى پەرلەمانیشدا بەشدارى بکات؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: مەسەلەى مەبدەئى لە زەمینەی هەڵوێستى حیزبى کرێکارى لەبەرامبەر پەرلەمان و ڕژێمى پەرلەمانیدا لاى من ئەوەیە، کە ئەم دامەزراو و ئەم ڕژێمە سیاسییە ناتوانێت ئامراز و هۆکارێک بێت بۆ سەرکەوتنى سۆسیالیزم. سۆسیالیزم لە ڕێگاى پەرلەمانەوە بە سەرکەوتن ناگات، به‌ڵکوو بە پێچەوانەوە پەرلەمان بە هەر ڕادەیەک دیموکراسى بێت و ڕواڵه‌تیش نەبێت، وەک سەنگەرێکى بەرهەڵستیی بۆرژوازى لە بەرامبەریدا دەوەستێتەوە. من لەڕووى مەبدەئییەوە بایکۆتکردنی پەرلەمان تەرح ناکەم، به‌ڵکوو باس لە لاوەکیبوونى لە تاکتیکى بەدەستهێنانى دەسەڵاتى سیاسیی چینى کرێکارى سۆسیالیستدا دەکەم. ئەبێت ئەوەش بڵێم، کە هەڵوێستى من بەرامبەر پەرلەمان، تەنانەت لە وڵاتانى چەشنى به‌ریتانیا و فەرەنسادا لەچاو تێگەیشتنى گشتیى چەپى شۆڕشگێڕ، یان حیزبە ڕادیکاڵە کرێکارییەکان لەم وڵاتەدا، زیاتر لە بایکۆته‌وه‌ نزیکە. بە بۆچوونى من بەنیسبەت کرێکارەوە، پەرلەمان مەیدانێکى ململانێ و به‌ره‌یه‌کی خەباتە، نەک دەروازەیەک بۆ دەسەڵات گرتنەدەست.

لەڕووى عەمەلییەوە مەسەلەى بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانی و ئەم جۆرە شتانەدا، بە تەواوى پەیوەندە بە کات و شوێنەوە. من خۆم ڕام وایە، کە کۆمۆنیزم لە ئه‌ورووپا لە ڕادەبەدەر سەرقاڵى پەرلەمان و خەباتى پەرلەمانییە. لە ئه‌مه‌ریکای ئەمڕۆدا، بە ڕاى من، بایکۆتکردنی ئەنجوومەنەکانى یاسادانان و هەڵبژاردنەکانى سەرەککۆمار وەک پرانسیپێک، کە تەنها بۆ هەندێ هەلومەرجى تایبەتى دروست نییە، تاکتیکێکى مەبدەئیترە بۆ کۆمۆنیزمى کرێکارى. لەبەشى زۆربەى وڵاتانى دواکەوتوودا و بەتایبەتى لە ئێران و وڵاتانى دیکەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا کە تیایدا پەرلەمان یان دیکۆرێکە وەیان بەفه‌رمى و بەکردەوە چوونەناوەوەى نوێنەرانى هەڵبژێردراوى خەڵک بۆ ناویان مومکین نییە، بەڕاى من لەڕووى مەبدەئییەوە دەبێ بایکۆت بکرێت.

بە ڕاى من، حیزبى کۆمۆنیستى کرێکارى پێویستە هەمیشە و لەدرێژەى هەمان ئەو مەسەلانەدا کە لەم باسانەدا هاتنەگۆڕ، پەردە لەڕووى پەرلەمان و پەرلەمانتاریزم هەڵماڵێت. بەڵام لەڕووى تاکتیکییەوە هه‌ڵسووڕانى ئینتیخاباتى و پەرلەمانیی حیزب هەرگیز ڕەت ناکەمەوە. سەرەنجام بە ڕاى من، ئەوە بە تەواوى لەسەر خودى حیزب ڕادەوەستێ، کە لە هەر بارێکدا زه‌رووره‌تى بەشدارى لە پەرلەماندا، لەسەر بنەماى لێکدانەوەی جێگاوڕێگاى سیاسی و بەرژەوەندیی بزووتنەوەى سۆسیالیستیی چینى کرێکار بخاتە ڕوو. بێگومان دەکرێت هەر لەپێشەوە کۆمەڵە پایە و پرانسیپێک وەک پێشمەرجەکانى ئوسووڵیبوونى بەشدارى حیزب لە پرۆسەى پەرلەمانیدا دیارى بکرێت. بەڵام لە دواشیکردنەوەدا، ئەوەى کە وەڵامى ئەم مەسەلەیە دەداتەوە، لێکدانەوەى تایبەتیی حیزبە سەبارەت بە جێگاوڕێگاى مێژوویی-دیاریکراوى هەر قۆناغێک.

ئینته‌رناسیۆناڵ: پرسیارێک کە ئه‌مڕۆ لەگەڵ نەمانى نیزامى دووجه‌مسه‌ریی دەسەڵات لەسەر ئاستى دنیادا زۆر دێتە پێش و بە تایبەتى بەهۆى جەنگى ئه‌مه‌ریکاوە لە کەنداو و کارکرد و تەبلیغاتى ده‌خاڵه‌تگه‌رانه‌‌ی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانى ڕۆژئاواوە بەرجەستە بۆتەوە ئەوەیە، کە ئایا دامەزراندنى ڕژێمێکى سۆسیالیستى لە وڵاتێکى وەک ئێراندا بەرەوڕووى لەشکرکێشى دەستبەجێى هێزە سەرمایەدارییەکان نابێتەوە؟ ئایا بەم پێیە شۆڕشى کرێکارى لە وڵاتێکى ئاوادا، هیچ دەرفەت و شانسێکى هەیە؟ وە ئایا هەر ئەم فاکتۆرە و ئەو تێبینییە محافه‌زەکارانەیەى لێیەوە هەڵدەقوڵێت، دەستى تەبلیغاتى لایەنگرانى نیزامى پەرلەمانى، هەر چەندەش بەڵێنە ئازادیخوازانەکانیان بێ ناوەڕۆک بێت، زاڵتر ناکات؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: بە ڕاى من، ئەم تێبینییانە زۆر گرنگن و لە وەڵامیاندا چەند خاڵێک دەخەمە ڕوو. گومان لەوەدا نییە کە ئه‌مڕۆ دامەزراندنى هەر نیزامێکى سۆسیالیستیی کرێکارى لە هەر گۆشەیەکى دنیادا یەکسەر بۆرژوازیى جیهانى و لەسەروویانەوە ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانی سیاسی-سەربازى ناسراو بە ڕۆژئاوا دەخاتە سەر ڕێچکەى ده‌خاڵه‌ت و گێڕانەوەى دەسەڵاتى بۆرژوازى. ئەوەى کە ئایا ده‌خاڵه‌تێکی لەم چەشنە یەکەم، لەڕووى عەمەلییەوە دەتوانرێ ئەنجام بدرێ، وە دووەم، ئایا تواناى تێکشکانى ئەو حوکوومەتە سۆسیالیستییەى که‌ باسمان کرد، هەیە یان نا، مەسەلەیەکى ترە. ئه‌زموونی ده‌خاڵه‌ته‌ سەربازییەکانى ئەم چەند ساڵەى دوایی هەر لە جەنگى کەنداوەوە تا سۆماڵ و بۆسنە، کە یان بە ناوى ڕۆژئاوا و ئه‌مه‌ریکاوە، وە یان ڕۆژانە بە ناوى (UN)ەوە ئەنجام دەدرێن، ئەو ڕاستییەى نیشاندا، کە تواناى عەمەلییان لە لەشکرکێشى و سەرکوتکردندا سنوورێکى هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا کە لەڕووى تەکنەلۆژییەوە تواناى وێرانکردنیان یەکجار زۆرە، بەڵام لەڕووى ئابوورى و لەڕووى پشتى به‌ره‌ی کۆمەڵایەتییانەوە، دەستەویەخەبوونیان بە شەڕێکى هەمەلایەنەوە لەگەڵ شۆڕش و بزووتنەوە جەماوەرییەکاندا کارێکى ئاسان نابێت. بە ڕاى من، هیچ دوور نییە کە نەتوانن تەنانەت لە حاڵەتى ده‌خاڵه‌تی سەربازیى ڕاستەوخۆدا، سەرەنجام حوکوومەتێکى سۆسیالیستیی کرێکارى لە وڵاتێکى خاوەن ئابوورى و جوگرافیا و دانیشتوانێکى مامناوەندیشدا بڕۆخێنن. بە ڕاى من ئەمە شتێکى واقیعییە. بەڵام لە خودى خۆیدا بە هیچ جۆرێک نە دەتوانێت وەڵامێکى تەواو بێت بە پرسیارەکەتان و نەدەتوانێت دڵخۆشکەر بێت بۆ ئەو نەوەیەى کە بڕیاره‌ لە کۆمەڵگایەکى شۆڕش کردوودا و لە ڕەوتى پووچەڵکردنەوەى هێرشى سەربازیی بۆرژوازیى جیهانی بۆسەر شۆڕشە سۆسیالیستییەکەیان گیانیان فیدا کەن، یان ژیانیان لێ ببێتە دۆزەخ. لە سووچى لاپەڕەکانى بڵاوکراوەى یەکێک لە لایەنە فیدایییەکاندا (مەبەست لە ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانى ئێرانە-و.) دروشمێک دەنووسرێ ،کە ناوەڕۆکەکەى بریتییە لە "جەماوەرى چەکدارى یەکگرتوو لە شووراکاندا هەرگیز تێک ناشکێن". با وا دابنێن وایە و ئەم شتە میتافیزیک و خەیاڵییە لە جیهاندا، قانوونێکى ماددى بێت. بەڵام پرۆسەى سەلماندنى ئەم نەبەزى و تێکنەشکاوییە ڕەوەندێکى پڕ چەرمەسەرییە، کە تیایدا مرۆڤەکان و ژیان و بوونیان و هەروەها سۆز و عاتیفەشیان لە خوێندا نوقم دەبێت. لایەنى مرۆیى تەنها ڕوویه‌کی مەسەلەکەیە. لایەنى درێژماوەتر و سیاسی-مێژووییترى مەسەلەکە و ئاکامەکانى ئەم پرۆسەیە بەنسبەت ئەو شۆڕشە سۆسیالیستییەوە لە ڕووە مرۆیییەکەى کەمترسناکتر نییە. خودى ئەم هێرشە مانای ماددیى شۆڕشى سۆسیالیستى لاى ئەو جەماوەرى خەڵکەى کە بڕیارە لەم ڕێگەیەوە ڕزگاریی بەدەست بێنێت، ئاوەژوو دەکاتەوە. سۆسیالیزم شۆڕشێکە لە پێناو خۆشگوزەرانى و کۆتاییهێنان بە بێمافییه‌کانی مرۆڤه‌. شۆڕشێکه‌ دژى ئازار و توندوتیژییەک کە ناوەڕۆکى ئەسڵى کۆمەڵگاى تا ئێستاى پێک هێناوە. شۆڕشێکە لە پێناو ئازادى، خۆشى و شادى و تواناى داهێنەرانەى مرۆڤەکاندا. بەڵام هێرشى سەربازیى بۆرژوازیی جیهانى، ئەم ڕووداوە لەخوێن هەڵدەکێشێ و له‌گه‌ڵ بێبەشی، هەژارى، تەریککەوتنەوە، فیداکارى، تەحەمولى نەخۆشى و دەرد و خەم و بێبەشى زیاتر هاوتای ده‌کاته‌وه‌. تەنانەت سەرکەوتنى یەکجاریی شۆڕش تا چەندین ساڵ، ناتوانێت ئەم دێوەزمەیە لە قۆناغى دروستبوونى کۆمەڵگاى نوێ دوور بخاتەوە. ئەم گوشار و بێبەشییانە ئاکامى ماددییان بۆ شۆڕش و ڕەوتى بەرەوپێشچوونى هەیە. دەبێتە هۆى پەرەپێدانى مەیلە دواکەوتووەکان کە ناسیۆنالیزم و قەومپەرستى و دین و پیاوسالارى، تەنها نموونە دیار و بەرجەستەکانییەتى. ڕێز و به‌های گیان و ئاساییشى مرۆڤ لاى خودى مرۆڤەکان دێنێتە خواره‌وه‌. سۆسیالیزم تا ئاستى دابەشکردنى هەژارى دێنێتە خوارەوە و چەندین شتى لەم بابەتە. کەوایە پرسیار لەسەر نەبەزى و لەشکاننەهاتوویی ئێمە نییە. ئەگەر جەنگێکى ئاوهامان بەسەردا بسەپێنن، ئەوسا ئەرکی سه‌رشانمانه‌ که‌ سەرکەوتن بەدەست بێنین. بەڵام ڕێگاچارەى واقیعی بە ڕاى من، لە نەفیکردنەوەى ئەم مەترسییەدایە. وە ئەمەش دەمانگەیەنێتە کۆڵەکه‌یەکى بنەڕەتیی شۆڕشى کرێکارى، یانى خەسڵەتى نێونەتەوەییبوونى چینى کرێکار و سۆسیالیزمى کرێکارى. بە تێڕوانینى من، خەسڵەتى نێونەتەوەیی چینى کرێکار و جەوهەرى ئینتەرناسیۆنالیستیى کۆمۆنیزمى کرێکارى ئەو فاکتەرەیە کە سۆسیالیزم لە دنیای ئەمڕۆدا دەکاتە ئەڵتێرناتیڤێکى ماددى و واقیعى. شۆڕشى کرێکارى لە وڵاتێکى وەک ئێراندا پێویستە بە یارمەتى هێزى چینى کرێکارى جیهانى و بە تایبەتى چینى کرێکارى ئەو وڵاتانەى کە ڕابه‌رایه‌تی میلیتاریزم و عەسکەرتارییەتى بۆرژوایی لە ئاستى جیهانیدا دەکەن، لە هێرش و گوشارى سەربازى و ئابووریى جیهانى بپارێزرێت. ئەمە شتێکى واقیعییە. بە تێڕوانینى من، کرێکار لە ئێران پێویستە بیر له‌وه‌ بکاتەوە کە کام یەک لەمانە واقیعی و کامیان خەیاڵییە: ئەوەى کە پەرلەمان لە ئێران بێتە سەرکار و ئازادیى مانگرتن و ڕێکخراوبوون و هەڵسووڕانى کرێکارى و کۆمۆنیستى ببنە شتێکى قانوونى و سەرمایەدارانى ناوەوە و دەرەوە و سوپاى بۆرژوایی و کانگستەرە (چەتە) سیاسییە چەکدارەکان، هەر لە ڕەوتی پانئیسلامیی حیزبوڵڵاوه‌ بگرە، تا ناسیۆناڵ-ئیسلامییەکان، پاشاییخوازان، فاشیستەکان و عەزەمەتخوازان، ئەم هەلومەرجە نوێیه‌ قه‌بووڵ بکەن و چەکەکانیان دانێن و بۆن لە خۆیان بدەن و بێنە نێو پەرلەمانەوە، یان ئەوەى کە کرێکار دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت و بە یارمەتى کرێکارانى ئەڵمانى، فەرەنسى و ئەمه‌ریکى خۆى لە دەستەویەخەبوون لە هەڵوێستى لاوازەوە لەگەڵ شەڕێکى نەویستراودا بپارێزێت؟ بە تێڕوانینى من بار و دۆخى ئه‌مڕۆ ئەوە دەسەلمێنێت، کە ئینته‌رناسیۆنالیزمى کرێکارى تەنها پرانسیپێک و باوەڕێک، وە یان بڕواهێنان و هەستکردنێکى تاقانەى چینایەتى نییە، به‌ڵکوو چەکێکى کارا و واقیعییە لە جەنگى چینایەتیدا. پێویستە ئەم چەکە بێنینە مەیدان و بیخەینە کار. ستراتیژى ئێمە بۆ دوورکەوتنەوە لەو تراژیدیایەى کە بۆرژوازیى جیهانى دەیەوێت لە وڵاتێکى وەک ئێراندا بەسەر شۆڕشى کرێکاریدا بیسەپێنێت، هەوڵ و تێکۆشانە بۆ پێکهێنانى ڕیزێکى جیهانیى کرێکارى، کە پارێزگارى لەم جۆرە شۆڕشانە بکات. لەوانەیە ئەو ترسەى کە ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژئاوا دەیانەوێت لە دڵى جەماوەرى زەحمەتکێشى جیهاندا بیچێنن، وایان لێ بکات زیاتر بەلاى بەڵێنە نیوەدیموکراتیکەکانى ئۆپۆزیسیۆنى بۆرژوایی ئەم وڵاتانەدا بچن. "ئێمە تێک ناشکێین" هەر چەندە باوەڕێکى شۆڕشگێڕانە و شێلگیرانە بێت، ناتوانێت وەڵامى ئەم مەسەلەیە بداتەوە. وەڵامى واقیعیی، ڕێکخستنى ماددییانەى ئینته‌رناسیۆنالیزمى کرێکارى لە ئاستە جیاوازەکاندایه‌.

مەبەستى من لەم پێداگرتنە لەسەر ئینته‌رناسیۆنالیزم هەرگیز ئەوە نییە کە شۆڕشى کرێکارى لەسەر ئاستى جیهانى نەبێ لەنێو دەچێت. من تێۆرى دروستبوونى سۆسیالیزم لە ڕێگەی تەقینەوەیەکى گەورە و هاوکاتى جیهانییەوە بەڕاست نازانم. لە ڕێڕەوى واقیعى مێژوودا، ئه‌گه‌ری ئەوە زۆر زیاتره‌ کە کرێکاران لە گۆشەیەکى دنیادا دەسەڵات بەدەست بێنن، بێ ئەوەى کە لە بەشەکانى ترى جیهاندا ئەم توانایییە هەبێت. هەر بۆیە سۆسیالیزمى کرێکارى ناچار دەبێت، لەم یان لەو وڵات و فڵانە کۆمەڵە وڵاتەدا، تەواوى بەرنامەکەى خۆى، چ سیاسی و چ ئابوورى پیادە بکات. بە ڕاى من، ئەوەى کە چارەنووسسازە ئەوەیە، کە چینى کرێکار له‌ وڵاتەکانى تر و بە تایبەتى لەو وڵاتانەدا کە پێشەواى میلیتاریزمى بۆرژوایین لە ئاستى جیهانیدا، ئەم هۆشیارى و ڕێکخستنه‌ ئینته‌رناسیۆنالیستییەى هەبێت، کە دەستى بۆرژوازیى وڵاتەکەى خۆى لە پیادەکردنى هەر سیاسەتێکى هێرشکه‌رانه‌ و دەستدرێژکەرانەى سەربازى ببەستێت. ئەمە عەمەلى و قابیلى بەدیهاتنە.

* * *

سه‌رچاوه‌: دمکراسى: تعابير و واقعيات - "انترناسيونال"، شماره‌هاى ٤ تا ٧ - اسفند ١٣٧١ تا مرداد ١٣٧٢، فوريه تا ژوئيه ١٩٩٣
وه‌رگێڕانی: ئاوات سه‌عید
تایپکردنه‌وه‌ی: نه‌سره‌وت عوسمان


Kurdish translation: Avat Saeed & Saeed Ahmad
hekmat.public-archive.net #0880ku.html